زووم..
رەنگە لە داهاتوودا کەسێکی ئاسایی بتوانێت وەک رۆماننووس، چیرۆکێک بنووسێتەوە، یان چیتر جیاوازی لەنێوان نووسینی رۆشنبیر و نووسەراندا نەمێنێت، ئەگەر ژیریی دەستکرد بێتە نێو کایەی نووسینەوە.
نوێترین توێژینەوە باس لە رۆڵی ژیریی دەستکرد دەکات لە هاوکاریکردنی مرۆڤ و بۆ بەهێزکرنی توانای داهێنان، لە هەمانکاتدا سەرنجی خستووەتە سەر مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد لەسەر بواری نووسین.
توێژینەوەکە لە یونیڤێرسیتی کۆلێج ئامادەکراوە، گۆڤاری ساینس ئەدڤانسز بڵاویکردووەتەوە.
لە ئەنجامدا بەوە گەیشتووە، دەکرێت ئەوپەڕی سوود لە ژیریی دەستکرد وەربگیرێت بۆ نووسین و بەرهەمی ئەدەبی و فەرهەنگی، بەڵام ناکرێت مەترسییەکانی لەسەر پاراستنی بەرهەمی تایبەتی نووسەران و تێکەڵبوونی جیاوازییەکان لەبیر بکرێت.
ئەنێل دوشی، یەکێک لە ئامادەکارانی توێژینەوەکە بە فرانس پرێسی گوتووە، ئامانجیان ئەوە بووە بزانن ژیریی دەستکرد دەتوانێت تا کوێ هاوکاری مرۆڤ بێت بۆ داهێنان؟
٣٠٠ خۆبەش لە خەڵکانی ئاسایی وەک نووسەر بەشدارییان کردووە، بەشێوەیەکی هەڕەمەکی بەسەر سێ کۆمەڵەدا دابەشکراون، بۆ ئەوەی بە هەشت رستە چیرۆکێک لەبارەی یەکێک لەم سێ بابەتەوە بنووسن، سەرکێشییەک بۆ نێو دەریا، سەرکێشییەک لە دارستان، سەرکێشیی لە هەسارەیەکی دیکە.
کۆمەڵەکەی یەکەم هیچ هاوکارییەکیان لە ژیریی دەستکرد وەرنەگرت، کۆمەڵەی دووەم سێ رستەیان لە چات جی پی تی وەرگرت، بەڵام کۆمەڵەی سێهەم بە تەواوەتی پشتیان بە ژیریی دەستکرد بەست.
پاشان بۆ هەڵسەنگاندی چیرۆکەکانیان، پشت بە ٦٠٠ کەسی دیکە بەسترا و دەرکەوت، ژیریی دەستکرد بە رێژەی لەسەدا ١٠ توانای کەسیی بۆ نووسین بەرزرکردووەتەوە، لەسەدا ٢٢ توانای چێژوەرگرتنی لە چیرۆک زیاد کردووە.
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە، ئەو چیرۆکانەی بە هاوکاری ژیریی دەستکرد نووسرابوون، لێکچوونێکی زۆر لە نێوانیاندا هەبوو.
سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە ئەوە بە مەترسی دەزانن، کەسێک بەرلەوەی لە بواری نووسین پێبگات و توانای داهێنەرانی خۆی پەرەپێدات، پەنا بۆ ژیریی دەستکرد ببات، بە تایبەتی لە بواری نووسین و میوزیک.