زووم..
دواى ماوەیەک لە وەستاندنى لە چاپکردن، رۆژنامەیەکى کوردى، دەستى بە چاپکردنەوە کردەوە و بڕیارە لەمەولا مانگانە ژمارەیەکى نوێى چاپبکرێت.
شوان داودى، سەرنووسەرى رۆژنامەى هەواڵ، لە پۆستێکدا لە هەژمارى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ 15ـی تەمموز 2024 دوای پێنج ساڵ دابڕان رۆژنامەی هەواڵ جارێکی تر بە کاغەز بڵاوکرایەوە.
رۆژنامەکە لە ژمارە 793 دەستى بە چاپکردووتەوە، لەسەروتاریشدا شوان داودى لە بارەى دەستپێکردنەوەى چاپى رۆژنامەکە دەڵێت: هەواڵ بۆ یەکەم جار پێش پرۆسەی ئازادی عێراق لەشاری سلێمانی دەچوو، مانگانە دوو ژمارەی لێ پەخش دەکرا، دوای پرۆسەی ئازادی عێراقیش قۆناغی دووەمی لە کەرکوکەوە دەستیپێکرد.
هەروەها نووسیویەتى: دواتر رۆژنامەی (هــەواڵ) کرا بە هەفتانە هەموو شەممەیەک بڵاودەکرایەوە، بەڵام دوار راگیرا و هۆکارەکانی راگرتنی زۆرن ئێرە جێی باسکردنی نییە، ئێستاش بە پێویستمان زانی قۆناغێکی نوێی هەواڵ دەستپێبکینەوە.
هەروەها جەختیکردووەتەوە، دەیانەوێت رۆژنامەى هەواڵ بکەنە سەکۆیەک و تێیدا مشورێک لە ئایندەی خۆیان و شارەکەیان و دۆزەکەیان و دەردە دڵ و خەمەکانی شاری تێدا تۆمار بکەن.