زووم..
پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسی کورد کە لە زیندانی ئێڤین لە تاران زیندانی کراوە، سزاى لەسێدارەدانى بۆ دەرکرا.
رێکخراوى هەنگاو بۆ مافەکانى مرۆڤ رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو سزایەى بۆى دەرکراوە، پەخشان عەزیزی بە چەند تۆمەتێکى وەک ئەندامبوون لە رێکخراوەکانی ئۆپۆزسیۆن و گرووپە نەیارەکانی حکومەتی ئێران سزاى لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.
پەخشان عەزیزی ساڵی رابردوو لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە تاران دەستبەسەرکرا و بۆ بەندی 209ـی زیندانی ئێڤین گوازرایەوە.
لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش کراوە و لە ژێر فشار و ئەشکەنجەدا بووە، بۆئەوەى دانپێدانانی بەزۆر لێوەربگیرێت.
پەخشان عەزیزی خەڵکی شاری مەهابادە و دەرچووی بەشی هاوکاریی کۆمەڵایەتی زانکۆیەکی تارانە، کە پێشتریش کاتێک خوێندکار بووە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ماوەیەک دەستبەسەر کرابوو.