زووم..
دوای دەمپارتی، ئەمجارە پارتی دەسەڵاتداری تورکیا (ئاکپارتى) دەیەوێت کێشە بۆ شارەوانییەکانی گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە دروست بکات.
لە پاش هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣١ی ئازار، رێژەی دەنگەکانی ئاکپارتی پاشەکشەی کرد و جەهەپە لەسەر ئاستی تورکیا بووە پارتی یەکەم.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارى تورکیا یەکەم کاردانەوەی لەپاش شکستییەکەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، قەیومی لە شارەوانیی جۆلەمێرگ دانا، وەک یەکەم هەنگاویش دژ بە دەمپارتی گرتەبەر، لە ئێستاشدا هەوڵەکان بۆ سەر شارەوانییەکانی جەهەپە دەستیپێکردووە.
رۆژنامەی جمهورییەت لە ژمارەى ئەمڕۆ هەینى (26/7/2024 ) بە مانشێتێکى گەورە نووسیویەتى “گەمارۆ دەخرێتە سەر شارەوانییەکانی جەهەپە”.
“گەمارۆ دەخرێتە سەر شارەوانییەکانی جەهەپە”
بەگوێرەی هەواڵی رۆژنامەی جمهورییەت پێشتر ئەو شارەوانییانەی لەدەستی ئاکپارتیدا بوون، قەرزیان لە دەوڵەت وەرگرتووە، لەپاش هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەمساڵ زۆربەی ئەو شارەوانییانە کەوتوونەتە دەست جەهەپە، بە بڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا، حکومەتیش پێدانی قەرزی بە شارەوانییەکان راگرتووە، ئەمەش بەو ئامانجەیە، کە شارەوانییەکانی جەهەپە نەتوانن خزمەتگوزاریی پێشکەش بکەن و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگ بەدەستنەهێننەوە.
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاندووە، ئەردۆغان دەیەوێت بەم بڕیارە “شارەوانییەکانمان کار نەکەن، خزمەتگوزاریی پێشکەش نەکەن”، باسى لە رێگرییەکانیش کردووەو گوتوویەتى: دەسەڵاتی ئاکپارتی “رێگرە لەوەی شارەوانییەکانمان خزمەتگوزاریی پێشکەش نەکەن، دەبێت لەوە دڵنیا بن ئێمە دەسەڵات لە ئێوە وەردەگرین”.
ەردۆغان دەیەوێت بەم بڕیارە “شارەوانییەکانمان کار نەکەن، خزمەتگوزاریی پێشکەش نەکەن”
ئۆزگور ئۆزال دەشڵێت: قەرزی تەواوی شارەوانییەکان لەلای دەزگای ئاسایشی کۆمەڵایەتی گەیشتووەتە ١٤ ملیار و ٦٩٩ لیرە، بەشێکی زۆری ئەو قەرزانەش لەلایەن شارەوانییەکانی ئاکپارتییەوە کراوە لەو پێنج شارەوانییەش، کە ئێمە لەدەستی ئاکپارتی وەرمانگرتووەتەوە برییتن لە بورسە، ئۆردو، بەڵککەسیر، دەنیزلی و سەکاریایە.
هاوکات ڤەدات ئیشکهان وەزیری کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی رایگەیاندووە، لەناو ئەو شارەوانییانەی قەرزیان لە دەزگای ئاسایشی کۆمەڵایەتی کردووە چەند شارەوانییەکی جەهەپەی تێدایە، لەناویشیدا شارەوانیی ئەنقەرەیە، گوتیشی: “بابەتەکە پەیوەندیی بە رکابەری سیاسییەوە نییە”.