رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولئەوسەت
حەلبوسی مەرجى قورس بۆ هاوپەیمانیی باڵادەست دەسەپێنێت
سەرۆکى پارتى تەقەدومی عێراقی، محەمەد حەلبوسی، بەرامبەر چارەسەرکردنى قەیرانى سەرۆکی پەرلەمان مەرجی قورس دەسەپێنێت، کە نزیکەى حەوت مانگى بێ چارەسەر ماوەتەوە.
سەرچاوەیەک بە رۆژنامەى شەرقولئەوسەتى گوتوە، حەلبوسی و سەرکردەکانى سوننە، شەوى چوارشەممە لەگەڵ چوارچێوەى هەماهەنگیدا کۆبوونەتەوە لەسەر پرسی چارەسەرکردنى سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق.
چوارچێوەى هەماهەنگی خۆیان دوورخستووەتەوە لە دەرکردنى راگەیەنراوێک لەسەر کۆبوونەوەکەوەى نێوانیان، بەڵام سەرچاوەکەى شەرقولئەوسەت گوتویەتى حەلبوسی سی مەرجی قورسی بەرامبەر پرسی ئەو چارەسەرکردنە سەپاندووە.
بەگوێرەى سەرچاوەکە، حەلبوسی مەرجی یەکەم ئەوەیە لایەنى ناڕازی سوننە سێ کەس بۆ پۆستەکە دیاریبکەن و حەلبوسی خۆی یەکێکیان وەک کاندید دیاریبکات، هاوکات لەگەڵیدا پۆستى وەزارەتی بازرگانى وەربگرێت.
مەرجی دووەم حەلبوسی خۆی سێ کەس لە پارتەکەى دیاریبکات و لایەنى ناڕازیی سوننەکان خۆیان یەکێکیان وەک کاندید دیاریبکەن و لەگەڵیدا دەستبەرداری پۆستى وەزارەتى بازرگانى ببن.
مەرجی سێیەم بەرێککەوتن سێ لە بەتەمەنترین سوننەکان دیاریبکەن و یەکێکیان بکەنە کاندیدی وەرگرتنى پۆستى سەرۆکایەتى پەرلەمان.
قودسی عەرەبی
روانگەیەکى مافەکان: 10%ـی دانیشتوانى کەرتى غەزە کوژرا و یان ونبوو یاخود بریندارن
نزیکەى 10%ـی دانیشتووانى کەرتى غەزە لەماوەى 293 رۆژی جەنگی غەزەدا کوژراو یاخود بریندار یان بێ سەروشوێنن، ئەوەش بەگوێرەى ئەو خەمڵاندنەى روانگەى ئۆرۆی ناوەندیی بۆ مافەکانى مرۆڤ ئەنجامیداوە.
روانگەکە ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئامارە سەرەتاییەکان خەمڵاندویانە، نزیکەى 50 هەزار فەلەستینى کوژراون، یاخود لەژێر داروپەردووى خانوو و باڵاخانەکاندا بێ سەروشوێنن.
عەرەبی جەدید
لە مەغریب 21 کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستدا
ئەو شەپۆلە گەرمایەى چەند ناوچەیەکى وڵاتى مەغریبی گرتووەتەوە، لەماوەى 24 کاتژمێری رابردوودا بووەتە هۆکاری گیانلەدەستدانى 21 کەس لە وڵاتە، ئەوەش وایکردووە دەسەڵاتدارانى مەغریب، دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ بکاتەوە.
پێشتر وەزارەتى تەندروستی و پارێزپەندیی کۆمەڵایەتى مەغریب داوایان کردبوو رێوشوێنى بەپەلە بگیرێتە بەر لەسەر تێکچوونى تەندروستى هاووڵاتییان بە پاڵنەرى ئەو شەپۆلە گەرمایەى رووی لە وڵاتەکە کردووە.
عەرەب
سەرۆکوەزیرانى عێراق خۆی لە ململانێی نێوان مالکى و عامری لە دیالە دووردەخاتەوە و هەوڵەکانى خۆی بۆ کەرکوک دەخاتە گەڕ
هەردوو پارێزگای کەرکوک و دیالە رووبەڕووی یەک کێشە بوونەتەوە بۆ پێکهێنانى حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکە، هۆکارەکەش ململانێی هێزە باڵادەستەکانە لەسەر وەرگرتنى پۆستی پارێزگارەکان.
دوای تێپەڕبوونى شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان، محەمەد شیاع سودانى دەیەوێت پرسی حکومەتى خۆجێیی کەرکوک چارەسەر بکات، پارێزگای دیالەش بە هەمان دۆخدا تیپەڕبووە و ململانێی خستووەتە نێو سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگیشەوە.
بەتایبەت نوری مالکى و هادى عامری لەسەر پۆستى پارێزگای دیالە کەوتوونەتە ململانێ.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
عەرەب نیوز
ترەمپ بۆ نەتانیاهۆ “هەر ئێستا شەڕی غەزە رابگرە”
رۆژی پێنجشەممە هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە ناو کەرتی غەزەدا بەلای کەمەوە سی کەسی فەلەستینییان کوشتووە. بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە واشنتن چەند دیدارێکی لەگەڵ سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەمریکادا ئەنجامداوە. بڕیارە ئەمڕۆ هەینی لە ویلایەتی فلۆریداش لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا دیدارێکی هەبێت، بەڵام پێش ئەو دیدارە، ترەمپ لە رێگەی تەلەڤزیۆنەوە پەیامێکی بۆ نەتانیاهۆ نارد، داوای لێکرد، هەر ئێستا شەڕ رابگرێت.
واشنتن پۆست
گەشەی باش لە ئابووریدا تۆمارکراوە و بەکاربەرانیش بەردەوامن لە خەرجکردن
رێژەی بووژانەوەی ئابووریی ئەمریکا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، تێکڕای ساڵانەکەی لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا گەیشتوە بە لەسەدا 2.8. تێکڕای وەبەرهێنانی ناوخۆیی لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردوودا دووهێندەی رێژەی لەسەدا1.4 ، ـە تۆمارکراوەکەی پێشوو بووە. بەیانیی رۆژی پێنجشەممە وەزارەتی کاروباری بازرگانی داتاکانی بەراوردکردنی ساڵی بڵاوکردەوە و گوتی گەشەی ئابوورییەکە جێگیرە، بەڵام نە زۆر باشە و نە زۆر خراپیشە.
ئیندیپێندەنت
ئەفسەرێکی پۆلیس لە کارەکەی رادەگیردرێت لەسەر دەستگیرکردنی توندی کەسێک.
سەدان کەسی خۆپیشاندەر لە دەرەوەی بنکەی پۆلیسی رۆچدەیڵ کۆبوونەوە و هاواریان لێدەکردن (شەرم لەخۆتان بکەن). هۆکاری کۆبونەوەی خۆپیشاندەران لە دەوری بنکەی پۆلیسەکە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکە، کە تیایدا پیاوێک دەردەکەوێت لەسەر زەوی راکشێندراوە و بە شەق لەسەری دەدرێت. خێزانی کەسە قوربانییەکە دەڵێن مێشکی زیانی پێگەیشتووە.
ئەو بەرپرسەی کە شەقەکان لە کەسە راکشاوەکە دەدات ئەفسەرێکی پۆلیسە، دەگوترێت لە ناو فڕۆکەخانەی مانچستەردا زۆر بە دڕندانە لێیداوە و بەوهۆیەوە لە کارەکەی راگیردراوە.
فاینەنشیەڵ تایمز
ژیریی دەستکردی ‘ئەوپن ئەی ئای’ ئامرازێکی گەڕانی ناو ئینتەرنێت دەخاتە بەردەست، کە دەگوترێت تەنگ بە باڵادەستییەکەی گوگڵ هەڵدەچنێت.
لە هەنگاوێکدا، کە دەگوترێت رکابەریکردنێکی راستەوخۆی گۆگڵە، ژیریی دەستکردی ‘ئەوپن ئەی ئای’ ئامرازی گەڕان و پشکنینی ناو ئینتەرنێت دەخاتە بەردەست و بەمەش بەرەیەکی نوێ لەناو پێشبڕکێی تەکنەلۆژیای پیشەسازیدا دەڕەخسێت، کە ژیریی دەستکرد تییایدا کارایە. ئەم تاقیکردنەوەیە لە ئێستادا بەشێوەی ئەزموونگەرییە و پێیدەگوترێت سێرچ جی پی تی، لەسەرەتادا بۆ گرەوپێکی بچوکی بەکارهێنەران بەردەستدەبێت. لە ناو کۆمپانیایەکی ناو ویلایەتی سان فرانسیسکۆدا دەخرێتە بەردەست و نزیکەی سەد هەزار کەسێک دەتوانن سوودی لێ ببینن.
تایمز
10 ساڵ دەبێت هیچ پشکنینێک لە کاری نەخۆشخانەکاندا ئەنجام نەدراوە.
چەند وەزیرێکی بەریتانی دەڵێن دەزگاکانی پشکنینی کاری نەخۆشخانەکان بەپێی پێویست نین. چونکە بۆیان دەرکەوتووە، کە چەندان نەخۆشخانە هەن ماوەی 10 ساڵ زیاترە هیچ پشکنینێکیان بۆ ئەنجام نەدراوە. ئەمەش ژیانی نەخۆشەکان دەخاتە بەر مەترسی و قەیران. وەزارەتی تەندروستی دەڵێت حەپەساون بەرامبەر بە ئەو شکستەی کە ئێستە دەبیندرێت روویداوە.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
بڕوانامەى فڕۆکەوانی بە 10 ملیۆن لیرەیە
لە تورکیا رکابەرییەکی زۆر لەسەر پیشەی فڕۆکەوانی هەیە بەوەى لەئێستادا موچەکەى 150 بۆ 600 هەزار لیرەیە. لەبەرئەو هۆکارە نرخی خوێندن لەو بەشەدا زیادکراوە و گەیشتۆتە 10 ملیۆن لیرە. کە دەکاتە زیاتر لە 300 هەزار دۆلار.
یەنی بیرلیک
733 ملیۆن کەس برسیین
بەگوێرەى نوێترین راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەسەرتاسەری جیهاندا 733 ملیۆن کەس برسیین. راپۆرتەکە ئاماژەى بەوە کردووە لەپاش 2019 وە بەهۆی پەتای کۆنڤید-19وە تادێت قەیرانی برسێتی روو لە زیادبوون دەکات.
جمهورییەت
گەمارۆ دەخرێتەسەر شارەوانییەکانى جەهەپە
پێشتر ئەو شارەوانییانەى لەدەستی ئاک پارتیدا بوون، قەرزیان لە خەزێنەى دەوڵەت وەرگرتوە، لەپاش هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى ئەمساڵ زۆربەى ئەو شارەوانییانە کەوتونەتە دەست جەهەپە، حکومەتیش پێدانى قەرزی بە شارەوانییەکان راگرتووە، ئەمەش بەو ئامانجەیە کە شارەوانییەکانى جەهەپە نەتوانن خزمەتگوزاریی پێشکەش بکەن و لە هەڵبژاردنى داهاتوودا دەنگ بەدەستنەهێنن.
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاندووە دەسەڵاتى ئاک پارتى دەیەوێت شارەوانییەکانمان خزمەتگوزاریی پێشکەش نەکەن، لەوە دڵنیا بن ئێمە دەسەڵات لە ئێوە وەردەگرین.
تورکگون
ئێران و ئەرمەنستان رێککەوتنى سەربازییان واژۆ کردووە
ئێران و ئەرمەنستان رێککەوتنێکی سەربازییان بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار ئیمزاکردووە. بەگوێرەى میدیاکانى ئێران ئێران سێ جۆر درۆنی بە ئەرمەنستان فرۆشتووە و سیستمی رۆکێتیش لەخۆدەگرێت. شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن ئەمە هەوڵێکە لەدژى ئەرزبەیجان لەسەر پڕۆژەى زەنگەزۆر کە ئێرانی نیگەران کردووە.