زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
خانەنشینانی تورکیا لەش ساغ نین
کازم ئەگون، سەرۆکی رێکخراوی خانەنشینانی تورکیا رایگەیاند، بەهۆى ئەوەى خانەنشینان بەگوێرەى پێویست خواردن ناخۆن، زۆربەیان لەشیان ساغ نییە و نەخۆشن و بەردەوام بە رێگەى نەخۆشخانەوەن، پێویستە حکومەت ئاوڕی جدى لە خانەنشینان بداتەوە.
رۆژنامەکە نووسیوێتی نرخی یەک کیلۆ گۆشت 500 لیرەیە، نرخی کیلۆیەک میوە لەنێوان 100 لیرەیە.
قەرار
تورکیا فیدڕاڵییەت بۆ قوبروس بە گونجاو نازانێت
لەکاتى بەشدارییکردنى 50 هەمین ساڵیادی ئۆپراسیۆنەکەى تورکیا بۆ قوبروس، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا رایگەیاند، خوازیارن ئاشتی لە قوبروس بەرقەرار بێت، بۆ ئەو مەبەستەش فیدڕاڵییەت وەک چارەسەر بە گونجاو نابینین.
یەنیچاغ
دەریاچەی وان مرۆڤ قووت دەدات
بەهۆی بەرزبونەوەى پلەکانى گەرما، خەڵک روو لە دەریاچەى وان دەکەن بۆ مەلەکردن و خۆفێنککردنەوە و لەمساڵدا 19 کەس لە دەریاچەکە خنکاون. پسپۆڕان کار لەسەر هۆکاری خنکانەکان دەکەن و ئێستا مەلەکردن لە دەریاچەکە قەدەغە کراوە.
یەنی بیرلیک
نرخەکان لە تورکیا جێگر نین
ئیسماعیل مەنتێش، بەڕێوەبەری ژوورى بازرگانیی ئیستەنبوڵ رایگەیاند، لە مانگی تەمموزدا تیمەکانیان سەردانى شەش هەزار و 498 شوێنیان کردووە، بەمەبەستی رێگریی لە گرانی، لەبەرئەوەى لە ئیستەنبوڵ لە مارکێتەکاندا نرخەکان جێگیر نییە.
ئەو دەڵێت، زیاتر لە نۆ هەزار و 751 جۆر بەرهەم و کاڵا نرخەکانیان جێگیر نەبووە یان بە نرخی زیاتر بە هاووڵاتیان فرۆشراوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
واشنتن پۆست
دارودەستەى بایدن کەوتوونەتە ململانێ لەگەڵ بانگەشەکانی پاشەکشەدا
ئەندامانی خێزانەکەی بایدن هێشتا پێداگری دەکەن، وەک کاندید بمێنێتەوە، بەڵام ئەو فشارانەش زۆربوون، کە داوای دەستبەرداربوونى دەکەن.
جۆ بایدن، لەپاش بەسەربردنی پشووی کۆتایی هەفتە لە کامپ دەیڤد، کاتژمێر 7:00ـى ئێوارە گەڕایەوە کۆشکی سپی و ئەندامەکانی خێزانەکەی لەگەڵیدا بوون. بۆ چوونەژورەوە بۆ نێو کۆشک رێگەی دەرگاکانی باشووری کۆشکەکەی بەکارهێنا، دەبوو بە 45 خولەک پاش ئەوە گوتارێکی هەبێت و بۆچوونی خۆی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای باڵا روون بکاتەوە، کە پارێزبەندیی سەرۆکایەتی بەخشیوە بە دۆناڵد ترەمپ.
بایدن داوای لە هەنتەری کوڕی خۆی کرد، بەباشی گوێ لە گوتارەکەی بگرێت و چەند خاڵێکی سەرەکی بۆ دیاری بکات بۆئەوەی بنێردرێت بۆ میدیاکان.
عەرەب نیوز
یاریی پەبجیی مۆبایل پێشبڕکێیەکی جامی جیهانی بۆ یارییەکە لە ریاز ئەنجامدەدات
پێشبڕکێکان زۆر گەرمن، بەڵام بەڵێن نەدراوە هیچ خەڵاتێکی لەسەر پێشکەش بکرێت.
ماوەیەکی زۆربوو چاوەڕوانی ئەم پاڵەوانێتییە دەکرا، کە بۆ یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە ریازی پایتەختی سعودیە ئەنجام بدرێت. یارییەکان لەنێو کەمپی بۆلیڤاردی شاری ریازدا لەنێوان رۆژانی 19 بۆ 28ـى تەمموز بەردەوام دەبن.
ئامانجی پێشبڕکێکەران ئەوەیە بە پەڕەشووت داببەزنە نێو دوورگەیەکی دوور و شەڕ بکەن، کێ تا دوایین کەس مایەوە، دەبێت بە براوە.
سەندەی تایمز
هەوڵیاندا بمان کەن بە روسی، ئەمە لێدوانی چەندین منداڵە حکومەتەکەی پوتین لە ئۆکراین فڕاندبوونی
هەزاران منداڵی ئۆکراینی هەن لەلایەن روسیاوە فڕێندراون و لەوانەیە هەرگیز نەتوانن بگەڕێنەوە نێو خێزانەکانیان، لەبەرئەوەی پەروەردەیەکی وەهایان پێدراوە لە دژی نیشتمانی خۆیان بن.
ئەو کەسانەی هەوڵی رزگارکردنی ئەم منداڵانە دەدەن، خەمی ئەم مەسەلەیان لێنیشتوە.
رۆژنامەی تایمز چەند کەمپێک گەڕاوە و چاوی بە هەندێک لەو منداڵانە کەوتووە، کە توانیویانە بگەڕێنەوە، ئەم منداڵانە زانیاریی زۆریان لەلابوو لەبارەی هەوڵەکانی روسیاوە بۆ سڕینەوەی مێشکیان.
دەیلی ئێکسپرێس
خیانەتە گەورەکەی برێکزیت سەرهەڵدەداتەوە
یاسایەکی نوێ دادەنرێت، بەریتانیا بباتەوە بەر فەرمانە قێزەونەکانی یەکێتیی ئەوروپا
دوێنێ شەو باس لەبارەی خیانەتێکی گەورەی برێکزیت کرایەوە، کە پارتی کرێکاران دەیەوێت بەریتانیا بباتەوە ژێر فەرمانی برۆکسل.
یاسایەکی نوێ لەلایەن وەزیرەکانەوە گەڵاڵەکراوە و دەیەوێت کارگەکانی بەریتانیا وابەستەبکاتەوە بە یاساکانی سەلامەتیی بەرهەمهێنانی یەکێتیی ئەوروپاوە، ئەمەش زیانی دەبێت.
رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
سودانى داوا لە وەزارەتى بەرگری دەکات پێداچوونەوە بە هەموو گرێبەستەکانیدا بکات
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەکاتى کردنەوەى کارگەیەکى وەبەرهێنانى گوللـەهاوەن لە باشوورى بەغداد رایگەیاند، پیشەسازیی سەربازی یەکێک لە بنەماکانى پاراستنی سەروەرییمان بۆ دابیندەکات.
گوتى، ئێمە لەناوچەیەکى گەرمی جەنگیداین پێویستمان بە ئامێر و پێداویستییە جەنگییەکان دەبێت و پێویستە ئەنجومەنى وەزیران بەهیچ شێوەیەک داواکاریی پێداویستیەکانى پیشەسازیی سەربازی رانەگرێت و رەزامەندی خێراى لەسەر بدرێت.
ئەو گوتى، داوا لە پەرلەمانتاران دەکەم بە چاوى گەندەڵییەوە لە هەموو گرێبەستێک بڕوانن، کە دەیەوێت هاوردە بکات بۆ عێراق و داواش لە وەزارەتى بەرگری دەکەم لەماوەى هەفتەیەکدا پێداچوونەوە بە هەموو گرێبەست و لیژنەکانى کڕینى پێداویستییە جەنگییەکاندا بکات.
سەباح
ساڵی داهاتوو سێ فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى لە عێراق دەکرێنەوە
مەیسەم سافى، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى راگەیاندنى وەزارەتى گواستنەوە ریگەیاند، لە ساڵی داهاتوودا سێ فڕۆکەخانەى گەورە لە موسڵ، کەربەلا و ناسریە دەکرێنەوە، لەگەڵ دامەزراوە پیرۆزەکانى کەربەلاشدا هەماهەنگییان کردووە بۆ تەواوکردن و جێبەجێکردنى فڕۆکەخانەکە، لەبەرئەوەى ساڵانە زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیارى ئاینى روو لەو پارێزگایە دەکەن و دەبێتە سەرچاوەیەکى بەهێزى داهات و بەرەوپێشتربردنى پارێزگاکە و پێشى هەموو فڕۆکەخانەکانى عێراق دەکەوێت.
فڕۆکەخانەکە کۆمپانیایەکی بەریتانی بەبڕی 500 ملیۆن دۆلار جێبەجێی دەکات، رایگەیاند، فڕۆکەخانەى ناسریە دوو کۆمپانیای چینى و تورکی دروستى دەکات.
فڕۆکەخانەى موسڵ لەژێر تاوتوێی دیزاین و گرێبەست و پشکنینى خاک و بابەتە کارگێڕییەکاندایە و بۆ ساڵى داهاتوو هەرسێکیان دەچنە بوارى جێبەجێکردنەوە.
دەستور
عێراق لە ریزبەندی پێنجەمى وڵاتانى عەرەبیدایە بۆ لەناوچوونى ئاژەڵە دەگمەنەکان
فازڵ غەراوی، سەرۆکی ناوەندیى ستراتیژیی مافەکانى مرۆڤ رایگەیاند، ژمارەیەک لە گیانلەبەرە ئاوی و وشکانییەکانى عێراق لەبەردەم مەترسى لەناوچوندان و ئەو ئاژەڵانەش دەکەونە باکوور و ناوەڕاست و باشوورى وڵاتەوە.
ئاژەڵەکان بریتین لە ئاسکی ریمی عەرەبی، سەگڵاو، کیسەڵی فوراتى، بزنە کێویی، بولبولی عێراقی، سمۆرەى ئاوی، پڵنگ، ماسی کوێر، مارى شاخدار، داڵ، کە سەرگەڕیشی پێدەگوترێت.
فازڵ غەراوی دەڵێت، هۆکارەکانى لەناوچوونى گیانلەبەرەکان گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا، راوکردنی بێبەرنامە و مۆڵەت، چالاکییەکانى مرۆڤ لە پیشەسازی و بیناسازی، سووتانى دارستان و پاوەنەکانە.
داوا لە حکومەت دەکات بەتوندى رووبەڕووى ئەو کەسانە ببێـتەوە، کە هۆکارى لەناوبردنى ئەو ئاژەڵانەن و لیژنەى تایبەتیان لەسەرجەم پارێزگاندا بۆ پێکبهێنرێت.
عەرەب
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆتاییان بە رۆڵی باوک هێناوە
نەبوونى سنورێکی دیاریکراو بۆ ئازادییەکان لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وایکردوە، بەشێکى زۆر لە خێزانەکان لەبەردەم هەڕەشەى لەناوچووندا بن و رۆڵی دایک و باوک ناهێڵن.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان رێبەرایەتى کۆمەڵگە دەکەن و بەخێرایی گۆڕانکارییەکان دێننە پێشەوە، یەکێک لە دیاردە تایبەتەکانى ئاڕاستەکردنى لاوان و مێرمنداڵان.
لەلایەکى دیکەشەوە سنوورى نەهێشتووە بۆ دروستکردنى پەیوەندی و هاوڕێیەتى، بەجۆرێک سۆشیاڵ میدیا هیچ سنوورێکی نەهێشتوەتەوە بۆ ئەو بوارەش، لەبوارى بیروباوەڕ و بابەتەکانى حەڵاڵ و حەرام، یاسایی و نایاسایی، شیاو و نەشیاوى کۆمەڵایەتیشدا سنوورێکى نەهێشتووەتەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەفکار
ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و ئەفریقا فراوانتر بووە
ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەفریقا لە بەهاری ئەمساڵدا نزیکەی 400 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای 162 ملیۆن دۆلار بووە.
بەشێوەیەکی گشتی ئاڵوگۆڕی ساڵانەی ئێران لەگەڵ ئەفریقا یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلارە، کە زۆربەی هەناردەی ئێرانە.
37%ـى هەناردەی ئێران بۆ ئەفریقا بریتییە لە پۆڵا و بەرهەمە ئاسنییەکان.
کیشوەری ئەفریقا بە یەک ملیار و 400 ملیۆن کەس و 54 وڵاتەوە، بە دەرفەتێکی گەورە دادەنرێت لە بواری بازرگانی و پەیوەندییە ئابوورییەکاندا بۆ ئێران.
ئارمانی ئیمروز
جیاوازی گەرمترین و فێنکترین ناوچەکانی ئێران 40 پلەى سیلیزییە
بەگوێرەی راگەیاندنی رێکخراوی کەشناسیی ئێران، لە ماوەی شەو و رۆژی رابردوودا جیاوازی پلەکانی گەرما لەنێوان گەرمترین و فێنکترین ناوچەکانی ئێراندا 40 پلە تۆمار کراوە.
لە فڕۆکەخانەی ئەردەبیل پلەکانی گەرما نزیکەی نۆ پلەی سیلیزی تۆمارکراوە، ئەمەش وایکردووە فێنکترین ناوچەی ئەو وڵاتە بێت.
هەر لەو ماوەیەدا بەرزترین پلەی گەرمی گەرما لە شوش لە پارێزگای خوزستان تۆمارکراوە، کە گەیشتووتە 50 پلەی سیلیزی و بەمەش گەرمترین شاری ئەو وڵاتە بوو.
ئەبراری ئیقتسادی
ئەو فەرمانگانەی بەکارهێنانیان زۆرە بە بڕینی کارەبا سزا دەدرێن!
عەلی ئەکبەر مێهرابیان، وەزیری وزەى ئێران رایگەیاند، ئەو فەرمانگانەی بەکارھێنانی کارەبایان کەم ناکەنەوە، سزا دەدرێن و کارەباشیان دەبڕدرێت. حکومەت جەخت دەکاتەوە دروستبەکاربردن لە کەرتەکانی حکومەتەوە دەستپێبکات و کۆمپانیاکانی دابەشکردنی کارەبا پابەندن بە جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە.
لە کۆبوونەوەی بەڕێوەبردنی بەکارهێنانی کارەبا، کە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی باڵای پیشەسازی کارەبای وڵات بەڕێوەچوو، مێهرابیان ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی بێوێنەی پلەکانی گەرما و خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا کرد و گوتی، کەرتە جیاوازەکانی پیشەسازی کارەبا لە ئامادەباشی تەواودان.
بەڵام هەندێک لە فەرمانگەکان ئەرکی خۆیان لە کەمکردنەوەی بەکاربردن جێبەجێ ناکەن و کۆمپانیاکانی دابەشکردن ناچارن کارەبای ئەو بەشانە ببڕن.
باختەر
زیانەکانی سووتاندنی زبڵ و خاشاک
سووتاندنی زبڵ و خاشاک زیانی تەندروستی و ژینگەی زۆری هەیە. سووتاندنی پاشماوەی شار و گوندەکان، کە پلاستیکیان تێدایە پیسکەری ژەهراوی بۆ هەوا زیاد دەکەن.
ئەم پیسکەرانە بریتین لە دایۆکسین، ئۆکسیدی گۆگرد، کلۆر، فلۆرین، هایدرۆکاربۆن، کە زیانێکی زۆریان بۆ ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ هەیە و دەبنە هۆی شێرپەنجە و گۆڕانی کرۆمۆسۆم و کێشەکانی پێست و هەناسەدان و دەمارەکان.
ئەو مادە ژەهراویانەی لە سووتانی پاشماوە دەردەچن، دەچنە نێو خاک، ئاو و بەروبوومەکان و دواجار دەچنە نێو خۆراکی مرۆڤەوە.
سوتاندنی پاشماوە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و هەناسەدان و زیانگەیاندن بە کۆئەندامی دەمار و گورچیلە و جگەر.
سووتاندنی زبڵ بەگوێرەی یاسا رێگەپێدراو نییە و دەبێت لێپرسینەوە لە سەرپێچیکاران بکرێت.