زووم..
حکومەتی عێراق لە هەرکاتێک زیاتر پێی وایە پاساوەکانی مانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق کۆتاییان هاتووە و چیتر پێویست ناکات بمێننەوە.
حکومەتەکەی سودانی لە هەر پرسێک زیاتر سەرنجی لەسەر ئەم بابەتەیە، لە دوایین پێشهاتیشدا شاندێکی باڵای بەسەرۆکایەتی وەزیری بەرگری ناردە واشنتن.
سابت عەباسی وەزیری بەرگری، سەرۆکایەتی شاندێکە دەکات، لەگەڵ ئەمریکییەکان خولێکی دیکەی گفتوگۆکان و کۆتایی هێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان دەستپێدەکات.
پێشتریش ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا هەردوو وڵات لە واشنتن کۆدەبنەوە، بەمەبەستی دیاریکردنی شێوازی کشانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانان لەسەر بنەمای ئەو مەترسییەی داعش دروستیدەکات، بەڵام ئامادە نەبوو وردەکاریی زیاتر لەو بارەوە ئاشکرا بکات.
هەروەها پێش سەردانی ئەم شاندە، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەک بڵاویکردەوە، عێراق دەیەوێت لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی داهاتوو، هێزەکانی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەست بە کشانەوە بکەن و تاوەکو مانگی ئەیلولی 2025 بە تەواوی کۆتایی بە کارەکانیان بهێنن، تەنها بەشێکی کەمیان وەک راوێژکاری سەربازی بوونیان هەبێت.
بەهەمانشێوە و لە نێوخۆی عێراق سیاسییەکان پێیانوایە کاتی کشانەوەی هاوپەیمانان زۆر نزیکبووەتەوە.
لەوچوراچێوەیەدا بهها ئهعرهجی جێگری پێشووتری سەرۆکوەزیرانی عێراق و كهسایهتی نزیك له موقتهدا سهدر ئاشکرایکرد، له داهاتوویهكی نزیكدا بەغداد و واشنتن دەگەنە رێککەوتنێکی مێژوویی و كاتی کشانەوەی هێزهكانی ئەمریکا لە عێراق دیاری دەکرێت.
گروپە چەکدارە شیعەکانیش هاوئاوازن لەگەڵ سیاسەت و ئاڕاستەی حکومەت لەوبارەیەوە، لە ئێستادا هێرش و پەلامارەکانیان بۆسەر ئەمریکا و هاوپەیمانان راگرتووە، بۆئەوەی پاساو بۆ مانەوەیان بەدەستەوە نەدەن.