زووم..
فشاری سەر حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ خنکێنەرتر دەبێت و لە نوێترین پێشهاتدا، لە هەولێر پێدانی مۆڵەتی مانەوە بە ئەندامانی ئەو حزبانە راگیراوە، لە سلێمانیش بەردەوامە، بەڵام رێکارەکان توندتر و ماوەکەشی کورتتر کراوەتەوە.
زووم پەیوەندی بە حەوت سەرچاوەی بەرپرس و ئاگاداری نێو حزبەکانی رۆژهەڵاتەوە کرد، سەرجەمیان زانیارییەکەیان پشتڕاستکردەوە، ئەوان دەڵێن، ماوەی زیاتر لە مانگێکە ئەندامانیان بۆ نوێکردنەوەی مافی مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی هەولێر دەکەن، بەڵام بۆیان نوێ ناکرێتەوە و پێیان دەگوترێت، نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان راگیراوە.
هەر بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، لە سلێمانیش رێکارەکان توندکراونەتەوە و لەئێستادا مۆڵەتی یەک ساڵی نەماوە و کورتکراوەتەوە بۆ مۆڵەتی یەک مانگی، هەروەها چیتر بۆ نوێکردنەوە و کەیسى نوێى پەنابەرى، کار بە نووسراوى پشتگیریی حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان ناکرێت.
سێ بەرپرسی ئەو حزبانە بە زوومیان گوت، بە دڵنیاییەوە ئەم پێشهاتە جێبەجێکردنی خاڵێکی دیکەی ناو رێککەوتنە ئەمنییەکەی ئازاری ساڵی رابردووی حکومەتی عێراق و ئێران و هەرێمی کوردستانە لەبارەی حزبەکانی رۆژهەڵاتەوە.
دەشڵێن، حزبەکان بە فەرمی داوای روونکردنەوەیان لە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ و هەروەها پارتی و یەکێتی کردووە لەبارەى ئەم پێشهاتە، بەڵام تائێستا ئەوان هیچ وەڵامێکیان نەداونەتەوە ئاخۆ بۆچی و چۆن و تا کەی نوێکردنەوەی مۆڵەت راگیراوە و تەنها پێیان گوتوون، بڕیاریان بۆ هاتووە و لە هەولێر مۆڵەت نوێ ناکەنەوە و لە سلێمانیش کورتکراوەتەوە.
لەکاتی قسەکردن لەگەڵ ئەو سەرچاوانە، زووم بۆی دەرکەوت کە پەیوەندیی حکومی و حزبی لایەنەکانی رۆژهەڵات لەگەڵ هەرێمی کوردستان تەواو کەمبووەتەوە، بە شێوەیەک چیتر بانگهێشت ناکرێن بۆ رێوڕەسم و کۆبوونەوەکان.
ناوەڕاستی مانگی رابردوو، زووم لە زاری سروە ناسری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی کۆمۆنسیتی ئێران ئاشکرایکرد، دەزگای ئاسایشی هەرێم لە سلێمانی داوای لە باڵەکانی کۆمەڵە لە زڕگوێز و زڕگوێزەڵە و بانە گەورە کردووە ناوچەکان چۆڵبکەن، بەڵام ئەوان رەتیانکردووەتەوە.
هاوکات هەفتەی رابردوو، کازم غەریب ئابادی، جێگری کاروباری نێودەوڵەتیی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، لیستی 120 کەسی چالاکانی کوردیان داوە بە حکومەتی عێراق بە مەبەستی رادەستکردنەوەیان بە تاران، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش دەڵێن، زانیارییان لەبارەی ناوەکانەوە نییە و بە دووری دەزانن عێراق و هەرێم بچنە ژێر باری ئەو داوایەوە.