زووم..
هاووڵاتییەک لە سلێمانى کوژرا، پۆلیسى سلێمانیش لە بارەى کوشتنى ئەو هاووڵاتییەوە دەڵێت: مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، کە دایک و کچێکن.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ هەینى (26-7-2024) بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو کەسێک بەسەردان دەچێتە ماڵێک لە گەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی، دواتر لەماڵەکەدا لەگەڵ دوو کەسی تردا دەبێتە شەڕ و دەمەقاڵێ، لەئەنجامدا کەسەکە بەچەقۆ بەسەختی بریندار دەکرێت و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانلەدەستدەدات”.
هەروەها رایگەیاندووە، دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەکە و ئەنجامدانی هێڵکاریی بۆ شوێنی رووداوەکە، لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەستیانپێکرد، ئەنجام و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لە ماوەیەکی کەمدا دوو تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە بدۆزرێنەوەو دەستگیربکرێن.”
پۆلیسى سلێمانى ئەوەشى راگەیاندووە، ئێستا هەردوو تۆمەتبار (ن. ع. م. – ئـ. ج. م.)، کە دایک و کچن، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 405 لە یاسای سزادان راگیراون و لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە بەردەوامە.