زووم..
ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، حکومەتی عێراق چاوی لەوەیە لە ئەیلولی ئەمساڵەوە هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دەست بە کشانەوە بکەن و تا ئەیلولی ساڵی داهاتوو بە تەواوی عێراق جێبهێڵن
چوار سەرچاوەی عێراقی بە رۆیتەرزیان گوتووە: دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، ئەگەری هەیە بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکە بمێننەوە.
بە گوتەی سەرچاوە عێراقییەکان و بەرپرسانی ئەمریکا، لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەی لوتکەی ئەمنی هەردوولا لە واشنتن بەڕێوەدەچێت و هەڵوێستی عێراق سەبارەت بە کشانەوەی هاوپەیمانان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ رێککەوتنێکی فەرمی لەسەر ئەو پرسە نەکراوە و هیچ کاتێکیشی بۆ دیارینەکراوە.
ماسیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: بەغداد و واشنتن لەم هەفتەیەدا سەبارەت بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کۆدەبنەوە و رەچاوی مەترسییەکانی داعش لە وڵاتەکە دەکرێت.
چەند بەرپرسێکی ئەمریکی گوتوویانە، بەشێک لەو هێزەی ئەمریکا کە لە عێراقە رەنگە لە رێککەوتنێکی نوێی واشنتن و بەغداد لە عێراق بمێننەوە بۆ هاوکاریکردن و ئەرکی راوێژکاری بە سوپای عێراق.
هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا ساڵی 2003 بۆ روخانی رژێمی بەعس هاتنە عێراق و لە ساڵی 2011 کشانەوە، ساڵی 2014ـش بەهۆی سەرهەڵدانی رێکخراوی داعش دووبارە گەڕانەوە عێراق.
ئێستا ئەمریکا نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق هەیە و سەرۆکایەتی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکات کە لە 80 وڵات پێکهاتووە و لە ساڵی 2014 دژ بە داعش پێکهێنراوە.
هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە گشتی بەسەر سێ بنکەی سەرەکیدا دابەشبوون کە یەکێکیان لە بەغدادە و یەکێکی دیکەیان لە ئەنبار و سێیەمیشیان لە هەرێمی کوردستانە.
ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، کۆتایهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق رەنگە ببێتە دەستکەوتێکی سیاسی بۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەو پێیەی ناوبراو لەژێر فشاری لایەنە عێراقییەکانی نزیک لە ئێرانە بۆ دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق.
سودانی دەیەوێت کشانەوەی هاوپەیمانان بەشێوەیەک بێت هاوسەنگی لە پەیوەندیییەکانی بەغداد لەگەڵ واشنتن و تاران تێکنەدات.