زووم..
وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو کۆمپانیایانەى بە ڤیزاى ساڵ و گەشتیارى خەڵکیان بردووەتە حەج و سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە، سڕ دەکرێن و مافى بەشداریکردنیشیان نییە بۆ گەشتەکانى عومرە.
وەزارەتەکە لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، لەسەر راسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەى گیانلەدەستدان و بێسەروشوێنبوونی ژمارەیەک حاجی هەرێمی کوردستان لە وەرزی حەجی رابردوودا چەند بڕیارێک دراون و سەرجەم کۆمپانیا سەرپێچیکارەکان سڕ دەکرێن.
دەشڵێت، هەر هاووڵاتییەک سکاڵای لەسەر هەر کەس و کۆمپانیاییەک هەیە کەوا مافی زەوتکردووە و بە نایاسایی مامەڵەی لەگەڵ کراوە و زەرەرمەند بووە لەرێگەی ڤیزا جۆراوجۆرەکانەوە، تاوەکو 10 رۆژی دیکە دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن لە وەزارەتەکە.
جەختیکردووەتەوە ئەو کۆمپانیایانەی کە هیچ کێشەیەکیان نییە و لە رێگای وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەشێوەیەکی یاسایی خەڵکیان بردووە بۆ حەج، لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە ئاگاداردەکرێنەوە کە بەشدار دەبن لە گەشتەکانی عومرە.