زووم..
زیاتر لە حەوت مانگە پەرلەمانی عێراق بێ سەرۆکە، پۆستەکە بەگوێرەی عورفی سیاسیی عێراق پشکی سونەیە، لایەنە سونییەکانیش هەر یەکەیان لە ئاوازێک دەخوێنن و لەسەر دیاریکردنی کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە رێناکەون.
رۆژنامەی شەرقلئەوسەت لەوبارەیەوە نووسیویەتی، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان سێ مەرج و پیشنیازی بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان داناوە.
محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان سێ مەرج و پیشنیازی بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان داناوە
شەرقلئەوسەت لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە مەرجەکانی حەلبوسی خستووەتەڕوو، بەگوێرەی راپۆرتەکە، مەرجی یەکەمی حەلبوسی ئەوەیە، لایەنە سونەکانی رکابەری حزبی تەقەدوم، سێ کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دیاریبکەن و حەلبوسی کەسێکیان بۆ پۆستەکە دیاریبکات، هەروەها پۆستی وەزیری بازرگانیش بدرێتە حزبی تەقەدوم.
مەرج و پێشنیازی دووەمی حەلبوسی ئەوەیە حزبی تەقەدوم سێ ناو بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پێشنیار بکات و لایەنە سونەکان یەکێک لەو سێ ناوە دیاریبکەن، مەرجی سێیەمیش رێککەوتنی لایەنە سونییەکانە لەسەر هەڵبژاردنی کەسێک لە نێو سێ بەتەمەنترین پەرلەمانتارانی سونە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.
حزبی تەقەدوم سێ ناو بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پێشنیار بکات و لایەنە سونەکان یەکێک لەو سێ ناوە دیاریبکەن
هەر بە گوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکە، لایەنە شیعەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دڵنیاییان داوەتە حەلبوسی و گوتوویانە ئەوان نایانەوێت پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەبەتاڵی بمێنێتەوە، کە ئێستا بەوەکالەت لەلایەن ئەندامێکی ئەوانەوە بەڕێوەدەبرێت.
هەروەها نووسیویەتی، چوارچێوەی هەماهەنگی سێ رۆژی داوەتە لایەنە سونەکان تا لەسەر کاندیدێک رێکبکەون.
ئەوەش لە کاتێکدایە لایەن سونەکانی رکابەری حزبەکەی حەلبوسی نایانەوێت پۆستەکە لای ئەو حزبە هاومەزهەبەیان بمێنێتەوە و دەیانەوێت لە دەرەوەی تەقەدوم کەسێک پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت.