رۆژنامە عەرەببیەکان
شەرقلئەوسەت
دادگاى لاهای داگیرکردنى خاکی فەلەستین لە لایەن ئیسرائیلەوە بە نایاسایی دەزانێت
نەواف سەلام، دادوەر و سەرۆکی دادبینى تایبەت بە داواکارییەکى نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەى یەکلاییکردنەوەى داگیرکارییەکانى خاکی فەلەستین لە لایەن ئیسرائیلەوە رایگەیاند، بوون و مانەوەى ئیسرائیل لەسەر خاکی فەلەستین کارێکى نایاساییە و پێویستە بەزوترین کات کۆتایی پێبێت، ئەمەش ئیسرائیلى توڕەکردووە و حکومەتەکەى بە بڕیاری درۆ ناوى هێناوە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە دادگا لە مانگی شوباتى رابردووەوە سەرقاڵی کۆکردنەوەى بەڵگەکان و گوێبیستى لایەنە پەیوەندیدارەکان بووە، بەڵام ئیسرائیل لە هیچ یەکێک لەو لێکۆڵینەوانەدا بەشداری نەکردوە، فەلەستینیەکانیش ئەم رۆژەیان بە رۆژێکی مێژوویی ناوهێناوە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری نەتانیاهۆوە بڵاویکردووەتەوە، گەلى یەهود گوێ بەو بڕیارەى دادگاى لاهاى نادات و خۆی بە داگیرکەرى خاکێک نازانێت کە نیشتمانى لە مێژینەى خۆیەتى.
عەرەب
کورد لە زیندانى جوگرافیادا ستەمێکى گەورەى لێکراوە
تیم مارشاڵ، رۆژنامەنووس و نووسەرى بەریتانى لە کتێبێکدا بە ناوى زیندانیانى جوگرافیا باس لە کێشەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و نەتەوەى کورد دەکات، کە لە لایەن وڵاتانى زلهێزەوە بۆیان هاتووەتە پێشەوە و راشکاوانە لە روانگەى مێژوییەوە تیشکى خستووەتە سەر کێشەکانى ئێستا و دەڵێت، وڵاتانى ئەوروپا لە پێناو ئامانجە داگیرکارییەکانى خۆیاندا نەخشەى وڵاتانیان داڕشتوەتەوە و ستەمێکى گەورەیان لە هەندێک لە نەتەوەکانى ناوچەکە کردووە و خزم و کەسوکاریان لەیەکدى دابڕیوە، لەنێو ئەو نەتەوانەدا کورد ستەمێکی گەورەى لێکراوە.
مارشاڵ دەڵێت، دواى دابەشکردنى خاکی عوسمانى چەندین رێککەوتننامەى جیهانى هاتوونەتە پێشەوە و هەریەکەیان بە جۆرێک ستەمی لە کوردەکان کردووە، لەوانەش سایکس بیکۆی 1916 و داگیرکردنى عێراق لە لایەن بەریتانیاوە لە ساڵی 1917، بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە لەم کتێبەدا کورد بە چەند گەلێکى جیاوازى لە یەک ناوهێناوە و بەهیچ شێوەیەک نەگەڕاوەتەوە بۆ کوردستانى پێش دابەشکاری و تەنها چاوى لەسەر باشوورى کوردستانە.
عەرەبى جەدید
قەیرەیی لە چین بووەتە کێشەیەکی گەورە
نووسینگەى نیشتمانیى ئامارى چین بڵاویکردووەتەوە، لە هەر پێنج ئافرەتى تەمەن 29 بۆ 35 ساڵ لە چین یەکێکیان هاوسەرگیری نەکردووە و هۆکارەکەشى پاشەکشەى ئابووریی وڵاتەکەیە و لە ئێستاشدا دستەواژەى قەیرەیی لە چین بووەتە شتێکى ئاسایی لەنێو خەڵکد.
شی جین بینگ، سەرۆکی وڵاتەکە رایگەیاند، دەبێت کاربکەین بۆ پەرەپێدانى رۆشنبیرییەکى نوێ، کە خەڵک بەرەو هاوسەرگیری هەنگاو بنێت و منداڵ بخەنەوە، بەڵام ژنانى ئەو وڵاتە باوەڕ بەم داواکارییە ناکەن.
بەگوێرەى ئاماری ساڵی 2023 رێژەى قەیرەیی لە چین گەیشتووەتە 73%.
بینگ میو، توێژەر لە پەیمانگای چینى بۆ توێژینەوە دەرونیەکان بە رۆژنامەى عەرەبی جەدیدى راگەیاندووە، ترس لە قەیرەیی وایکردووە ژنانى ژین بیر لە جێهێشتنى وڵاتەکەیان بکەنەوە، کە لە راستیدا کارێکى دروست نییە.
قودسى عەرەبی
پاکستان کەسێکى نزیک لە ئوسامە بن لادنى دەستگیرگرد
دەسەڵاتدارانى پاکستان رایانگەیاند، ئەمین ئەلحەقیان لە ناوچەى پەنجاب دەستگیرکردووە، کە یەکێکە لە هاوکار و نزیکەکانى ئوسامە بن لادن، سەرۆکی پێشوى ئەلقاعیدە، کە لە ساڵی 2011 لە لایەن ئەمریکیەکانەوە کوژراوە.
بەگوتەى عوسمان ئەکرەم، بەڕێوەبەری نەهێشتنى تیرۆر لە پەنجاب، ئەمین ئەلحەق پلاندانەرى هێرشە جۆراوجۆرەکانى پاکستان و ناوچەى پەنجاب بووە و پلانى داناوە بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە حکومیەکان و کاری بۆ زیندووکردنەوەى ئەلقاعیدە لە پاکستان کردووە.
رۆژنامە فارسییەکان
جەوان
دوای کوژرانی کارمەندێکى پۆلیسێک فەرماندەی پۆلیسی بەلوچستان لابرا
یەکێک لە ئەفسەرەکانی پۆلیسی ئێران لە کاتی شەڕ و پێکدادان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان لە بەلوچستان کوژرا، لەم رووداوەدا سەرنشینانی ئۆتۆمبیلێک تەقەیان لە دەوریەی پۆلیسی شاری سەراوان کرد و دوو لە ئەفسەرەکان بریندار بوون، دواتر یەکێکیان گیانی لەدەستدا.
دوای ئەم هەواڵە، گوتەبێژی پۆلیسی ئێران دانانی بەرپرسی نوێی پۆلیسی پارێزگای بەلوچستانی راگەیاند.
مەردوم سالاری
دروێنەکردنی برنج لە باکووری ئێران دەستیپێکرد
لەگەڵ هاتنی وەرزی دروێنەی برنج، وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران رایگەیاند، زۆرترین بڕی چاندنی برنج لە پارێزگاکانی باکووری ئەو وڵاتە بووە و لە رۆژانی رابردوودا دروێنەی برنج دەستیپێکردووە.
چاندنی برنج لە زەویەکانی 19 پارێزگای ئێران ئەنجامدراوە، کە نزیکەی 70%ـى چاندنی برنج بە میکانیزە و تەنها 30%ـی بەشێوەیەکی نەریتی دەچێنرێت.
ساڵی رابردوو دوو ملیۆن و 500 هەزار تۆن برنج لە کێڵگەکانی ئێران بەرهەمهێنراوە.
ئەبراری ئیقتسادی
ژمارەی فەرشچنان لە ئێران کەمبووەتەوە
لە ساڵانی رابردوودا ژمارەی فەرشچنانی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
بە گوتەی عەبدوڵڵا بەهرامی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەندیکای فەرشچنان، ژمارەیان لە زیاتر لە دوو ملیۆنەوە بۆ کەمتر لە ملیۆنێک کەمی کردووە.
هەروەها توانای بەرهەمهێنانی فەرشی دەستچن لە شەش ملیۆن مەتر چوارگۆشە لە ساڵی 2003ـەوە بۆ کەمتر لە دوو ملیۆن مەتر چوارگۆشە دابەزیوە.
وڵاتانی دیکە، وەک تورکیا و پاکستان جێگەی ئێرانیان گرتووەتەوە و داهاتێکی زۆریان لە چنین و نۆژەنکردنەوەی فەرشدا هەیە.
هەمدلی
سزاى بەزاندنی گڵۆپی سوور لە ئێران دوو هێندە زیادکرا
لە چوارچێوەی پلانی کەمکردنەوەی رووداوی هاتووچۆ، سزا بۆ سەرپێچی لە یاساکانی هاتوچۆ زیادکرا.
بەگوێرەی ئەم پلانە سزاى تێپەڕاندنی گڵۆپی سوور لە شارە گەورەکاندا دوو هێندە زیادکراوە و گەیشتووەتە 400 هەزار تمەن، کە نزیکەی حەوت دۆلارە.
سزاکە بۆ شارە بچووکەکان 300 هەزار تمەن و 200 هەزار تمەن بۆ گوند و رێگەکانی گوندەکان دیاریکراوە.
هەروەها گرنگینەدان بە هێمای وەستان لە شارە گەورەکان و ناوەندی پارێزگاکان، دەبێتە هۆی سازادان بە 100 هەزار تمەن، بڕی سزاى تێپەڕاندنی هێمای وەستان لە شارەکانی دیکە 70 هەزار و لە گوندەکاندا 30 هەزار تمەنە.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکگون
83 گەشتی هێڵی ئاسمانیی تورکیا راگیرا
بەهۆى دروستبونی کێشەى مایکرۆسۆفتەوە لە تەواوى جیهان، لە تورکیا دوێنێ 83 گەشتی هێڵی ئاسمانیی تورکیا راگیران.
کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، قەرەبووى تەواوى ئەو گەشتیارانە دەکاتەوە، کە کێشە بۆ گەشتەکانیان دروستبووە.
هاوکات لە تورکیا کێشە بۆ سیستمی بانکی و هێڵی شەمەندەفەر دروستبوو.
یەنی بیرلیک
روسەکان تورکیا بەجێدەهێڵن
ساڵی پار ژمارەى ئەو هاووڵاتییە بیانییانەى لە دەرەوە لە تورکیا نیشتەجێبوون گەیشتە 316 هەزار و 456 کەس. هاوکات ساڵى پار 714 هەزار و 579 کەس لە تورکیاوە کۆچیان بۆ وڵاتانی دەرەوە کردبوو.
روسەکان بە رێژەى 17%، بە پلەی یەکەم دێن، کە لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان.
پسپۆڕان رایانگەیاندووە، گرانبوونی کرێی خانوو و شتومەک هۆکار بووە هاووڵاتییە بیانییەکان تورکیا بەجێبهێڵن.
ئایندنڵک
بەهۆى گەرماوە زیان بەر کەرتی کشتوکاڵى تورکیا گەیشتووە
گەرمای ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیاترە، ئەمەش زیانی بە کەرتی کشتوکاڵ لە تورکیا گەیاندووە، لە پارێزگای تراکیا زیان بە کێڵگەکانى گڵۆبەڕۆژە گەیشتووە؛ تراکیا 30%ـى بەرهەمی ناوخۆی تورکیا پڕدەکاتەوە. هاوکات کەرتی کشتوکاڵ لە ئەدرنە 70%، لە تەکیرداغ 40% بەهۆى گەرماوە زیانی بەردەکەوێت.
تەقویم
نرخەکان لە کەرتی گەشتیارییدا فڕیوە
لە شوێنە گەشتیارییەکانى تورکیا نرخی هەموو شتێک بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەى گەشتیار دروستکردووە، لە بۆدرووم نرخی دەبەیەکی بچوکی ئاو 280 لیرەیە، دەکاتە زیاتر لە هەشت دۆلار. نرخی کۆلێرە بەقیمەیەک بە 950 لیرە، کە دەکاتە 29 دۆلار.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
چاکبوونەوەی ئەو کێشە تەکنیکییەی رووبەڕووی جیهان بووەوە چەندین هەفتەی پێویستە
دوێنێ هەینی، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی جیهانییەوە، کە لە نەرمەواڵای سیستمی کارپێکردنی کۆمپیوتەریی لە کۆمپانیای مایکرۆسۆفتدا دروستبوو، سەدان فڕۆکەخانە، ناوەندی تەندروستی و فرۆشگە لە چەندین وڵاتی جیهاندا لە کارکەوتن و کێشەیان بۆ ملیۆنان کەس دروستکرد.
شارەزایانی بەریتانیا دەڵێن، چاکبوونەوە لەم کێشەیە چەندین هەفتەی دیکەی پێویستە. کێشەکە ئەوەبوو روونمایەکی شین هاتە سەر شاشەی کۆمپیوتەرەکان و لەخۆیەوە کۆمپیوتەرەکان کوژانەوە.
شارەزایانیش دەڵێن، دەبێت هەر کۆمپیوتەرێک تووشی ئەم دۆخە بووبێت بەشێوەی دەستیی چاکبکرێتەوە.
دەیلی تەلەگراف
داواکاریی ئۆکراین بۆ بەکارهێنانی جۆرێکی موشەکی بەریتانیا رەتکرایەوە
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، داواکارییەکی ئۆکراینی بۆ بەکارهێنانی موشەکێکی وڵاتەکەی بەناوی ‘ستۆم شادۆو’ رەتکردەوە.
موشەکە دوورمەوداکە، کە ناوەکەی بەمانای ‘سێبەری زریان دێت’، دروستکراوی بەریتانیایە و بەشێوەیەکی مەرجدار دراوە بە ئۆکراین، بەڵام ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکران داوای لە بەریتانیا کردووە سنوور لەسەر بەکارهێنانی موشەکەکە هەڵبگرێت و بتوانێت بۆ قوڵایی خاکی روسیا بەکاریبهێنێت.
لەبەرامبەردا ستامەر ئەمەی رەتکردووەتەوە و دەڵێت، دەبێت تەنها لە مەودای سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتە بەکاربهێنرێت.
واشنتن پۆست
بایدن سوورە لەسەر کاندیدبوونی و دیموکراتەکانیش دەخاتە بەردەم رێگەیەکی داخراو
سەرەڕای زۆربوونی ئەو دەنگانەی داوای کشانەوەی دەکەن لە دووبارە کاندیدبوونەوەی بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیی ئەمریکا، جۆ بایدن سوورە لەسەر خواستەکەی.
رۆژی هەینی زیاتر لە 12 ئەندامی باڵای دیموکراتەکان داوایان لە بایدن کرد دەستبەرداری خواستەکەی بێت و لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی بکشێتەوە، بەهۆی ئەوەی گومانیان هەیە جارێکی دیکە لەلایەن خەڵکەوە متمانەی پێبدرێتەوە، بەڵام پێداگریی بایدن لەسەر ئەم پرسە، ئەم هەفتەیە مشتومڕەکان دەباتە دۆخێکی تووندترەوە.
عەرەب نیوز
دادگای باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان داگیرکاریی ئیسرائیل لە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین بە نایاسایی ناودەبات
دادگای دادی نێودەوڵەتی، کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووکانە رایگەیاند، داگیرکاریی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین و دەرهێنانی سەرچاوە سروشتییەکانی نایاسایین.
دادگاکە بە ئامادەبوونی 15 دادوەر رایگەیاند، دەبێت سەرجەم ئەو کۆمەڵگەیانەی لە ناوچەکە بۆ نیشتەجێکردنی ئیسرائیلییەکان دروستکراون، چۆڵبکرێن.
داواشیکرد، تەلئەبیب قەرەبووی مادیی ئەو فەلەستینییانە بکاتەوە، کە زیانیان پێگەیشتووە.