زووم..
دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لە سلێمانى 21 چەکدارى داعشیان دەستگیرکردووە، لە نێویاندا دوو گەورە بەرپرسى ئەمنیى ویلایەتى فەلوجە و دیجلە هەن.
دەزگاکە راگەیەنراوێکى لەوبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە چالاکییەکی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم و دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دوای چەند مانگێک هەماهەنگیی نێوانیان، توانیویانە چەکدارەکان دەستگیر بکەن.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، چەکدارەکان بە ئامانجی خۆحەشاردان روویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو، لە لێکۆڵینەوەکاندا دانیان بەوەدا ناوە پیلاندانەر و بەشداری چەندین کردەوەی تیرۆرستی بوون.
دەزگاکە راشیگەیاندووە، چەکدارەکان بە مادەی 4ـی تیرۆر لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە داواکراون، هاوکات لەبەر تایبەتمەندیی کەیسەکانیان رادەستی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کران.