زووم..
بەیانیی ئەمڕۆ هەینی گرفتێکی تەکنیکیی ئەلیکترۆنی روویداوە و بەوهۆیەوە کارکردنی چەندان کۆمپانیای فڕۆکەوانی و فڕۆکەخانە و بانک و کەناڵی تەلەڤزیۆن کێشەیان بۆ دروستبووە.
چەندان بانک و فڕۆکەخانە و کۆمپانیای جیهانی لە وڵاتەکانی ئوسترالیا، هۆڵەندە، ئیسپانیا، تورکیا و ئیماراتی عەرەبی لە ئەمڕۆدا کێشەیان بۆ دروستبووە.
لەئەمڕۆوە دامەزراوەی فڕۆکەوانیی ئەمریکی داوای لە هەموو کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کردووە، کە فڕۆکەکانیان بنیشێننەوە، هەڵەی تەکنیکی لە کۆمپیوتەرەکانیاندا روویداوە و دەبێت چاکیان بکەنەوە.
کۆمپانیاکانی مایکرۆسۆفت گوتی سیستمە جیهانییەکەی پەکیکەوتووە، کۆمپانیای ئەمنیی (کراودسترایک) گوتی گرفتی تەکنیکی لە خزمەتگوزارییەکانیدا هەیە. فڕۆکەخانەی بەرلینیش رایگەیاند، گەشتەکانی خۆی رادەگرێت. هێڵی ئاسمانی تورکی دەڵێت بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە هەندێک لە سیستمەکانیان پەکیانکەوتووە.
پەخشی کەناڵی سکای نیوزی بەریتانی هەر بە هۆی هەمان کەموکووڕییەوە راوەستا. دووایین ناوەند کە زەرەمەندبوونی خۆیی لەمبارەیەوە راگەیاند بریتی بوو لە فڕۆکەخانەی هۆنگ کۆنگ.
کەموکووڕییەکە کە روویداوە جیهانییە، بەڵام هەتا ئێستا جۆری هەڵەکە و هۆکاری روودانەکەی ئاشکرانەکراوە.