زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
حەماس زانیاری لەسەر هەزاران ئەفسەر و سەربازی ئیسرائیلى بڵاودەکاتەوە
ژمارەیەک شارەزای بوارى تەکنۆلۆجیا پەیوەندى و هاک دەڵێن، بزووتنەوەى حەماس بە سوودوەرگرتن لە بەرنامەیەکى ئێرانى دەستى گەیشتووە بە زانیاری تەواو لەبارەى ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەر و سەربازى ئیسرائیلى و ئەوەش بووەتە مایەى هەڕەشە لەسەر ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان لە بەرئەوەى وێنەى خۆیان و شوێنى کار و هاوسەر و منداڵ و شوێنى نیشتەجێبوون و ژمارەى ئۆتۆمبێل و ژمارەى تەلەفۆن و تەواوى زانیارییەکانیان کەوتوەتە دەست بزوتنەوەى حەماس و ئەوانیش بڵاویانکردوەتەوە.
بە گوتەى شارەزایانى بوارەکە ئەم حاڵەتە بەشێکى پەیوەندى بە کەسەکان خۆیانەوە هەیە و لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت رۆژانە چالاکییەکانى خۆیان بڵاودەکەنەوە، بەشێکى دیکەشى ئەو زانیارییانەیە کە حەماس لە رێگەى پسپۆڕەکانى بوارى تەکنۆلۆجیاوە بەدەستى دەهێنێت و مەترسییەکەشى لەوەدا دەبینن کۆکردنەوەى ئەم زانیارییانە تەنها لە سەر ئیسرائیل و سەربازەکانى سنووردار نەبێت و بپەڕێتەوە بۆ وڵاتانى دیکەش.
سەباح
پەرلەمانى عێراق گەمارۆکانى سەر فرۆکەخانەى سلێمانی تاوتوێ دەکات
فاتن قەرەغۆلی، ئەندامى لیژنەى گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لیژنەکەیان سەردانى فڕۆکەخانەى سلێمانی کرد و پرسی گەمارۆکانى سەر فڕۆکەخانەکەیان لەگەڵ بەرپرسان تاوتوێکردووە، لەبەرئەوەى فڕۆکەخانەکانیش لەسنووری دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵدایە وەک پێشێلکاریی سەروەریی لێی دەڕوانن و لیژنەکەیان لەگەڵ بەرپرسانى ئیدارى و سیاسی پارێزگاکەش گفتوگۆیان کردووە.
رایگەیاندووە، هەموو دەستێوەردانێکى تورکیا لە عێراق رەتدەکەینەوە و دواى تەواوکردنى راپۆرتەکەیان ئەو بابەتە دەبەنە بەردەم ئەندامانى پەرلەمان و گفتوگۆى تەواوى لەبارەوە دەکەن و گوتیشى داواش لە سەرۆکوەزیران دەکەین بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە جوڵەى دبلۆماسی دەستپێبکات.
عەرەب
ئیدارەى خۆسەر بۆ رازیکردنى هۆزەکان بەشێک لە زیندانییەکان ئازاد دەکات
لەگەڵ دەرکەوتنى ئاماژەکان بۆ نزیکبوونەوەى تورکیا و سوریا سەبارەت بە چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوانیان ئیدارەى خۆسەرى رۆژاڤا کۆمەڵێک رێکارێکى گرتووەتەبەر بۆ بەهێزکردنى ناوخۆی و لەوبوارەشدا لەسەر داواى هۆزەکانى ناوچەکە لە زیندانى حەسەکە ژمارەیەک لە زیندانییانى رادەستى کەس و کارەکانی کردەوە و ئەوەش بە هەنگاوێکى ئەرێنى لەنێوان ئیدارەکە و هۆزەکاندا لێکدراوەتەوە.
بەگوێرەى راگەیەنراوێکى ئیدارەى سەربەخۆ ئەو کەسانەى ئازادکراون بەگوێرەى یاساى لێبوردنى گشتى بووە و بڕیارەکەش بە گفتوگۆ بووە لەگەڵ لایەنى دادوەریی و کەسانى تایبەتمەند.
بەگوێرەى راپۆرتەکە سەرەڕای ئازادکردنى ئەو ژمارە زیندانییە لەبەرنامەیاندا هەیە ژمارەیەکى دیکەش ئازاد بکەن، هەرچەندە بەفەرمی رایان نەگەیاندووە، ژمارەى ئازادکراوەکان چەندن، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن، دەیان کەسن، سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن لێبوردنەکە ئەو کەسانەشى گرتووەتەوە کە بە تاوانى تیرۆر دەستگیرکراون بە مەرجێک سەرکردە و کەسایەتى دیارى داعش نەبووبن و چەکداری ئاسایی بووبن.
بەگوێرەى سەرچاوەکان لەم ساڵدا ئەوە دووەمین لێبوردنى گشتییە کە بۆ زیندانییەکان دەردەکرێت و پێدەچێت ئیدارەى سەربەخۆ بیەوێت لەو رێگەیەوە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هۆزەکانى ناوچەکە ئاسایی بکاتەوە.
عەرەبی جەدید
خێزانە عەرەبەکانی نیشتەجێی کوردستان ئاسوودەن
فەوزی رێکانى پسپۆڕی بوارى خانووبەرەیە لە هەولێر بە رۆژنامەى عەرەبی جەدیدى راگەیاندووە، خێزانە عەرەبەکان جوڵەیەکى باشیان بۆ کەرتى خانووبەرە و بازرگانى و گەشتیاریی دروستکردووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە ژمارەیەکى زۆریان لە کوردستان نیشتەجێن بەهۆی ئەو ئاسایش و ئارامییەى لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان هەیە، کاریان دەستدەکەوێت، گەلى کوردیش سینەفراوانە و زوو خەڵکی بیانى وەردەگرێت.
بەگوێرەى گوتەکانى ئەو شارەزایەى خانووبەرە لە سێ پارێزگاى هەولێر، دهۆک و سلێمانى زیاتر لە 250 هەزار کەسی عەرەب نیشتەجێن.
رۆژنامەکە هۆکارەکانى نیشتەجێبوونى هاووڵاتیانى عەرەبی بۆ کۆمەڵێک هۆکار گەڕاندوەتەوە لەوانەش، کلتوورى کورد تایبەت بە وەرگرتنى بێگانە و چۆنیەتى مامەڵەکردنی لەگەڵیان، ئاسایش، سروشتى جوانى ناوچەکە، هەلى کار، بوونى خزمەتگوزاری
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
عەرەب نیوز
نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت عێراق بووە بە دەروازەی مادە هۆشبەرەکان
نەتەوەیەکگرتووەکان بە راپۆرتێک هۆشداریدا کە عێراق بووە بە ناوەندێکی هەرێمایەتی بۆ پەڕاندنەوەی مادەهۆشبەرەکان.
بەرپرسانی عێراق لە ساڵی 2023ـدا دەستیان گرتووە بە سەر 24 ملیۆن دانە حەبی کەپتاگۆندا، کە بەهاکەی بایی 144 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دەبێت.
ئەم بڕە سێ هێندەی ئەوەیە لە ساڵی پێشوودا دەستی بەسەرداگیراوە و 34 هێندەی ئەو بڕەیە لە هەمان وڵات لە ساڵی 2019ـدا ئاشکرابووە.
ئەمەش بەڵگەیە لەسەرئەوەی عێراق بووە بە ناوەندێکی هەرێمایەتی لەنێو بازاڕە ئاڵۆزەکەی گواستنەوە و هاتوچۆپێکردنی ئەم مادانەدا.
واشنتن پۆست
دیموکراتەکان بازنەی کاندیدەکانیان بچووک کردووەتەوە بۆ سەر هاریس
زۆر لەوەدەچێت بازنەی کاندیدی دیموکراتەکانی ئەمریکا بچووک بووبێتەوە و تەنها کامالا هاریسی جێگری ئێستای سەرۆکی ئەمریکای تێدا مابێتەوە، بۆئەوەی هەرخۆی کاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆکایەتی.
رۆژی دووشەممە زۆر شت لەم بارەیەوە روون بوونەوە، لەبەرئەوە بە راگەیاندنی هەڵمەتێکی بەهێز لە دژی دۆناڵد ترەمپی کاندیدی کۆمارییەکان بانگەشەكانی هەڵبژاردنی بۆ خۆی دەستپێكرد.
نیویۆرک تایمز
بۆ پاراستنی کلتووری ئۆکراینییەکان دەبێت کتێبەکانیان بکەنە ژێر گڵەوە
ڤلۆدیمیر ڤۆکۆلینکۆ، یەکێکە لە نووسەرەکانی ئۆکراین، سوپای روسیا لە ساڵی 2022ـەوە شارۆچکەکەیانی داگیرکردووە.
ئەو یەکێکە لە باشترین نووسەرەکانی ئۆکراین. ماوەیەک پێش مردنی باشترین نووسراو و دەستنووسەکانی خۆیی لە ژێر دارگێلاسێکدا لە حەوشەی پشتەوەی ماڵەکەی شاردەوە. نووسینەکانی ڤۆکۆلینکۆ پڕن لە ئومێد و ئاواتی خۆشی، ئەو بۆ منداڵان دەنووسێت، بەڵام لە هاتنی سوپای داگیرکەری روسیا زۆر بێزاربوو، چونکە بەهاتنی ئەوان خزمەتگوزاریی پەیوەندیکردن و تەلەفۆنکردن لەگەڵ دەرەوەی گوندەکەیاندا نەما، نەیدەزانی لەدەروەی گوندەکەی خۆیان چی لە جیهاندا دەگوزەرێت.
ئیندیپێندەنت
ناردنی تەنها چوار کەسی پەنابەر بۆ رواندا 700 ملیۆن پاوەندی تێدەچێت
یەڤێت کووپەر، وەزیری کاروباری ناوخۆی بەریتانیا دەڵێت، ئەو سیاسەتەی پارتی پارێزگاران خراپترین بەرنامەی بەفیڕۆدانی پارەی خەڵکانی باجدەرە، کە من لە ژیانی خۆمدا بینیبێتم.
کوپەر دەڵێت، حکومەتەکەی ریشی سوناک تائێستا 700 ملیۆن پاوەندی لەو بەرنامە شکستخواردووەدا خەرجکردووە، بۆئەوەی پەنابەران بنێرێت بۆ رواندا، بەرنامەی هەبوو 10 ملیار پاوەندی دیکەشى تێدا خەرج بکات.
وەزیری ناوخۆ لەوبارەیەوە گوتی، ئەو بەرنامەیە زۆر شۆکهێنەر بووە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی بەریتانیا، کە باج بە حکومەت دەدەن، چونکە 290 ملیۆن پاوەندیشی داوە بە رواندا بۆئەوەی بەو بەرنامەیە قایل ببێت.
رۆژنامە تورکییەکان
سەباح
ئەوەی دۆستەکەی بەجێبهێڵێت 60 هەزار لیرە سزا دەدرێت
رۆژنامەی سەباحی تورکی ئاماژەی بەوەداوە لە پرۆژەیاسای تایبەت بە سەگی بێلانەدا داوای سزادانی سەرۆکشارەوانیەک کراوە، کە نەیتوانیوە کۆنترۆڵی سەگی بێلانە بکات، ئەوانەشی سەگەکانیان بەڕەڵا دەکەن، تاوەکو نزیکەی 60 هەزار لیرە سزای مادی دەدرێن.
تاوەکو خاوەنێکیان بۆ دەدۆزرێتەوە دەبێت حکومەتە خۆجێییەکان لانەیەکی بەکۆمەڵ بۆ سەگەکان دروست بکەن.
ئەو سەرۆکشارەوانی و ئەندامانەی ئەنجومەنیش کە سەرچاوەی مادی بۆ تەرخان ناکەن، لە شەش مانگەوە بۆ دوو ساڵ زیندانی دەکرێن.
ئەو خاوەن ئاژەڵانەی بەشێوەیەکی جدی و رێکوپێک خاوەندارێتی ناکەن یان زیان پێدەگەیەنن و ئازاری ئاژەڵەکان دەدەن سزا دەدرێن و ئەوانەشی ئاژەڵەکانیان بەڕەڵا دەکەن، بە 20 هەزار بۆ 60 هەزار لیرە سزا دەدرێن.
تورکیا
وەرگرتنی پاسپۆرتی تورکی قورستربووە
لەمەودوا کڕینی موڵک یان تەنها هاوسەرگیری بەس نییە، ئەگەر لە ئاسایش یان دەزگای هەواڵگریی میللی ناسراو بە میت رەزامەندی لەسەر نەدرێت یاخود ئینتەرپۆڵ رەزامەندی پاکبوونی تۆماری کەسییەکەی پشتڕاست نەکاتەوە ناتوانێت ببێتە هاووڵاتی.
لەئێستادا قۆناغێکی زۆر قورس و گران رووبەڕووی وەرگرتنی رەگەزنامەی تورکی بووەتەوە، وەزارەتی ناوخۆ راستەوخۆ چاودێری دۆخەکە دەکات، بەشێوەیەک ئەگەر ئەو سێ لایەنەی ناویان هاتووە رەزامەندی لەسەر کەسەکە نەدەن، ئەگەر بێت و موڵکیان کڕیبێت یان هاوسەرگیریشیان کردبێت ئەوا ناتوانن ببنە خاوەنی رەگەزنامە و پاسپۆرتی تورکی.
جمهوریەت
ناتوانن سەگە بێلانەکان قەتڵوعام بکەن
هەمواری پرۆژەیاسای ئۆتانازی “کوشتنێکی بەرەحمانە” کە لەلایەن پەرلەمانتارانی ئاک پارتیەوە پێشنیاز کرابوو، لە پەرلەمان لەلایەن لیژنە جیاوازەکانەوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، دەسەڵاتداران پرسی ئۆتانازییان داوەتە دەست ڤێرتێرنەرەکان، ئەوانیش دەڵێن، ئەم مادەیە پڕێتی خراپ بەکارهێنان.
هەربۆیە لە ئەنقەرە رێپێوانێکی بەرفراوان بۆ دەستکاریکردنی یاساکە بەڕێوەچوو، تێیدا زۆرێک لە شارە تورکییەکانەوە، پارێزەران، ئاژەڵدۆستان بەشداربوون و پێشنیازی ‘بەکێوییان بکەن بیانکوتن، بەڕەڵایان بکەن’ بۆ دەسەڵاتداران و پەرلەمانتاران کرد.
ئاکشام
لە تەمموزدا رەقبوونەوە و مردن
گرووپێکی شاخەوانی لە ئاگری باکووری کوردستان لەکاتی گەڕانەوەیان، رووبەرووی گێژەڵوکەی بەفر بوونەوە و بەهۆیەوە رێگەیان بزرکرد و دوو شاخەوان بە ناوکانی حەلیم داڵغن و دیلەک گۆکبولاک رەقبوونەوەو گیانیان لەدەستدا.
ئەوان لەکاتێکدا لە رۆژی پێنجشەممە چوونە بەرزایی زیاتر لە پێنج هەزار، بەڵام لەکاتی گەڕانەوە رێگەیان لێتێکچووە، دوای دوورۆژ لە گەڕان بەدوایاندا، دەزگای فریاگوزاری تورکیا تەرمەکانیانی دۆزیەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبرار
کڕینی خزمەتی سەربازی لە ئێران جێبەجێ ناکرێت
تەقی مێهری، سەرۆکی رێکخراوی خزمەتی سەربازی رایگەیاند، پلانی کڕینی خزمەتی سەربازی جێبەجێ ناکرێت و هەموو ئەوانەی کە شایستەن دەبێت ئەرکی سەربازی خۆیان جێبەجێ بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کڕینی خزمەتی سەربازی لە رابردوودا کراوە بەڵام لە ئێستادا هیچ پلانێک نییە بۆ دووبارە جێبەجێکردنەوەی.
ناوبراو هەروەها هۆشداریدا لەوەی ئامادەنەبوون لە خزمەتی سەربازی دەبێتەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر، وەک دانەمەزراندن لە رێکخراو و دامەزراوە تایبەت و حکومییەکان، دوورخستنەوە لە خوێندن و سنووردارکردنی دەرچوون لە وڵات.
ئەفکار
ئەمساڵ رێژەی بارانبارین لە ئێران 19% زیاتر بوو لە ساڵی پار
لە نۆ مانگی رابردوودا رێژەی بارانبارین لە ئێران بەراورد بە ساڵی رابردوو 19% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 245 ملم.
ئەم ئاستە گەشەی 2% نیشان دەدات بەراورد بە ماوەی درێژخایەن.
بەڵام بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی هەوا لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران بووەتە هۆی زیادبوونی 5%ـی بەکارهێنانی ئاو کە هۆشداری قەیرانی دروستکردووە و پێویستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو زیاتر هەستی پێدەکرێت و داوا لە خەڵک دەکەین خۆیان بەدوور بگرن لە بەکارهێنانی ناپێویست لە رێگەی بەکارهێنانی ئامێری گونجاوی قاپشۆڕ و جل شۆر و کەمکردنەوەی ماوەی خۆشۆردن بۆ پێنج خولەک.
باختەر
نائومێدیی گەنجانی کرماشانی لە دۆزینەوەی کار!
رێژەی بێکاری لە ئێران زیادی کردووە و کرماشان دووهەمین پارێزگایە کە زۆرترین رێژەی بێکاریی تێدایە، ئەم دۆخە بووەتە هۆی بێزاری گەنجان لە پلانی بەرپرسانی پارێزگاکە.
کار پێویستە جێگیر و داهاتی گونجاو بێت، باسکردن لە بێکاری بەبێ رەچاوکردنی سەقامگیری و داهاتی گونجاو تەنها دەبێتە هۆی ئامارێکی نادروست.
لە ساڵانی رابردوودا رێژەی بێکاری لە ئێران و کرماشان زیادی کردووە و هۆکاری سەرەکی بۆ کەمتەرخەمیی بەرپرسان و سزاکانی سەر ئێران دەگەڕێتەوە.
یەکەکانی بەرهەمهێنان تەنها بیر لە قازانجی خۆیان دەکەنەوە نەک دامەزراندنی گەنجان و هێشتنەوەیان لە کاردا.
مەردوم سالاری
رەچەتەی ئەنتی بایۆتیک لە ئێران 10% زیاترە لە رێژەی جیهانی
دکتۆر ئازیتا نەبی زادە، سەرۆکی گرووپی تەندروستیی رێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئێران رایگەیاند، رێژەی دەرمانەکانی ئەنتی بایۆتیک کە لە ئێران دەنووسرێت 10% لە ستانداردی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی زیاترە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد کە 40%ـی رەچەتەی پزیشکی لە ئێران ئەم جۆرە دەرمانەی تێدایە، لە کاتێکدا ئەم دەرمانە دەبێ زۆرترین رێژەی 30% بێت.
پێشتر ئەم بڕە نزیکەی 50% بووە کە بە هەوڵی رێکخراوی خۆراک و دەرمان کەمکراوەتەوە.
ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە پێویستە میدیاکان کولتوورێک دروست بکەن سەبارەت بە کاریگەرییە لاوەکییەکانی بەکارهێنانی نادروستی ئەنتی بایۆتیک، چونکە ئەگەر رەوتی ئێستا بەردەوام بێت رەنگە تووشی کێشەی جددی بەرگریی جەستە بەرامبەر ئەم دەرمانە ببینەوە.