زووم..
کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەرگاى تۆمارکردنى لیستى کاندیدەکانى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان داخست و لەکاتى زیادکراودا بەشێک لە لایەنەکان ناوى کاندیدەکانیان پێشکەشکرد.
کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان لە چوارى ئەم مانگە دەرگاى پێشکەشکردنى لیستى کاندیدەکانى کردەوە و لە 15ـى مانگ کۆتایی دەهات، بەڵام بەهۆى ئەوەى بەشێک لەلایەنەکان لیستەکانیان پێشکەش نەکردبوو کۆمسیۆن سێ رۆژى دیکە و تا 18ـى تەمموز ماوەکەى درێژکردەوە، ئەمڕۆش ئەو ماوەیە کۆتایی هات.
بڕیارە کۆمسیۆن لە راگەیەنراوێکدا ژمارەى حزب و هاوپەیمانێتى و کاندیدە تۆمارکراوەکان بڵاوبکاتەوە، بەڵام بەگوێرەى بەدواداچوونى پێشترى زووم لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، 34 پارتی سیاسی، شەش هاوپەیمانی و زیاتر لە 100 کاندیدی سەربەخۆ و پێکهاتەکان ناوى خۆى تۆمارکردووە.
بەشێک لە لایەنە سەرەکییەکانی بەشداربووی هەڵبژاردنەکە ژمارەى کاندید و لیستی ناوەکانیان بڵاوکردووەتەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەکاتى زیادکراودا لیستى کاندیدەکانى پێشکەشکرد بە زۆرترین کاندید بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکات، بە گوێرەی میدیاى فەرمى حزبەکە لە چوار بازنەکەدا 190 کاندیدیان هەیە.
لە پارێزگاى هەولێر، ڤالا فەرید سەرۆکى لیستى پارتییە و لە سلێمانی، هۆشیار سدیق ئەفەندی و لە دهۆک، حاکم شەرەفانی و لە هەڵەبجە هۆشیار حوسێن عوسمان.
سەبارەت بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتى بە میدیای فەرمی حزبەکەی گوتووە، یەکێتی بە 172 کاندید بەشداری هەڵبژاردن دەبێت، لە هەولێر شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ و لە سلێمانى میران محەمەد و لە دهۆک عەلی ئۆرەماری و لە هەڵەبجە بارزان عوسمانی سەرۆکى لیست دەبن.
بەرەی گەل کە یەکەمجارە ئەزموونی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن تاقیدەکاتەوە، بە 123 کاندیدەوە دەچێتە نێو ململانێکەوە، بەگوێرەى زانیارییەکانى زووم، شادومان مەلا حەسەن لە هەولێر و لاهور شێخ جەنگی لە سلێمانى و زکری زێباری لە دهۆک و عەبدولرەزاق نەوڕۆڵی لە هەڵەبجە، سەرۆکایەتى لیستەکانى بەرەى گەل دەکەن.
لەبارەى بەشداریکردنى یەکگرتووى ئیسلامیشەوە، سەرچاوەیەک لە دەزگای هەڵبژاردنی حزبەکە بە زوومی گوت، یەکگرتوو بە 60 کاندید بەشداری هەڵبژاردن دەبێت، محەمەد هاودیانی لە هەولێر، مستەفا عەبدوڵا لە سلێمانی، سەعید عەلی عەبۆ لە بازنەی دهۆک و کاوە عەلیش لە هەڵەبجە سەرۆکى لیستەکانى یەکگرتوو دەبن.
لەلایەکى دیکەوە بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی ئەوەی بە زووم راگەیاند، حزبەکەیان بە 59 کاندید بەشداری هەڵبژاردنەکان دەبێت، عەبدولستار مەجید لە هەولێر، عومەر گوڵپی لە سلێمانی، مەلا عەنتەر لە دهۆک و عەباس ئەحمەد لە هەڵەبجە سەرۆکى لیست دەبن.
رەوتی هەڵوێستیش کە یەکەمجارە بەشدارى هەڵبژاردن دەکات 74 کاندیدى هەیە، جگە لە عەلى حەمەساڵح سەرۆکى رەوتەکە کە لە سلێمانى سەرۆکى لیستە، تائێستا سەرۆکى لیستى پارێزگاکانى دیکە فە فەرمى رانەگەیەنراون.
لەبارەى جوڵانەوەى نەوەى نوێ و بزووتنەوەى گۆڕان تائێستا هیچ راگەیەنراوێکى فەرمییان لەبارەى ژمارەى کاندید و سەرۆکى لیستەکانیان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بەگوێرەى زانیارییەکانى زووم نەوەى نوێ بە 100 کاندید بەشداریی هەڵبژاردنەکە دەکات.