زووم..
ئەبولقاسم حوسێنی، سەرۆکی ئەنجومەنی تۆمارکەرانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە ئێران ئاشکرایکرد، لە هەر پێنج هاوسەرگیرییەک دووانیان بە جیابوونەوە کۆتایی دێت.
ئەبولقاسم حوسێنی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی فەرمیی ئیسنا رایگەیاند، ئێستا لە ئێران حاڵەتەکانی جیابوونەوە زۆربووە و هاوسەرگیری کەمبووەتەوە و ئاشکرایکرد، لە هەر پێنج حاڵەتێکی هاوسەرگیری دوو دانەیان بە جیابوونەوە کۆتایی دێت.
حوسێنی بە ئاماژە بە بوونی سێ جۆر جیابوونەوە دا و گوتی، یەکێکیان ئەوەیە کە پیاوە خۆی ون دەکات و واز لە خێزانەکەی دەهێنێت، جۆری دووەم ئەوەیە کە بە رەزامەندی هەردوولا دەکرێت و جۆری سێیەمی جیابوونەوەش ئەوەیە کە دایک و باوک بە شێوەیەکی روواڵەتی و بە سیناریۆ جیادەبنەوە بۆئەوەی منداڵەکانیان لە خزمەتی سەربازی ببەخشرێن.
سەبارەت بەوەی لە ھەندێک پارێزگادا بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئامارەکان، بەشێک لە حاڵەتەکانی جیابوونەوە تۆمار ناکرێن و بۆ شارەکانی دیکە دەنێردرێن، سەرۆکی ئەنجومەنی تۆمارکەرانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە ئێران گوتی، ئێستا پرۆسەی هاوسەرگیری و جیابوونەوە بەشێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوەدەچێت و تۆماریش دەکرێن، ئەوەش رێگری لە فێڵکردن و خۆدزینەوە لە تۆمارکردن دەگرێت.