زووم..
رۆژنامە عەرەبیەکان

شەرقلئەوسەت
سعودیە گەورەترین وەبەرهێنان لە بوارى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا دەکات
فەیسەڵ ئیبراهیم، وەزیری ئابووریی سعودیە رایگەیاند، وڵاتەکەى رۆڵێکى سەرەکی دەبینێت لە بەدیهێنانى ئامانجە جیهانیەکەى رووبەڕووبوونەوەى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا، بۆ ئەو مەبەستە لە 80 بواردا دەستپێشخەری بەبڕی 180 ملیار دۆلار کردووە، بۆ ئەوەى ئابووریی سەوز پەرەپێبدات، لە هەمان کاتدا رۆڵی وڵاتەکەى جێگیربکات لە بوارى وزەى نوێبوەوەدا.
فەیسەڵ ئیبراهیم، لە گوتارێکدا، کە لە کۆڕبەندێکى سیاسی، کە لەنێوان 8 بۆ 18ـى ئەم مانگە لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت گوتى، ئێمە کاردەکەین بۆ چاککردنى ئاستى بژێوی تاوەکو ساڵی 2030 و دەمانەوێت کوالیتى ژیان بەتەواوەتى بەرزبکەینەوە.
عەرەب
هاوینێکى دیکەى قورسی بێ کارەبا لە عێراق
عێراقییەکان بارودۆخێکی سەخت دەگوزەرێنن لە پلەیەکى گەرمای بەرز و بڕانى تەزووی کارەبا، ئەمەش وایکردووە لە هەندێک شاری ئەو وڵاتە ناڕەزاییەکانى خەڵک بتەقنەوە.
پلەى گەرما لە بەغداد و هەندێک پارێزگای دیکە، گەیشتوونەتە سەروو 50 پلەى سیلیزی، ئەمەش وایکرد لە بەسرە، دیوانیە و بابل رۆژی دووشەممە دەوام رابگرێت.
حکومەتى عێراق رایگەیاند، کارەباى نیشتمانى بۆ شەش کاتژمێر کەمکراوەتەوە، لەبری ئەو هەشت کاتژمێرەى پێشوو، دەوامى فەرمی فەرمانگەکانیش لە سەرجەم پارێزگاکان جگە لە بەغداد، لە 7:00ـى بەیانی بۆ 1:00ـى پاشنیوەڕۆ دیاریکرا.

عەرەبی جەدید
مقاوەمەى ئیسلامیى عێراق و حوسییەکان بەرەیەک دژى ئیسرائیل پێکدەهێنن
بوشرا مەقتەرى، نووسەرى بەناوبانگی یەمەنى لە راپۆرتێکى شیکاریدا باس لەوە دەکات بەرەى مقاوەمە لەژێر دەسەڵاتى ئێرانیەکاندایە بۆ دژایەتیکردنى ئیسرائیل و هاوبەشەکانى لە عێراق و یەمەن کۆدەکاتەوە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى عەرەبی جەدید، ئێران لە هەموو بوارەکانى سەربازی، ئابووری، هەواڵگریی و تەنانەت کۆمەڵایەتیشدا هاوکارییان دەکات، بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگی لەنێوان بەرەى مقاوەمەى ئیسلامیی عێراق و حوسییەکانى یەمەن دەکات، کە وەک رۆژنامەکە نووسیویەتى، ئەمە هەنگاوێکە بۆ کۆکردنەوەى سەرجەم هێزە سەربازی و سیاسییە شیعیەکانى ناوچەکە.
ئەو دەڵێت، بەرەى مقاوەمە و حوسییەکان لە رۆژى 8ـى تەمموزدا پێکەوە هێرشیانکردوەتە سەر بەندەرى حەیفاو چەند کەشتیەکى بازرگانى ئیسرائیل لە دەریاى ناوەڕاست و لە هەمان کاتیشدا بۆ یەکەمجار عێراق رێگەی دا بە حوسیەکان لە بەغداد نوسینگەى پەیوەندییەکانیان بکەنەوە.
قودسى عەرەبی
چین میوانداری لایەنە فەلەستینیەکان لەسەر مێزێک کۆدەکاتەوە
بڕیارە یەکشەممەى داهاتوو زۆرینەى لایەنە فەلەستینیەکان بچنە وڵاتى چین و لەسەر مێزێک کۆببنەوە، بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەسەر دواپێشهاتەکانى جەنگ و وەرگرتنى هەڵوێستى هاوبەش، کە ژمارەیان 14 پارت و رێکخراوە.
عەبدولفەتاح دەولە، گوتەبێژى بزووتنەوەى فەتح رایگەیاند، کۆبوونەوەکە 20ـى تەمموز ئەنجامدەدرێت و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
بزووتنەوى ئازادیخوازی فەلەستین ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوەکە دەربڕیوە و شاندى بزوتنەوەى حەماسیش لە لایەن موسا ئەبومەرزوق، ئەندامی مەکتەبی سیاسییەوە سەرۆکایەتى دەکرێت و رایانگەیاندووە بە گیانێکى هاوکارییەوە بەشدارى کۆبوونەوەکە دەکەن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان

واشنتن پۆست
هەندێک کەس دەڵێن ئەوە دەستی خودا بوو ترەمپی پاراست
رۆژنامەکە نووسیویەتى، هەندێک کەس دەڵێن ئەوە دەستی خودا بوو ترەمپی پاراست، ئەوان بە زیندوومانەوەی ترەمپ وادەبینن، کە خودا بڕیاری وایە ترەمپ سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا بێت.
ئەو بە ئەستەم لە گولـلەیەک رزگاری بوو، کە بۆ کوشتنی پێیەوەى نرابوو. لەوەوە خەڵکێک لەنێو لایەنگرانیدا دەڵێن، ئەم کەسە ملیاردێرە، کە پەیڕەوی لە ئاینی مەسیحی دەکات و سێ جار بەگوێرەى رێوڕەسمی ئاینی هاوسەرگیری کردووە، خودا بۆ ئەوە هێشتویەتیەوە خەڵکی ئەمریکا لە رەوشی خراپی ئێستایان دەربهێنێت.
ئیندیپێندەنت
ستامەر بۆ سەپاندنی دەستەڵاتی خۆی بەسەر بەریتانیادا 35 بڕگەی یاسایی نوێ دادەنێت
ئەم رۆژنامەیە نووسیویەتی، سەرۆکوەزیران بەبێ شەرمکردنەوە، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ برێکزیتدا هەمان پلانەکەی پارتی پارێزگاران بەکاردەهێنێتەوە و کار لەسەر بوژانەوەی وڵاتەکە دەکات، لەڕێی پەرەدان بە سەرمایەی نیشتمانی و چاکسازیکردن لە هێڵی ئاسنین و کەرتی بیناسازی و نیشتەجێکردندا.
ستامەر دەڵێت، ئەمڕۆ بەرنامەی کاری حکومەتەکەی بۆ ماوەی 14 ساڵی داهاتووی فەرمانڕەواییکردنی خۆیان پێشکەش بە پەرلەمان دەکات.
فاینەنشیەڵ تایمز
پێشبڕکێ بەرەو گەشتکردن بۆ مانگ بەشێوەیەکی بوێرانە دەستیپێکردەوە
دەیان ساڵە زەوی وازی لە مانگ هێناوە، بەڵام ئێستا و بۆ جارێکی دیکە پێشبڕکێیەکی نوێ بۆ گەشتکردن بۆ سەرمانگ و داگیرکردنەوەی لەسەر ئاستی جیهانی دەستی پێکردووەتەوە، ئامادەکارییەکان گەیشتوون بە قۆناغی کۆتایی.
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کەوتوونەتە رکابەری لەگەڵ هیندستان و چین بۆ دەستگەیشتن بە شوێنە هەرە دڵگیرەکانی سەر رووی مانگ، دەیانەوێت مرۆڤ و ئامێرەکانیشیان بگەیەنن بە ئەوێ.
دەیلی تەلەگراف
جۆنسن داوا لە ترەمپ دەکات پشتی ئۆکراین بەرنەدات
کاتێک بۆریس جۆنسنی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا هەستی کرد هاوڕێ کۆمارییەکەی لە ئەمریکا خەریکە دەگات بە دەستەڵات و ئەم هاوڕێیەش نایەوێت پشتگیری لە ئۆکراین بکات، سەردانى کرد و داوای لێکرد، پشتی ئۆکراین بەرنەدات.
رۆژی دووشەممە لە میلواکی، لە کاتى دیدارەکانی کۆنگرەی نیشتمانیی پارتی کۆماریی ئەمریکا جۆنسن چاوی بە ترەمپ کەوت، ماوەی یەک کاتژمێر لەبارەی شەڕی ئۆکراین قسەیان کرد، لەو گفتوگۆیەدا جۆنسن داوای لە ترەمپ کرد، پشتی ئۆکراین بگرێت.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی برلیک
جەهەپە رەخنەى لەسەر زیادکردنى مووچەی خانەنشینان هەیە
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە سەبارەت بە زیادکردنى مووچەى خانەنشینان رایگەیاند، ئەوەى دەکرێت زیادکردنى مووچەى خانەنشینان نییە، بەڵکو خیانەتکردنە لە خانەنشینان.
ئەو بڕە مووچەیەى زیاد دەکرێت، رێژەیەکی کەمە و هیچ لە بژێوی خانەنشینان ناگۆڕێت.
سەرۆکی جەهەپە رایگەیاندووە، ئەگەر بژێوی ژیانی خەڵک قورس بێت، ناچارین هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدەین.
قەرار
ئی پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی تورکیادایە
موسەڤات دارویشئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی ئی پارتی رایگەیاند، گفتوگۆکان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنى پێشوەختە بەردەوامە، ئی پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنى پێشوەختەدایە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکانی ئێستای تورکیا، هەڵبژاردن بە بژاردەیەک دەبینێت.
سەرۆکی ئی پارتی رایگەیاندووە، دەستلەکارکێشانەوەکان هیچ کاریگەریی لەسەر پارتەکەمان دروستنەکردووە.
میلاد
ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە هەرێمى کوردستان و رۆژاڤا بەردەوام دەبن
بەگوێرەى راگەیەندراوى وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى تورکیا لە هەرێمی کوردستان و لە رۆژاڤای کوردستان، بەبێ بچڕان بەردەوام دەبێت، تاوەکو دەگاتە ئەنجامێکی “باش”.
وەزارەتى بەرگرى راگەیاندووە، دوێنێ لە ئۆپراسیۆنەکەدا حەوت ئەندامی پەکەکە لە چالاکی خراون.
سۆزجو
وەزیرى دارایی تورکیا ئاگاداری گرانیی نرخی شتومەک نییە
محەمەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیا، کە هاوکات هەڵگرى رەگەزنامەى بەریتانیایە، ئاگادارى گرانیی نرخی شتومەک لە تورکیا نییە.
نرخی هەموو شتێک لە تورکیا گرانترە لە بەریتانیا، بۆ نمونە لە بەریتانیا نرخی کیلۆیەک قیمە دەکاتە 250 لیرەی تورکیا، بەڵام لە تورکیا 600 لیرەیە. نرخی کیلۆیەک مۆز لە بەریتانیا دەکاتە 35 لیرە، بەڵام لە تورکیا 100 لیرەیە. کەمترین مووچە لە بەریتانیا دەکاتە 80 هەزار لیرەی تورکیا، بەڵام لە تورکیا 17 هەزار و 500 لیرەیە.
رۆژنامە فارسییەکان
کار و کارگەر
نرخی شەکری کڵۆ زیاترە لە شەکر
لێکۆڵینەوە لەسەر نرخی شەکری کڵۆ و شەکرى ئاسایی دەریدەخات، کە نرخی شەکری کڵۆ هەمیشە زیاترە و بە تێکڕا لە حەوت ساڵی رابردوودا بە رێژەی 24% بەرزتر تۆمارکراوە.
دوایین داتاکانی ناوەندیی ئاماری ئێران ئاماژە بەوە دەدات، نرخی ئەم دوو کاڵایە هێشتا جیاوازییەکی زۆری هەیە و بەگوێرەی ئەو ئامارانە نرخی شەکری کڵۆ لە ئەمساڵدا بە رێژەی 25% لە نرخی شەکرى ئاسایی زیاتر بووە.

قودس
خەڵکى شارى یاسوج 25 ساڵە چاوەڕوانی تەواوبوونى تەلاری هونەر دەکەن
25 ساڵ لەمەوبەر دروستکردنی هۆڵی هونەر و رۆشنبیری شاری یاسوج، کە ناوەندی پارێزگایە دەستیپێکرد و خەڵکی هونەردۆست هیوایان خواست بە زووترین کات لە خزمەتگوزارییەکانی ئەم شوێنە سوودمەند بن، بەڵام ئەم پڕۆژەیە نزیکەی 20 ساڵە تەواونەکراوە و وەک پێکهاتەیەکی زەبەلاحی ئاسن لە دەرگای چوونە ژوورەوەی شاری یاسوج و لە تەنیشت رووبارێکی جوانی پایتەختی سروشتی ئێران جێهێڵراوە.
بەرپرسان بەردەوام دەڵێن، ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە باشترین پڕۆژە رۆشنبیرییەکانی وڵات، کە دەتوانێت ببێتە ناوەندێک بۆ کۆبوونەوە و کۆنفرانسی رۆشنبیری و بەرنامەی هونەری، بەڵام هیچ کارێک بۆ تەواوبوونی تەلاری هونەر ناکەن.

مەردوم سالاری
لە تاران پێوەری ئەلیکترۆنی بۆ 1000 “دز” لەبری زیندان دادەنرێت
جێبەجێکردنی پلانی پێوەری ئەلیکترۆنی بۆ تاوانبارانی خاوەن ئەزموونی زیاتر لە سێ ساڵ لە تاران دەستیپێکرد و ئەو تاوانبارانە لەبری زیندان بە کۆت و بەندی ئەلیکترۆنی کۆنترۆڵ دەکرێن.
لە دوایین پێشهاتدا پێوەری ئەلیکترۆنی بە قاچی 100 تۆمەتبارەوە بەستراوە و ئەو پێوەرە بۆ ماوەی 48 کاتژمێر شەحن رادەگرێت و ئەگەر تۆمەتبارەکە بهێڵێت شەحنی تەواو بێت، دەستگیردەکرێت.

تەجارەت
تورکیا داوا لە ئێران دەکات رۆڵى لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق هەبێت
وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای لە ئێران کرد رۆڵی بنیاتنەر بگێڕێت له دانوستانەکان بۆ دامەزراندنەوەی پێوەندییەکانی نێوان سوریا و تورکیا.
ئەو لێدوانەی هاکان فیدان دوای ئەوە دێت، وەزارەتی دەرەوەی سوریا بوونی هێزەکانی تورکیا لەسەر سنوورەکانی بە نایاسایی ناوبرد و گوتى، پێویستە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای گەڕانەوە بۆ بارودۆخی پێش ساڵی 2011 بێت و داوای کشانەوەی سەربازەکانی لە ئەنقەرە کردووە.