زووم..
بەرەی یەکڕیزیی دژی داگیرکاری رایگەیاند، ئاسایشی سلێمانی “بە شێوەیەکی دڕندانە” پەلاماری گردبوونەوەکەیانیان داوە.
بەرەی یەکڕیزی دژی داگیرکاری لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، دوێنێ بڕیاربوو لە باخی گشتی کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسى لەلایەن کۆمەڵێک رێکخراوەوە ئەنجام بدرێت بە مەبەستی راگەیاندنی بەرەی یەکڕیزیی دژی داگیرکاریی، بەڵام بەر لە کۆبوونەوەکە رووبەڕووی پەلاماردان بوونەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە بەرامبەر پەلاماردانەکانی ئاسایشدا وەستانەوە و هێزەکانى ئاسایش کەوتنە ئازار و ئەشکەنجەدانی هەڵسوڕاوانیان، بەوهۆیەوە هەڵسوڕاوێکیان، كە پیشەی پارێزەرە، بە ناوی نەریمان ئەحمەد بریندار کرا.
ئاماژە بەوەشکراوە وەک بەرەی یەکڕیزیی دژی داگیرکاری، كە نوێنەرایەتیی دەیان گرووپ و رێكخراو و كەسایەتیی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەتوندی سەرزەنشت و ئیدانەی پەلاماردانیان دەکەن لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە.