زووم..
رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
دواى هەشت ساڵ لە دابڕان ئێران و سودان پەیوەندییەکانیان دەستپێکردەوە.
حسێن ئەمین، بریکارى وەزارەتى دەرەوەى سودان لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ ئێران پەیوەندییەکانیان دەستپێکردوەتەوە و پێیان ناوەتە قۆناغێکی نوێوە، هەروەها حەسەن شاهیش بووەتە باڵیۆزی ئێران لە وڵاتەکەیان، لە هەمان کاتیشدا عەبدولعەزیز حەسەن ساڵحیش دەبێتە باڵیۆزی وڵاتەکەى لە ئێران.
راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان دەریانخستووە ئێران هاوکاری سوپاى سودانى کردووە بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان لە جۆری (موهاجر 6)، دواى ئەوەى لە ساڵی 2016ـەوە بە فەرمانى عومەر حەسەن بەشیر، سەرۆکی پێشوتری سودان باڵیۆزی ئێران لە سودان دەرکراوە، پەیوەندیەکانیان پچڕاوە، بەڵام لە پەراوێزی کۆبوونەوەى وەزیرانى وڵاتانى بێلایەن لە ئازەربایجان لە 2023 هەردوو وەزیری دەرەوە بڕیاری ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیان داوە.
سەباح
پرۆژەیەک بۆ کەمکردنەوەى خۆڵبارین لە عێراق بونیاد دەنرێت
یوسف موئەیەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا لە وەزارەتى ژینگەى عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەیان ئامادەکاریی دەکات بۆ پرۆژەیەکى نوێ کە سنوورێک بۆ خۆڵبارین و گەردەلولى لماویی و رۆچوونى زەوى دابنێت.
بە گوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى سەباح، پرۆژەکە لە لایەن حکومەتى بەریتانیاوە پشتیوانى دەکرێت و دەکەوێتە باشوورى عێراق و کۆمپانیا عێراقییەکان جێبەجێ دەکەن. راشیگەیاندوە، حکومەتى بەریتانیا لەگەڵ رێکخراوە پەیوەندیدارەکانى نەتەوەیەکگرتووەکاندا هەماهەنگی دەکات و دەچێتە خزمەتى ئەو پرۆژانەى کە بۆ گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا لە عێراق ئەنجام دەدرێن. یوسف موئەیەد راشیگەیاندووە، خۆڵبارین و گەردەلولى لماوی و رۆچوون لە باشورى عێراق زۆرە و پێویستى بە چارەسەر هەیە و لە زۆرینەى ئەو پارێزگایانەدا دەردەکەون کە لەژێر کاریگەریی گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوادان.
عەرەب
ئاشتەوایی ئەردۆغان و ئەسەد بەو ئاسانییە نایەتەدی
مونا یەعقوبیان، جێگری سەرۆکی ناوەندى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە پەیمانگاى ئاشتى ئەمریکا رایگەیاند، ئاشتەوایی نێوان ئەردۆغان و ئەسەد ئاسان نییە و لە شەو و رۆژێکدا نایەتەدی. سونیر کاغابتاى، بەڕێوەبەرى کاروباری تورکیاش لە پەیمانگاى واشنتن لەو بارەیەوە رایگەیاندوە، ئەنقەرە ئەوەى لە دیمەشق دەوێت کە کۆتایی بە چالاکییەکانى پارتى کرێکارانى کوردستان بهێنێت و کاروباری رێکخراوەییان سڕبکات، لە هەمان کاتیشدا رایگەیاندووە، ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیان کاتێک سەردەگرێت کە تورکیا بەتەواوى لە خاکی سوریا بکشێتەوە، بە گوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکەش مەرجەکانى هەردولا قورسن و پێناچێت بەو ئاسانییە بچنە ژێر بارى ئەو کارانەوە.
عەرەبی جەدید
دیاردەى دزی لە فەڕەنسا لە پەرەسەندندایە
بە گوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى عەرەبی جەدید، دیاردەى دزیکردنى سەر شەقام و دوکان و بازاڕەکان لە فەرەنسا لە پەرەسەندندایە و دامەزراوەکانى دەوڵەتیش نەیانتوانیوە چارەسەرى گونجاوى بۆ بدۆزنەوە و بەشێکیش لە تاوانەکان دەخنە ئەستۆی پەنابەرە عەرەبەکانى وڵاتەکەیان.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، هیچ هاووڵاتییەکى پاریس نییە ساڵانە جارێک یان دوجار دزی لێنەکرێت، راستڕەوە توندڕەوەکان و دامەزراوە میدیاییەکانیش جەخت لەوە دەکەنەوە پەنابەران ئەو کارە دەکەن بەتایبەتى پەنابەرانى عەرەب، بەڵام وەک رۆژنامەکە دەڵێت، بەگوێرەى بەدواداچوونە رۆژنامەوانییەکان، دیاردەى دزیکردن هیچ پەیوەندییەکی بە کۆچبەرانەوە نییە.
ئارنۆ فیلیپ و جیرۆم فالیت کە دوو توێژەری بەناوبانگی فەڕەنسان لە توێژینەوەیەکدا دەریانخستووە، لەنێوان دزیکردن و کۆچبەرەکاندا هیچ ئامارێکى فەرمی لە ئارادا نییە و پەیوەندى بەوانەوە نییە، بوونى چەند کەسێک لە نێو تاوانباراندا ناکاتە ئەوەى دیاردەکە بخرێتە سەر ئەوان.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
واشنتن پۆست
بایدن پێشبڕکێکەی بەجێهێشت
بایدن گوتی بڕوام وایە بۆ بەرژەوەندیی حزبەکەم و نیشتمانەکەشم وا باشە دابنیشم و تەنها مێشکم لەلای تەواوکردنی ئەرکەکانی خۆم بێت وەک سەرۆکی وڵات هەتا ئەوکاتەی کە خولی سەرۆکایەتییەکەی خۆم تەواودەبێت.
بایدن پاشەکشەی کرد و گوتی کە پشتیوانی لە کەمالا هاریس دەکات ببێت بە کاندید. رۆژی یەکشەممە بایدن کۆتایی بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەوەی خۆی هێنا، ئەو ئەرکەی فڕێداوەتە ناو گۆڕەپانی حزبەکەی خۆیەوە کە بەدوای کاندیدێکی نوێدا بگەڕێن.
عەرەب نیوز
سعودیە داوای دانبەخۆداگرتن لە ئیسرائیل و حوسییەکانی یەمەن دەکات
رۆژی یەکشەممە کە ئیسرائیل بەندەری حودەیدەی بۆردومان کرد و حوسییەکانیش گوتیان شەش کەس لەو بۆردومانەدا کوژراون، سعودیە داوای دانبەخۆداگرتنی لە لایەنەکان کرد، بۆئەوەی رەوشی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزتر نەبێت. لەپاش شەڕی ناو کەرتی غەزەوە، ئەمە فراوانبوونێکی نوێیە لە ئاڵۆزییەکاندا.
ئەم هێرشەی ئیسرائیل کە شاری حودەیدەی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانی گرتووەتەوە ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکات، ئەو هەوڵانەش پەکدەخات کە دەیانەوێت شەڕەکەی غەزە کۆتایی پێبهێنن.
فاینەنشیەڵ تایمز
دامەزرێنەرێکی گوگڵ پشتگیری لە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر وەک چارەسەر دەکات
سێرجی برین کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی گوگڵ پشتگیری لەوەدەکات مادەیەکی ناو دارستانە بارانییەکان هەیە وەک چارەسەر بۆ هەندێک لە نەخۆشییە عەقڵییەکان بەکاربهێنرێت. ئەو مادەیە لە کایە پزیشکییەکاندا وەک یەکێک لە هۆشبەرەکان ناسراوە.
ئەو کۆمپانیایەی کە برین کاری تیادا دەکات ناوی کاتالیستە، ساڵی 2021 خۆی دایمەزراندوە، بڕیاریداوە بڕی پێنج ملیۆن دۆلار وەک بەخشین بدات بە ئەو توێژینەوانەی کە کار لەسەر وەبەرهێنان لەو بوارەدا دەکەن. برین بڕوای وایە دەبێت ئەو مادەیە پەرەی پێبدرێت بۆئەوەی ببێت بە چارەسەرێک بۆ نەخۆشییە عەقڵییەکان سوودی لێ ببیندرێت.
دەیلی تەلەگراف
دیموکراتەکان کودەتایان کرد بەڵام نەک پێش لەکەداربوونی ناوبانگی پارتەکە
بایدن لە پێشبڕکێی سەرۆکایەتییەکە پاشەکشەی کرد و چانسەکەی خۆی دا بە کەمالا هاریس، دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کە بلیتی سەرکەوتنی پاڵێوراوەکان تا چەند چانسی سەرکەوتنی هەیە. کاتەکە زۆر درەنگ بوو بۆ ئەنجامدانی ئەو گۆڕانکارییە، تەنانەت ئاستی تێگەیشتنی دیموکراتەکان خۆشیان لە ئاستی کارەساتەکەیان وێرانە. بایدن لە ئێستادا وەک سەرۆک ماوەتەوە، بەڵام رووداوەکانی ئەم ماوەیەی رابردوو زیانی زۆریان لێدا.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
بازرگانە تورکەکان لە دورگەکانی یۆنان وەبەرهێنان دەکەن
بەهۆی گرانیی کەرتی گەشتیاریی لە تورکیا، بە تەنها گەشتیاری تورکی روویان لە دورگەکانى یۆنان نەکردوە، بەڵکو بازرگانە تورکەکانى کاری هۆتێل و رێستۆرانت دەکەن.
ئەوان بەهۆی گرانیی کرێ و نرخی موڵک لە شوێنە گەشتیارییەکانى تورکیا روویان لە دوورگەکانى یۆنان کردووە و لەوێ لە کەرتی گەشتیاریدا وەبەرهێنان دەکەن، موڵک بەکرێ دەگرن یاخود دەیکڕن. لەمساڵدا چاوەڕێ دەکرێت یەک ملیۆن و 200 هەزار گەشتیارى تورک روو لە دوورگەکانى یۆنان بکەن بۆ پشوودان.
قەرار
تاوانبارانی توندوتیژی دژ بە ژنان لە تورکیا سزای قورس نادرێن
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکییەکانى بەرزبوونەوەى رێژەى توندوتیژی دژ بە ژنان ئەوەیە کە تاوانباران سزای قورس نادرێن. ئەو کەسەی لە ئەنقەرە لەبەرچاوی مناڵەکانی حەوت چەقۆی لە ژنە کۆنەکەی دا، لەپاش نۆ مانگ لە زیندان ئازاد کرا. ژنە کۆنەکەى تانەى لە بڕیارەکەى دادگا بۆ ئازادکردنى هاوسەرەکەی پێشووی پێشکەشکردوە و داواى لەلایەنی دەوڵەت کردووە بخرێتە ژێر چاودێرییەوە لەبەرئەوەی مەترسی لەسەر ژیانی هەیە.
تورکگون
چایی تورکی لە وڵاتانی جیهاندا خواستی زۆری لەسەرە
چایی یەکێکە لە بەرهەمە کشتوکاڵییە گرنگەکانى تورکیا، لە شەش مانگی ئەمساڵدا چایی تورکیا هەناردەی 112 وڵاتی ئەوروپی و جیهانی کراوە. لە شەش مانگی ئەمساڵدا بڕی دوو هەزار و 989 کلیۆ چایی هەناردەى دەرەوە کراوە کە بڕی 13 ملیۆن و 914 هەزار و 532 دۆلار داهاتى بۆ تورکیا هەبووە.
ئایدنڵک
جەهەپە دەیەوێ دەم پارتى بکاتە هاوبەشی دەسەڵات
دۆغو پێرنچێک، سەرۆکی پارتی نیشتیمان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند، جەهەپە بە پشتیوانیی پەکەکە-دەم پارتى ناتوانێت لە تورکیا دەسەڵات بگرێتەدەست. چانسی هاتنەسەر دەسەڵات بە پشیتوانی پەکەکە و دەم پارتى چانسێکی لاوازە. هەموو کەس دەزانێت دەم پارتی درێژکراوەى سیاسیی پەکەکەیە. لەبەرئەوە رێککەوتن لەگەڵ دەم پارتى هەڵەیە و ناپاکیکردنە لە پۆلیس و سەربازی ئەم وڵاتە و هەوڵێکیشە بۆ دابەشکردنى خاکی تورکیا. لەبەرئەوە گەلی تورکیا پشتیوانی لە رێککەوتنێکی لەو جۆرە لەگەڵ جەهەپە ناکات.
رۆژنامە فارسییەکان
جەهانی سەنعەت
هۆشداری دەدرێت لەبارەی کەمیی 70 هەزار مامۆستا لە ئێران
سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەروەردە و توێژینەوەی پەرلەمانی ئێران ئاماژە بە کەمیی مامۆستایانی رایگەیاند: پێموایە ئەمساڵ رووبەڕووی کەمیی 70 بۆ 80 هەزار مامۆستا دەبینەوە.
عەلیرەزا مەنادی گوتیشی، بەداخەوە پرسی کەمیی مامۆستا واقیعێکە کە ساڵی رابردووش بوو بە کێشە، ئێمە زیاتر لە یەک ملیۆن مامۆستامان هەبوو کاتێک 12 ملیۆن خوێندکارمان هەبوو، بەڵام ئێستا کە ژمارەیەکی زۆر مامۆستا پێکەوە خانەنشین دەبن، کەلێنێکی گەورە دروست دەبێت، بۆیە دەبێت گرنگی بەم بابەتە بدەین و مامۆستای زیاتر وەرگرین.
جمهوریی ئیسلامی
کەسێک بەهۆی تای خوێنبەربوون لە ئێران گیانی لەدەستدا
سەرۆکی ناوەندی بەڕێوەبردنی نەخۆشییە پەتاییەکان لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران تۆمارکردنی 151 حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون و گیانلەدەستدانی یەک کەسی بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە راگەیاند.
دکتۆر شەهنام عەرشی ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی مانگێک لەمەوبەر، حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە تاران دەستنیشانکرا بەڵام ئەمە بە مانای بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە نییە لە تاران.
لە ئێستادا بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە چەند پارێزگایەک هەیە و رێکاری پێویست بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی گیراوەتەبەر بەڵام کەسێک بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانی لەدەستداوە کە تەمەنی زیاتر لە 80 ساڵ بووە و لە ئیمارات تووشی ئەم نەخۆشییە بووە.
مەردوم سالاری
بەرهەمهێنانی شووتی ساڵانە زیانی حەوت ملیار دۆلار بە ئابووریی ئێران دەگەیەنێت
ئەمیر کەشانی، ئەندامی ژووری بازرگانیی ئێران دەڵێت، ئێران وڵاتێکی کەم ئاوە بەڵام کەمترین نرخی بۆ فرۆشتنی شووتی هەیە و ئامارەکان دەریدەخەن کە هەرزانی بەرهەمی ساڵانەی شووتی حەوت ملیار دۆلار زیان به ئابووریی ئێران دەگەیەنێت و ئەمەش بەدەرە لە زیانی بۆ سروشت و سەرچاوە ئاوییەکان.
دەشڵێت، دەستێوەردانی حکومەت لە نرخداناندا دەبێتە هۆی تێکچوونی بازاڕ و زیانی بۆ بەرهەمهێنەر و بەکاربەر هەیە.
ئەبرار
هۆشدارییەک بۆ وەزیری تەندروستی؛ مانگانە 200 پەرستار لە ئێران کۆچ دەکەن
ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیستمی پەرستاریی ئێران باس لە کێشەی قورسیی بژێویی پەرستاران دەکات و دەڵێت، مانگانە 150 بۆ 200 پەرستار لەو وڵاتە کۆچ دەکەن.
فەرەیدون مورادی دەڵێت، پەرستاران مووچەی کەمیان هەیە و لە ئاستی رێزی پەرستارەکاندا نییە؛ ئێستا پەرستارێک بە ئەزموونی 25 ساڵەوە، بۆ هەر کاتژمێرێک کاری زیادە کەمتر لە دۆلارێک وەردەگرێت کە بڕە پارەیەکی زۆر کەمە و باجیش لەسەر ئەم بڕە مووچەیە دادەنرێت.
لە ئێستادا کەمیی ستافی پەرستاری یەکێکە لە کێشە گرنگەکانی کۆمەڵگەی پەرستاری و بە کۆچی بەردەوام ئەم کێشەیە گەورەتر دەبێت.