زووم..
لە هەرێمی کوردستان چوار خانەی بەساڵاچووان هەن کە 150 بەساڵاچوویان لەخۆگرتووە و تێیدا دەمێننەوە، بەشێکیان تەندروستییانسلێمن باش نییە و بە جیا خزمەت دەکرێن.
بەگوێرەی ئامارێک کە زووم لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کۆیکردووەتەوە، لە هەر سێ خانە حکومییەکەی هەولێر، سلێمانی و دهۆک و هەروەها خانەیەکی بەساڵاچووان کە خێرخوازێک لە کەلار دروستیکردووە، 100 پیاو و 50 ژن خزمەت دەکرێن.
بەشێکی بەساڵاچووەکان پەککەوتەن و تەندروستیان باش نییە و بە جیا خزمەتدەکرێن، جگە لەو خزمەتگوزاریانەش مانگانە بڕی 45 هەزار دینار بە هەر بەساڵاچوویەک دەدرێت تا خۆی هەر شتێکی بوێت بیکڕێت.
وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، خزمەتگوزاری خانەکان و بەساڵاچووەکانیش دراوەتە دەست کۆمپانیا و ساڵانە نوێدەکرێتەوە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەت بکرێن، هەروەها بەشێکی رێکخراوە حکومی و ناحکومییەکان و خەڵکی خێرخواز هاوکاری خانەکان دەکەن.
سەبارەت بە مەرجی وەرگرتنی بەساڵاچووان لە خانەکاندا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، پێویستە کەسی نەبێت و کەس ئامادە نەبێت جێی بکاتەوە، هەروەها هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوەشدەکات، بەساڵاچووەکان پاش گیانلەدەستدانیان، تەرمەکانیان رادەستی کەسێک لە خانەوادەکەی دەکرێتەوە.