زووم…
ماڵپەری “میدڵ ئیست ئای”ـی بەریتانی رایگەیاند، تورکیا فشارەکانی بۆسەر بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زیاتر کردووە بەهۆی پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی لەگەڵ پەکەکە و هەڕەشەی لێکەوتەی جدی و کردەیی کردووە.
ماڵپەڕەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی تورکییەوە دەڵێت، سەرباری فشارەکان، بەڵام هێشتا ئەندامانی پەکەکە لە سلێمانی مەشق و راهێنان دەبینن، بۆیە فشارەکان زیاتر بووە بە جۆرێک کە هۆشداری لە لێکەوتەی کردەیی دراوە.
سەرچاوەکە کاتێک قسەی بۆ میدڵ ئیست ئای کردووە باسی لە سروشت و جۆری لێکەوتە کردەییەکە نەکردووە بەڵام بەئامانجگرتنی چەند سەرکردەیەکی پەکەکەی لە سلێمانی بە نمونە هێناوەتەوە.
هاوکات دوو سەرچاوەی حزبی و ئەمنیی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەکەیان گوتووە، نزیکایەتی لە ئێرانی و ئەمریکییەکان، بافڵ تاڵەبانی لە فشارەکان قوتار ناکات چونکە زۆر جدی و واقعین.
ئەوە لەکاتێکدا مانگی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، پەکەکە لەناو سلێمانیدا نەخۆشخانەی خۆی هەیە و لەو ناوچەیەدا چالاکە.
چەند هەفتەیەیەک لەومەوبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان لەنوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە سزاکانی وڵاتەکەی بۆ سەر فرۆکەخانەی سلێمانی گوتی: تا دەسەڵاتدارانی سلێمانی مەودایەک لەنێوان خۆیان و پەکەکە دانەنێن هەڵویستمان ناگۆڕێت و گەمارۆکانمان بەردەوام دەبێت.