زووم..
لیژنەى نەوت و غاز و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانى عێراق ئاشکرایکرد، هەردوو وەزارەتى نەوتى عێراق و وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمی کوردستان لیژنەیەکى راوێژکارییان دەستنیشانکردووە بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستاندا.
عەدنان جابری، ئەندامی لیژنەکە بە رۆژنامەی سەباحی گوتووە، رێککەوتنەکە بە جۆرێکە کە لیژنەیەکی سەربەخۆ لەلایەنی سێیەمەوە پێداچوونە بە گرێبەستە نەوتییەکانى ئەمدواییەى هەرێمى کوردستان دەکات، دواتر وەک راپۆرتێک بەرزی دەکاتەوە بۆ وەزارەتى نەوتى فیدراڵی، تاکو لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتى هەرێمی کوردستان بدرێتەوە.
جابری دەشڵێت، تورکیا ئامادەیە هەناردەکردنەوەى نەوتی هەرێمى کوردستان لەرێی بەندەرى جەیهانەوە دەستپێبکاتەوە، بەڵام هەندێک کێشە و گرفتى هەڵپەسێردراوى نێوان هەرێمى کوردستان و بەغداد هێشتا بەبێ چارەسەرکردن ماونەتەوە، بەتایبەت گرێبەستە نەوتییەکان.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، هەرێم دەیەوێت سەرجەم کێشەی گرێبەستەکانی چارەسەربکات، بەڵام وەزارەتى نەوتى عێراق دەبینێت تێچووى یەک بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستان دەگاتە 26 دۆلار، لەکاتێکدا تێچووی بەرمیلێک نەوت لە بەسڕە تەنها حەوت دۆلارە.
جابری ئاماژەی بە چەندین گرێبەستی نهێنى و کۆمپانیای دیکەش کرد کە هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە بۆ حکومەتى ناوەندیی ئاشکرایان بکات.