زووم..
لەدوای راگیرانی گەشتی بەشێک لە فڕۆکەخانە جیهانییەکان، فڕۆكەخانەکانی هەولێر و سلێمانی و بەغداد و کەرکوک دڵنیاییان دا هیچ گرفتێکى تەکنیکییان لە گەشتەکاندا نییە و گەشتەکانیان بەردەوامە.
زووم پەیوەندی بە هەر چوار فڕۆکەخانەکەوە کرد، ئەوان دڵنیاییان دا کە ئەو کێشە تەکنیکییە جیهانییە هیچ کاریگەرییەکی بۆسەر ئەوان نەبووە.
حارس عوبێدى، بەڕێوەبەرى فڕۆکەخانەى نێوەدەوڵەتیی بەغداد بە زوومى راگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی بەغدا ناوەستن، چونکە فڕۆکەخانەکە پشت بە سیستمی مایکرۆسۆفت نابەستن، بەڵکو بۆ حجزکردن و دەرکردن پشت بە سیستمی ئامادێوس دەبەستن، هەروەها بۆ رۆشتنی گەشتیاران پشت بە سیستمی ئەلسیتا دەبەستن و هیچ کێشەیەکیان نییە.
هاوکات جیهاد دیوان، بەرپرسی راگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقی بۆ زووم رایگەیاند، سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق کاری ئاسایی خۆیان بەبێ هیچ کێشەیەک دەکەن و سەرجەم گەشتەکان لەکاتی خۆیاندا بەڕێوەدەچن.
لە هەمانکاتدا، سامڕەند حاجى، شارەزا لە بنکۆڵکاری لە ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە میانەى بەشداریکردنى لە هەواڵنامەى زوومدا گوتى، ئەو کۆمپانیا و فڕۆکەخانە و شوێنانەى کە مایکرۆسۆفت و ویندۆز بە کاردەهێنن، لەلایەن کۆمپانیاى کراودسترایکى تایبەت بە ئاسایشى ئەلیکترۆنیی، نوێکردنەوەیەکیان بۆ چووە و بووتە هۆکارى دروستبوونى ئەو کێشە تەکنیکییەى کە روویداوە.