ئەمە ناونیشانى راپۆرتێکى بنکۆڵکاریی کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکییە و باسی ئەو دەستدرێژییانە دەکات، کە هێزە ئەمنییەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران، دەیکەنەسەر دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکان لە زیندانەکانى ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان.
بەهۆی ئەوەی کە دەستگەیشتنى میدیا جیهانییەکان بەنێوخۆى ئێران بە توندی سنوردارکراوە، کەناڵی سی ئێن ئێن چووەتە مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە هەرێمی کوردستان و لەوێ پەیامنێرى کەناڵەکە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەو شایەتحاڵانەدا کردووە کە لە رۆژهەڵاتى کوردستانەوە بە قاچاخ هەڵهاتوون.
هانا پاش هەڵهاتنى لە رۆژهەڵاتى کوردستان، لە مەرزى حاجى ئۆمەران قسەى بۆ “سى ئێن ئێن” کردووە.
کچێکى کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان کە سی ئێن ئێن بە ناوى خوازراوى “هانا” ناوی دەبات، پاش هەڵهاتنى لە رۆژهەڵاتى کوردستان، لە مەرزى حاجى ئۆمەران قسەى بۆ پەیامنێرى سى ئێن ئێن کردووە و گوتوویەتى لە کاتی دەستگیرکردنیدا رووبەرووی دەستدرێژیی سێکسی بووەتەوە و بەچاوی خۆی شایەتحاڵی توندوتیژیی سێکسی بووە لە زیندانەکانی ئێراندا.
هاناى 20 ساڵان، دەڵێت، پاشئەوەى وەکو زۆرێک لە خۆپیشاندەرانى ژنى دیکە بەشدارى لە ناڕەزایەتییەکاندا کردووە، لەلایەن پۆلیسى ئێرانەوە دەستگیرکراوە و پێیان گوتووە کە لە ڤیدیۆکانى چاودێرییدا بینیویانە لەچکەکەی دەسوتێنێت، هانا دەڵێت بەوهۆیەوە بۆماوەی 24 کاتژمێر لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردن لە پۆلیس ورمێ راگیراوە.
زیاتر ئازاری کچ و ژنەکانیان دەدا و دەستدرێژیی سێکسییان دەکردنە سەریان.
هانا دەشڵێت، نزیکەی 30 بۆ 40 کچ و ژنى دیکە لەگەڵیدا دەستگیرکراون و ئەوانی دیکە پیاو بوون، هەروەها منداڵانى تەمەن 13 و 14 ساڵانیش هەبوون کە لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکرابوون و بە شێوەیەکی دڕندانە ئازار دەدران، بەڵام وەکو خۆى دەڵێت: زیاتر ئازاری کچ و ژنەکانیان دەدا و دەستدرێژیی سێکسییان دەکردنە سەریان.
ئەفسەرێک دەهات و کچی جوانی هەڵدەبژارد و بۆ ژوورە تایبەتییەکان دەیبردن
ئەو دەڵێت، هۆڵێکی سەرەکی هەبوو کە چەند ژوورێکی لێکۆڵینەوەی تایبەتی تێدابوو، ئەفسەرێک دەهات و کچی جوانی هەڵدەبژارد و بۆ ژوورە تایبەتییەکان دەیبردن بۆ ئەوەی بە تەنها لەگەڵیاندا بێت و دەستدرێژیی سێکسی بکاتە سەریان.
دەشڵێت، ئەفسەرەکانی ئێران، هەڕەشە لە ژن و کچەکان دەکەن کە باسی ئەو دەستدرێژییە سێکسییانە نەکەن کە دەکرێنە سەریان و باسی ئەوە نەکەن کێ ئەو کارەی لەگەڵدا کردوون.
هانا جگە لەوانەى کە بەسەر خۆیدا هاتوون، باس لە دۆخى ئەو کەسانەى دیکەش دەکات کە لە شوێنەکە لەگەڵیدابوون، لەوباریەوە دەڵێت، پۆلیسەکان بە دار لە کوڕێکیان داوە تا کەوتووەتە سەر زەوى و بەهۆی زۆری لێدانەوە خۆی پیس کردووە، هەر لەو کاتەشدا خوشکەکەی لە ژووری لێپرسینەوە هاواری کردووە، هانا دەڵێت پێیوایە: “لەو کاتەدا ئەو کچە دەستدرێژیی سێکسی دەکرایە سەری.”
پۆلیسەکان بە دار لە کوڕێکیان داوە تا کەوتووەتە سەر زەوى و بەهۆی زۆری لێدانەوە خۆی پیس کردووە
ئەو باس لەوە دەکات کە کچێکی دیکەى بینیوە براوەتە ژوورێکی دیکە بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام برا هەرزەکارەکەی داوای لە ئەفسەرەکان کردووە لەگەڵیدا بچێتە ژوورەوە بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی هیچ “بەسەریدا نایەت”.
هانا دەڵێت، دواتر لەو ژن و کچانەى بیستووەتەوە کە لە بنکەکە پێکەوە دەستگیرکرابوون، ئەوانیش دەستدرێژیی سێکسىییان کراوەتە سەر، هانا گوتویەتى ئەو بەختەوەرە کە باوکی هاتووە بۆ بنکەکە و بە کەفالەت رزگاری کردووە.
لە یەکێکى دیکە لە دۆسییەکاندا، سی ئێن ئێن تۆمارى دەنگی کوڕێکی تەمەن 17 ساڵی وەرگرتووە کە دەڵێت دوای ئەوەی لە ناڕەزایەتییەکاندا لەگەڵ هاوڕێکانی دەستگیرکراون، دەستدرێژییان کراوەتە سەر و کارەبایان لێدراوە.
پاشئەوەى ڤیدیۆى خۆى و پشیلەکەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە لەلایەن پۆلیسى ئێرانەوە دەستگیرکرا
لە لایەکى دیکەوە، سى ئێن ئێن لە راپۆرتە بنکۆڵکارییەکەیدا باسى لە دۆسیەى ئارمیتا عەباسی تەمەن 20 ساڵان کردووە، ئەو کچەى کە پاشئەوەى ڤیدیۆى خۆى و پشیلەکەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە لەلایەن پۆلیسى ئێرانەوە دەستگیرکرا، کە پێشتریش لە رێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پۆستى دژى حکومەتى وڵاتەکەى دەکرد.
چەند نامەیەکی دزەپێکراوی ئینستاگرام کە گفتوگۆی نێوان چەند پزیشکێک دەردەخات
سى ئێن ئێن ئاماژەى بەوەداوە بەگوێرەى چەند نامەیەکی دزەپێکراوی ئینستاگرام کە گفتوگۆی نێوان چەند پزیشکێک دەردەخات، ئەوە پیشان دەدات کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران ئەشکەنجە و دەستدرێژیی سێکسییان کردووەتە سەر ئارمیتا، کاتێکیش گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی ئیمام عەلی لە کەرەج پزیشکان بەڵگەى دەستدرێژیی سێکسی دڕندانەیان بینیوە بۆسەر ئەو کچە چالاکوانە.
ئەفسەرەکان بە پزیشکەکانیان وتووە کە تووشی خوێنبەربوونی کۆم بووە
هەر لەسەر دۆسیەى ئارمیتا، سى ئێن ئێن دەڵێت، نامەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، کاتێک بۆ یەکەمجار ئارمیتا هێنراوەتە نەخۆشخانە، ئەفسەرەکان بە پزیشکەکانیان وتووە کە تووشی خوێنبەربوونی کۆم بووە، ئەمەش پێدەچێت بەهۆی دووبارەبوونەوەی دەستدرێژییەکانەوە رویدابێت.
بەڵام ئەفسەرەکان پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە پزیشکەکە لە راپۆرتی نەخۆشەکەدا بنوسێت پێش دەستگیرکردنی دەستدرێژی کراوەتە سەری.
هیومان رایتس وۆچ و ئەمنستى ئینتەرناشناڵ
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافى مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ و ئەمنستى ئینتەرناشناڵ) رایانگەیاندووە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولەوە، چەندین حاڵەتی دەستدرێژیی سێکسییان لە زیندانەکانی ئێراندا تۆمارکردووە.
لە هەندێک لەو حاڵەتانەی کە سی ئێن ئێن ئاشکرایکردووە، دەستدرێژییە سێکسییەکان وێنەیان گیراوە و وەکو هەڕەشە لە دژی خۆپیشاندەران بەکارهێنراون.
لە کۆتاییدا سى ئێن ئێن دەڵێت، تائێستا بەرپرسانی ئێران وەڵامی داواکارییەکانى کەناڵەکەیان نەداوە بۆ لێدوان لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی کە لە راپۆرتەکەدا باسکراون.