درەنگی شەوی دووشەممە 21ی تشرینی دووەم، لە گەڕەکی “گرێ باسێ” لە دهۆک سیستمی غازی سەمونخانەیەک تەقیەوە، شەش کەس گیانیان لەدەستدا و 31 کەسی دیکە برینداربوون.
ئەو باڵەخانەى تەقینەوەکە تێیدا رویدا، نهۆمى سەرەوەى بەشە ناوخۆیی خوێندکارانى کوڕانە، کە تایبەت بووە بە خوێندکارانی سێ پەیمانگای سەر بە وەزارەتی پەروەردە؛ وەرزش، کۆمپیوتەر و هونەرە جوانەکان.
ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆی دهۆک بۆ سەردانیکردن لەو کاتەدا لە بەشە ناوخۆییەکان بوون، یەکێک لە خوێندکارە میوانەکان بە ناوی نیهاد عەلی، گیانی لەدەستدا، کە خوێندکاری کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتى دهۆک بووە.
وێنەی خوێندکارەکەی زانکۆی دهۆک،کە لە رووداوەکە گیانی لەدەستدا
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، برینی بەشێکیان سوکە و نێردراونەتەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام هەندێکی دیکەیان پێویستیان بە چاودێری و چارەسەرە. بەگوێرەى تەندروستی دهۆک، دوو بریندار تەندروستیان جێگیر نیە.
لەنێو ئەو پێنج کەسەی گیانیان لەدەستداوە، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی دهۆک و دوو کارمەندى پۆلیس هەن.
ئەفسەر و دوو کارمەندەکەى پۆلیس لەگەڵ دروستبوونی ئاگرەکە ویستوویانە کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن بەڵام پێش ئەوەی بگەن، بە تانکی غازەکە، تەقیوەتەوە.
رائید عەلی بەرواری، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی دهۆک کە لە رووداوەکە گیانی لەدەستدا
کرێکارێکی سەمونخانەکەش بە ناوی سعود ئەحمەد، کەسی پێنجەمە، کە لە روداوەکە گیانی لەدەستداوە و خەڵکی زومارە.
دوای نزیکەی 15 کاتژمێر لە رووداوەکە، گەنجێکی دیکەی بریندار بە ناوی “نێچیرڤان عەبدولعەزیز” تەمەن 25 ساڵ گیانی لەدەستدا.
وەک لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت پێش تەقینەوەی تانکی غازەکە، لێچوونێکی زۆر هەیە، بەشێک لە خوێندکارانیش گوتویانە چەند رۆژێک بووە هەستیان بە بۆنی غاز کردووە.
لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا ئەمە دووەم روداوی تەقینەوەى غازە لە هەرێمى کوردستان، پێنجشەممەی رابردوو لە گەڕەکی کازیوەی سلێمانی بەهۆی تەقینەوەی سیستمی غازی ماڵێک 15 کەس گیانیان لەدەستدا و 12ی دیکەش بریندار بوون.
عەلی تەتەر، پارێزگارى دهۆک، دوو رۆژ ماتەمینی لە پارێزگاکە راگەیاند، هاوکات هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی وەک هاوخەمى بۆ تەقینەوەکەی دهۆک، پرسەی گشتی لە سلێمانی راگەیاند.
دهۆک و سلێمانی پرسەی گشتییان راگەیاند
حکومەت کارکردن بە سیستمی غاز رادەگرێت
چەند کاتژمێرێک پێش تەقینەوەکەی دهۆک، ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رێنمایی لەبارەی کارکردنی سیستمی غاز دەرکرد.
پارێزگای هەولێر رایگەیاند، هیچ كۆمپانیا و کەسێک بەبێ وەرگرتنى رەزامەندى بەرگرى شارستانى، نابێت سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە، نانەواخانە و ماڵان جێگیر بکات.
راستەوخۆ دوای تەقینەوەکەی دهۆک، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر گوتى، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بڕیاریداوە ههموو جۆرێک له کارکردن به سیستمی غاز رابگیرێت و نابێت به هیچ جۆرێک بهکاربهێنرێت.
ههموو جۆرێک له کارکردن به سیستمی غاز رابگیرێت
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمى کوردستان رایگەیاند، دووبارەبوونەوەی روداوی تەقینەوەی غاز جێگەی نیگەرانی و مەترسی جدییە، دەبێت لایەنی پەیوەندیدار بەزووترین کات و بەجدی لەسەر ئەو بابەتە رابوەستێت و چاودێرییەکی باشتری سیستەمی غاز و چۆنێتیی بەکارهێنانی بکات.