زووم…
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند، 75 هەزار تاکسی لە هەرێمی کوردستان هەن کە 41.3%ـیان لە هەولێرن، دەشڵێت، “پرۆسەی لۆگۆ لێدان لە تاکسی بەردەوامە و هەر شۆفێرێک ئۆتۆمبێلەکەی بێ لۆگۆ بێت 40 هەزار دینار سزا دەدرێت.”
دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە زوومی گوت: لە کۆی گشتی ژمارەی تاکسییەکان، زیاتر لە 31 هەزاریان لە پارێزگای هەولێرن و تەنها هەزار تاکسی لۆگۆی لێنەدراوە،
بەگوێرەی ئامارەکە، زیاتر لە 26 هەزار تاکسی لە پارێزگای سلێمانی هەن کە دەکاتە 34.6%ـی سەرجەم تاکسییەکان لە هەرێمی کوردستان، لەو رێژەیەش شەش هەزاریان لۆگۆیان لێنەدراوە.
لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە 15 هەزار تاکسی هەیە و دیلان رەشاد دەڵێت، “سەرجەمیان لۆگۆیان لێدراوە، بەڵام بەهۆی رێکاری ئیدارییەوە هێشتا پڕۆسەکە لە پارێزگای هەڵەبجە رێکنەخراوە.”
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەبارەی پرۆسەی لۆگۆی تاکسییەکان دەڵێت: رۆژانە شۆفێران دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی پارێزگاکانیان بکەن و بەگوێرەی رێنماییەکان لۆگۆ لە تاکسییەکانیان بدەن.
سەبارەت بە سزای ئەو شۆفێرانەی لۆگۆیان لە تاکسییەکانیان نەداوە، دیلان رەشاد گوتی، “هەر جارێک شۆفێرێکی تاکسی بەبێ لۆگۆ بە بازگەکانی پۆلیسی هاتوچۆدا تێبپەڕێت بڕی 40 هەزار دینار سزا دەدرێت.”
بە گوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پڕۆژەی لۆگۆی تاکسی بۆ رێکخستنەوەی کاری گواستنەوەی گشتییە و هەروەها شۆفێری تاکسی ناتوانێت “هیچ هەڵەیەک” بەرامبەر سەرنشین بکات.
دیلان رەشاد دەڵێت، هەموو هاووڵاتییەک دەتوانێت کاری تاکسی بکات جگە لەو فەرمانبەرە حکومیانەی مووچەکانیان سەروو ملیۆنێک دینارە.