زووم…
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق وەرزێکی دیکەی یاسادانان دەستپێدەکات، لە هەمانکاتدا مۆڵەتەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سوننەکان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان کۆتایی دێت.
بریارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەستبکاتەوە بە دانیشتنەکانی، لە بەرنامەی کاریدا چوار بابەت دیاریکراون، هیچیان پەیوەندیان بە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێوە نییە.
بە گوێرەی بەرنامەی کار، هەمواری پڕۆژەیاسای دامەزراوەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، پەیوەندیی ئاسمانیی لەگەڵ ئازەربایجان، پرۆژەیاسای دەزگای هەواڵگری لەگەڵ هەمواری پرۆژەیاسای پاسپۆرت، ئەو چوار بابەتەن پەرلەمان کاریان لەسەر دەکات.
هەر ئەمڕۆ مۆڵەتەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سوننەکان کۆتایی دێت، کە لە کۆتایی مانگی رابردوو چوارچێوەی هەماهەنگی 20 رۆژی لەبەردەمیان دانابوو، بۆئەوەی کورسی سەرۆکی پەرلەمان یەکلابکەنەوە.
ئەوکات چوارچێوەی هەماهەنگی هەڕەشەی ئەوەیکرد، ئەگەر سونەکان لەسەر یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە رێکنەکەون، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمان سەرۆک هەڵدەبژێرن.