124
زووم..
لە رووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگای عەربەت – سلێمانی دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی هاتوچۆ و تەندروستی بۆ زووم، بەیانی ئەمڕۆ رووداوەکە لە ناحیەی عەربەت روویداوە لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری شێری و تەکسییەکی جۆری کرۆلا.
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری هەماهەنگیی خێرای سلێمانی بە زوومی راگەیاند، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە کە ژن و پیاوێکن و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
گوتیشی، بریندارەکان لە نەخۆشخانەی شۆڕشن لە سلێمانی و تەرمی دوو هاووڵاتییەکەی دیکەش رەوانەی پزیشکی داد کراون.