زووم…
پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت، لە دانیشتنەکانی داهاتوودا پەرلەمان گفتوگۆ لەبارەی دۆسیەی سزادانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن تورکیا و لەشکرکێشییەکانی ئەو وڵاتە بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان دەکات.
لە سەرەتای مانگی رابردوو تورکیا راگرتنی گەشتەکانی فرۆکەخانەی سلێمانی تاوەکو 17-12-2024 درێژکردەوە. لە رۆژی 12-07-2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، “تا دەسەڵاتدارانی سلێمانی مەودایەک لەنێوان خۆیان و پەکەکە دانەنێن هەڵویستمان ناگۆڕێت و گەمارۆکانمان بەردەوام دەبێت.”
فاتن قەرغولی، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی گوتووە، لیژنەکەیان چوونەتە فڕۆکەخانەی سلێمانی، لەگەڵ بەرپرسانی فڕۆکەخانەکە گفتوگۆیان لەبارەی سزاکانی تورکیا و راگرتنی گەشتەکانی سلێمانی لەگەڵ فڕۆکەخانەکانی تورکیا کردووە.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، لە دوای سەردانەکەیان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بابەتەکەیان بۆ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق خستووەتەڕوو تا دەستوەردانی دیپلۆماسی بکات.
لە 03-04-2023 ئەنقەرە بە بیانوی هەبوونی “جموجووڵی پەکەکە” لەنێو فرۆکەخانەی سلێمانی سەرجەم گەشتەکانی بۆ فرۆکەخانەکە راگرت و رێگە نادات هیچ فرۆکەیەکی فرۆکەخانەکەش لە خاکی تورکیا بنیشێتەوە.
لەبارەی ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان، قەرغولی گوتی، لەشکرکێشییەکانی تورکیا لە هێرش و ئۆپراسیۆنی سەربازییەوە خەریکە دەبێتە داگیرکاریی راستەقینە.
جەختی لەوەش کردەوە، بوونی تورکیا لە هەرێمی کوردستان قبووڵکراو نییە و لەلایەن پەرلەمان و لیژنە تایبەتمەندەکانییەوە بەتایبەت لیژنەی ئاسایش و بەرگری گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.