زووم…
ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان سێ حاڵەتی خنکان و لە کەرکوکیش حاڵەتێک روویان داوە، بەوەش ژمارەی حاڵەتەکانی خنکان لەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان بۆ 53 کەس بەرزبووەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زوومی هەولێر، ئەمڕۆ گەنجێکی تەمەن 30 ساڵ لە کاتی مەلەکردن لە زێی گەورە خنکاوە. گەنجەکە دانیشتووی گەڕەکی حەی شورتەی هەولێر بووە.
هەروەها زوومی کۆیە گواستییەوە، ئەمڕۆ ژنێکی تەمەن 25 ساڵ کە دانیشتووی ناحیەی تەکیەى سەر بە قەزای چەمچەماڵە، لەگەڵ خێزانەکەیدا بە مەبەستی گەشت و سەیران چووبوونە زێی بچووک، ژنەکە کەوتووەتە نێو ئاوەکەوە و خنکاوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەرگریی شارستانیی زاخۆ، کاتژمێر 4ـی ئێوارەی ئەمڕۆ پیاوێکی تەمەن 55 ساڵ لە رووباری خابیر خنکاوە، لە دوای نیو کاتژمێر تەرمەکەیان لە رووبارەکە دەرهێناوە. هاوکات، هەر ئەمڕۆ سێ کەسی دیکە لە خنکان رزگار کراون.
زوومى کەرکوکیش رایگەیاند، کاتژمێر پێنجی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، گەنجێکی تەمەن 23 ساڵی دانیشتووی گەڕەکی دەروازەی شاری کەرکوک، لە کاتی راوەماسیدا لە بەنداوی خاسەى سنوورى کەرکوک خنکاوە.