زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
قەرار
کودەتا بەسەر شارەوانییەکاندا دەکرێت
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، بە فەرمانی ئەردۆغان رێگری دەکرێت شارەوانییەکان قەرز لە خەزێنەى دەوڵەت بکەن، بەمەش دەیانەوێت شارەوانییەکان دەرفەتیان پێنەدرێت خزمەت بکەن.
دەڵێت، ئێمە رادەستی ئەو سیاسەتە چروکە نابین. ئەم بابەتە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەوەى مۆڵەتی دەستبەکاربوون لە ئیمامئۆغڵو وەربگیرێتەوە یان پارە بە سەرۆکشارەوانییەکی هەڵبژێردراو نەدەیت. حکومەت دەیەوێت لەڕێى پارەوە کودەتا بەسەر شارەوانییەکاندا بکات.
ئەکشام
چیدیکە سلێمانی بۆ پەکەکە شوێنێکی ئارام نابێت
رۆژنامەکە نووسیویەتى، میت لە باکوورى شارى سلێمانى کە بە ناوچە ئارامەکەى پەکەکە ناسراوە، ئۆپراسیۆنێکی ئەنجامدا و دوو بەرپرسی باڵاى پەکەکەی کردە ئامانج.
دەڵێت، ئەمە پەیامێکی گرنگ بوو بۆ پەکەکە ئیدى سلێمانی شوێنێکی ئارام نییە بۆیان. میت بەم ئۆپراسیۆنە سەرکەوتنێکی گەورەى تۆمارکردووە.
یەنی ئاکیت
نرخی گواستنەوە لە ئەنقەرە 50% گران کرا
مەنسور یەواش، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەنقەرە بەهۆی ئەوەى قەرزێکی زۆرى لەسەر شارەوانییەکەی ماوە، نرخی هێڵەکانی گواستنەوەى 38% بۆ 50% زیادکردووە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، نرخی بلیتێکی هێڵی میترۆی ئەنقەرە لە 15لیرەوە بۆ 21 لیرە زیادکراوە.
یەنی چاغ
دەسەڵات میللەت بە حەماڵی خۆى دەزانێت
موسەڤات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی رایگەیاند، زیادکردنى مووچەی خانەنشینان بەگوێرەى پێویست نییە و پێویستە زیاتر بکرێت.
دەڵێت، حکومەت بە باج زیادکردن سواری پشتیی میللەت بووە و میللەت بە کۆیلەی خۆی دەزانێت، ئەم میللەتە حەماڵی ئێوە نییە، خزمەتکاری ئێوە نییە تاوەکو منەت بەسەر زیادکردن مووچەکانیانەوە بکەن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
چاینە دەیلی
چین لەگەڵ ئەوەدایە قەیرانی ئۆکراین بە چارەسەری سیاسییانە کۆتایی پێبهێنرێت
رۆژی چوارشەممە هەردوولایەنی چینی و ئۆکراینی ئومێدی ئەوەیان خواست بتوانن بە گفتوگۆ چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی ئۆکراین بدۆزنەوە.
لەمڕوەوە هەردوولا بەڵێنیاندا بەشێوازی عەقڵانی هاریکاریی یەکدى بکەن، بۆیە لەسەر ئەم بنەمایانە وەزیری کاروباری هەردوولا لە شاری گوانگژوی سەر بە پارێزگای گونگدۆنگ چاویان بە یەکدى کەوت.
دیمیترۆ کۆلیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراین بە گەشتێکی چوار رۆژە لە چینە و لە رۆژی دووەمی گەشتنەکەیەوە دیدارەکانی دەستپێکردووە.
مۆرنینگ ستار
حکومەتەکەی ستامەر حەوت پەرلەمانتارى دوورخستووەتەوە و سەرۆکی سەندیکاکانیش رەخنە لە حکومەت دەگرن
سەرۆکى سەندیکاکانى بەریتانیا رەخنەیان لە کیەر ستامەری سەرەکوەزیران هەیە و دەڵێن ئەو حکومەتە کارکردنی حەوت پەرلەمانتارى سەر بە پارتی کرێکارانی راگرتووە، یەکێکیان جێرێمی کۆربینە، لەبەرئەوەی دەنگیان بە پرۆژەی لابردنی لانی زۆری بودجەی دابینکردنی دوو منداڵ بۆ خێزانەکان داوە.
کۆربین یەکێک بووە لەو کەسانەی بەڵێنیداوە کاریان لەگەڵدا بکات تاوەکو ئەوکاتەی جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ ئەو بەرنامەیە دەدۆزنەوە.
فاینەنشیەڵ تایمز
ژیریی دەستکرد ئەگەر بیەوێت لە داتاکانی مرۆڤەوە فێرببێت دەکەوێتە چاڵی کوونەکەروێشکەوە
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لەبارەی تەکنەلۆجیا نوێیەکەی ژیریی دەستکردەوە ئەنجامدراوە، گەیشتووە بە ئەو ئەنجامانەی، کە دەڵێت بەکارهێنانی ئەو داتایانەی لەلایەن کۆمپیوتەرەوە کۆدەکرێنەوە بۆ مەشقپێکردنی ژیریی دەستکرد، گرفت بۆ مۆدێلەکانی ئەو ژیرییە دروستدەکەن و وایان لێدەکەن ئەنجامی بێمانا و نەگونجاو بدەن بەدەستەوە، ئەمەش ئاڵنگارییەکی نوێیە لەبەردەمی ئەم زانستە نوێیەدا سەرهەڵدەدات.
چەند کۆمپانیایەکی بەناوبانگی وەک ئەوپن ئەی ئای و مایکرۆسۆفت داتای دروستکراوی کۆمپیوتەریان بەکارهێنا بۆ مەشقپێکردنی چەند مۆدێلێکی ژیریی بواری زمانەکان و تێیدا سەرکەوتوو نەبوون.
تایمز
ئەفسەرێکی سوپای بەریتانیا درایە بەرچەقۆ و ژیانی لەمەترسیدایە
زۆربەی رۆژنامە ئینگلیزییەکانی ئەمڕۆی بەریتانیا باسی ئەم پەلامار و هێرشەیان کردووە، کە ئەفسەرێکی پلەباڵای سوپای بەریتانیا لە دەرەوەی بنکە سەربازییەکەی خۆی چەند جارێک بە چەقۆ لێیدراوە و ئێستا لە رەوشێکی خراپدایە.
رۆژنامەی تایمز زانیاریی دەستکەوتووە ئەو کەسەی گومانی لێدەکرێت هێرشەکەى ئەنجامدابێت، لە سنووری گیلینگهامی سەر بە ناوچەی کەنت لە رۆژی سێشەممەدا بیندراوە، کە چەند جارێک بە شەقامی شوێنی رووداوەکەدا هاتوچۆی کردووە، لە کاتی پەلامارەکەشدا خەڵک بینیویانە چەقۆی پێبووە و خوێنیش بە چەقۆکەوە بووە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئەڵمانیا چالاکیەکانى ناوەندێکى ئێرانى لە وڵاتەکەیدا قەدەغەدەکات
دواى ئەوەى سەر لەئێوارەى دوێنێ ئەڵمانیا یەکێک لە ناوەندە ئێرانییەکانى سەر بە باڵیۆزخانەى ئێرانى لە بەرلین بە پاساوى هاوکاریکردنى حزبوڵای لوبنان داخست، ئێران بە خێرایی باڵیۆزی ئەو وڵاتەى لە تاران بانگهێشتکرد.
بەگوێرەى راپۆرت و بەدواداچوونى رۆژنامە ئەڵمانیەکان ماوەیەکى زۆرە دەزگا ئەمنى و هەواڵگرییەکانى ئەڵمانیا سەرقاڵی چاودێریکردنى ئەو ناوەندانەن کە لە ئێرانەوە نزیکن و ئیدى کاتى ئەوە هاتووە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
وەزارەتى ناوخۆش رایگەیاندوە، مزگەوتى شین یەکێکە لەو ناوەندانەى بانگەشەى ئەوە دەکات رێکخراوێکى ئاینى کاری تێدا دەکات و هیچ پەیوەندییەکى بە سیاسەتەوە نییە، بەڵام پێچەوانەکەى راستە، نانسى فیزر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، بۆیە مزگەوتەکەیان داخستووە لەبەرئەوەى توندوتیژى بڵاوکردوەتەوە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە هەواڵگری ئەڵمانیا 31 ساڵە چاودێریی مزگەوتەکە دەکات و هەمیشە گومانیان هەبوە لەوەى بیروباوەڕی توندڕەوی و پێچەوانەى دەستوورى تێدا بڵاودەکرێتەوە و بە دووەم ناوەندی هەواڵگریی ئێران دادەنرێت لە دواى باڵیۆزخانەکەیان.
سەباح
عێراق ساڵانە 24 هەزار ئۆتۆمبێلى کارەبایی بەرهەمدەهێنێت
قوسەى عەلى عەبدولکەریم، بەڕێوەبەرى پەیوەندییەکان و میدیا لە دەستەى پیشەسازیی سەربازیی عێراق ئاشکرایکرد تواناى بەرهەمهێنانى ئۆتۆمبێلى کارەبایی دەگەیەننە 24 هەزار ئۆتۆمبێلى جۆراوجۆر لە ساڵێکدا و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ کۆمپانیا وەبەرهێنەرە جیهانیەکانى بوارەکەدا رێککەوتون.
بەگوێرەى گوتەکانى دەستەکە ئۆتۆمبێلەکان دوو دەرگا و چواردەرگان و بەشێکى زۆریشیان پیکابن، جەختیشى کردووەتەوە بەڕێوەچوونى لایەنى هونەریی لە ژێر سەرپەرشتى کۆمپانیایەکى چینى شارەزاى بوارەکەدا دەبێت و دەخرێتە بەردەستى هاووڵاتیان.
مەدا
لەبارەى زیادەڕۆیی بۆ سەر ئاوى ژێر زەویی کوردستان هۆشیاری دەدرێت
رەمەزان هەمزە، شارەزای بوارى ئاوى ژێر زەوی بە رۆژنامەى مەداى راگەیاندووە، فراوانبوون و زۆربوونى یەکەکانى نیشتەجێبوون بەبێ توێژینەوەى زانستى پێشوەخت، کە زۆرینەیان پشت بە ئاوى ژێر زەوی دەبەستن کاریگەریی زۆری لەسەر چینى سەرەوەى ئاوى ژێر زەوی دروستکردووە و بەرپرسانى بوارەکەى هەرێمى کودرستانیش باسیان لەوەکردوە تەنها لە ساڵى 2023 زیاتر لە 300 بیر لە هەرێمى کوردستان وشکیان کردووە.
عەبدولموتەلیب رەفعەت، پسپۆڕی بوارى ئاوى ژێرزەوی لە زانکۆی گەرمیانیش بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە ئێمە لەبەردەم قەیرانێکى گەورەى ئاوداین بەهۆی بەکارهێنانى ئاوی ژێر زەوی بەبێ بەرنامە و بەشێکى زۆر لەو بیرانەى لێدەدرێن لە رێگەى توێژینەوەوە نەبووە و بگرە مۆڵەتی فەرمیشیان نییە بۆیە پێویستە لایەنى پەیوەندیدار لەو بارەیەوە رێگەچارەى خۆی بخاتەڕوو لە رێى لیژنە تایبەتەکانیەوە رێگریی لە هەڵکەندنى بیر بکات.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە ئاوى پارێزگاى هەولێر زۆر دابەزیوە و بۆ هەڵکەندنى بیرێکى قوڵ پێویستى بە 670 مەتر هەڵکەندن هەیە.
عەرەب
هاشتاگێگ هەموارى یاسای بارى کەسێتى دواخست
لە دانیشتنى دوێنێى پەرلەمانى عێراقدا یەکێک لەو بڕگانەى دەبوو قسەى لەسەربکرێت و هەموار بکرێتەوە یاسای بارى کەسێتى بوو، کە پێش لەوەش بچێتە پەرلەمان گفتوگۆی زۆر لە بارەوەکراوە نیگەرانى زۆری بەدواى خۆیدا هێنا، هەر دوێنێش پەرلەمان رایگەیاند، لە پێناوى رەخساندنى بوارى زیاتر بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەموارەکە دواى دەخەین بۆ کاتێکى دیکە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا هاشتاگی نەخێر بۆ هەموارکردنەوەى یاساى بارى کەسێتى کاریگەریی زۆری هەبووە بۆ گەیاندنى ناڕەزانیەتیەکانى شەقام لەبارەى هەموارى یاساکەوە.
رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەى یاسای لە پەرلەمان رایگەیاند، پێویستە رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و لیژنەکانى ژنان و مافى مرۆڤ بەشداریی بکەن لە گفتوگۆکاندا.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە هەموارى مادەى 41 یەکێکە لەو مادانەى زۆرترین گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، کە دەڵێت، عێراقییەکان ئازادن لە هەڵبژاردنى ئاین یان ئاینزادا و یەکێکى دیکەش لە بابەتەکان جیابوونەوەى هاوسەرەکانە کە پشت بە چ مەزهەبێک دەبەسترێت لەنێوان شیعە و سوننەدا، بەخێوکردنى منداڵیش لە پاش جیابوونەوەى هاسەرەکان یەکێکى دیکەیە لەو کێشانەى رێگر بوو لە تاوتوێکردنى هەموارەکە لە دانیشتنى دوێنێى پەرلەماندا.
رۆژنامەى عەرەب هاشتاگەکەى بە راپەڕینى ئەلیکترۆنى ناوبردووە.
رۆژنامە فارسییەکان
جمهوری ئیسلامی
تورکیا لە باکووری عێراق چی دەکات؟
یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بە گاڵتەجاڕیەوە لە یەکێک لە کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکان رایگەیاند، پێویستە لە ئایندەیەکی نزیکدا ناوی عێراق بکەینە “باشووری تورکیا”.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، ئەم لێدوانانە ئاماژەن بۆ هێرشی سەربازیی بەرفراوانی تورکیا لە ناوچەی کوردستانی عێراق.
ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراونەتەوە، دەریدەخەن هێزە چەکدارەکانی تورکیا دەچنە قووڵایی خاکی عێراق و تابلۆیەک دادەنێن بە زمانی تورکی لەسەری نووسراوە “ئەوە سنووری تورکیایە”.
ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا تائێستا بووەتە هۆی چۆڵکردنی تەواوەتی 107 گوند و زیانی 602 گوندی دیکە.
تەجارەت
هاوردەکردنی 12 تۆن زێڕ لە ماوەی چوار مانگدا
هاوردەکردنی زێڕ بۆ ئێران لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا گەیشتە 12 تۆن، لە کاتێکدا ئەم بڕە لە ساڵی رابردوودا سێ تۆن بووە و لە ساڵی پێشووتردا نزیکەی سفر بووە.
زۆربەی هاوردەکردنەکان لە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی تارانەوە بووە.
وەزیری ئابووریی ئێران رایگەیاند، هۆکاری زیادبوونی هاوردەی زێڕ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە سامانی بودجە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 50% زیادی کردووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گەشەی داهاتی نەوت و داهاتەکانی باجی حکومەت.
جەوان
تاڵیبان هەوڵى دەستەبەرکردنی ئاوی ئێران لە رووباری هیرمەند دەدات
وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان لە دیدارێکدا لەگەڵ بریکاری وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، تاڵیبان هەوڵ دەدات بەشە ئاوی ئێران لە رووباری هیرمەندەوە بەبێ بەفیڕۆدان دابین بکات و ئاوی پێویست بەرەو ئێران بنێرێت.
دیدارەکە لە کابول بەڕێوەچوو، هەردوولا باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاوکاری لە پرۆژەکانی ئاودا کرد.
لایەنی ئێرانی هیوای خواست تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ئاوی زیاتر لە رووباری هیرمەندەوە بگاتە ئێران.
وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بە دۆستانە و نزیک زانی و جەختی لەوە کردەوە ئەگەر ئاو هەبێت، هەوڵ دەدەن ئاوی پێویست بۆ ئێران بگەیەنن.
ئەبرار
ئێران باڵیۆزی ئەڵمانیای بانگهێشت دەکات
دوابەدوای هێرشی پۆلیسی ئەڵمانیا و داخستنی ناوەندی ئیسلامی هامبورگ، باڵیۆزی ئەڵمانیا بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کرا.
بەڕێوبەری بەشی ئەوروپا لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران وێڕای سەرکۆنەکردنى هێرشەکە ناڕەزایەتی توندی کۆماری ئیسلامی ئێرانی راگەیاند و ئەو کارەی ئەڵمانیای بە نموونەی دژایەتی ئیسلام و ئایینە ئیبراهیمییەکان ناوبرد.
باڵیۆزی ئەڵمانیا رایگەیاند، بابەتەکە دەگوازێتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئەڵمانیا.