زووم..
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی ئەكرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ـی پارتی لە گەرمیان بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەرکی دامودەزگاكانی سنوورەكەیە ئەنجامدەرانی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بەرپرسی لقی گەرمیان ئاشکرا بکەن.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دوای سەرکۆنەکردنی رووداوەکە، داوای لە دامودەزگاکانی سنوورەکە کردووە لێكۆڵینەوەی جددی لەو كردەوە نامرۆڤانە و تیرۆرستییە بكەن و ئەنجامدەرانی بۆ پارتی و رایگشتی و خەڵكی كوردستان ئاشكرا بكەن.
دەشڵێت، ئەو جۆرە كارە تێكدەرانە كاریگەری دەبێت بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی كوردستان.
هەروەها بەرگری لە کادیر و ئەندامانی حزبەکەی کردووە و دەلێت، بە ئامانجگرتنی هەڤاڵان و كادیرانی پارتی لەلایەن هەر لایەن و گروپێكەوە بێت قبوڵكراو نییە، رێگا نادەن تێكدەران بە مەرامەكانیان بگەن.
لە کۆتاییشدا، مەكتەبی سیاسیی پارتی داوای کردووە، لە پێناو سەقامگیری و ئاسایشی كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان لایەنە پەیوەندیدارەكان بە ئەركی خۆیان هەڵسن و ئەنجامدەرانی كردەوەكە بدۆزنەوە و روبەڕووی یاسا بكرێنەوە.