زووم..
لیژنەی دادوەریی باڵای هەڵبژاردنەکانی سوریا ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بڵاوکردەوە، حزبی بەعس و هاوپەیمانەکانی براوەی هەڵبژاردنەکە بوون و 185 کورسییان بەدەستهێناوە.
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، لەو 185 کوسییە، حزبی بەعس بە تەنها 169 کورسی بەدەستهێناوە و کورسییەکانی دیکەش بۆ ئەو کاندیدە سەربەخۆیانە بووە کە هاوپەیمانێتییان لەگەڵ حزبەکەی بەشار ئەسەد پێکهێناوە.
ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی سوریا 250 کورسییە، حزبی بەعس زۆرینەی کورسییەکانی بەدەستهێناوە، هەربۆیە دەتوانێت بەبێ پێکهێنانی هاوپەیمانی حکومەت پێکبهێنێت و درێژە بەدەسەڵاتی خۆی بدات.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی سوریا، رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەمجارە تەنها لە سەدا 38 بووە.
لە ساڵی 2011ەوە کە جەنگی ناوخۆ لە سوریا سەریهەڵداوە، چوارەمین جارە هەڵبژاردن لە وڵاتەکە بەڕێوەدەچێت و لە سەرجەم هەڵبژاردنەکاندا حزبی بەعس براوە بووە.