زووم..
شەپۆلێکی تای خوێنبەربوون چەندین شاری ئێرانی گرتووەتەوە و هۆکاری گواستنەوەشی جۆرە مێشولەیەکی ترسناکە.
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبردنی نەخۆشییە درمیەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، تائێستا ١٤٩ هاووڵاتیی ئێرانی تووشی تای خوێنبەربوون بوون، ٤٠ شاری ئێرانیش لە ئێستادا تووشی مێشوولەی ئایدیس، هەڵگری تای خوێنبەربوون بوون.
ئەو ناوچانە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناگرێتەوە و جێگری وەزیری تەندروستی بە ئاماژەدان بە گرتنی مێشوولەی ئایدێس لە پێنج پارێزگای کەنار دەریاکانی ئێران گوتی: جۆری ئەو مێشوولەیە لە باکوور و باشووری ئێران جیاوازە و لە باشوور شەڕانگێزترە و زیاتر نەخۆشکەرە و توندی نەخۆشییەکە زیاترە.
تای خوێنبەربوون، یان تای ئێسک شکێن، نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە رێگەی پێوەدانی مێشوولەی ئایدیسەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، رێژەی مردن بەهۆی تای خوێنبەربوون کەمە، بەڵام نەخۆشەکان هەست بە ئازارێکی زۆر دەکەن لە ئێسک و جومگەکان و ماسولکەکانیاندا.
بە گوێرەی راپۆرتەکان، لە ساڵی ٢٠١٦ سیستەمی چاودێری ئەم نەخۆشییە لە ئێران دەستیپێکردووە و لە ساڵی ٢٠١٩دا مێشوولەی ئایدیس لەو وڵاتە ناسێندراوە.
بە گوتەی شارەزایان، باشترین رێگە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون، پاراستنی جەستەیە لە پێوەدانی مێشوولە، بۆیە ئامۆژگاری خەڵک دەکەن، کە دەرمانی دوورخەری مێشوولە بەکاربهێنن بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بەم نەخۆشییە.
سەنتەری ئەوروپی بۆ کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشی ئاشکرایکردووە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە ژمارەی تووشبووانی تای خوێنبەربوون لە جیهاندا گەیشتووەتە زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس و زیاتر لە پێنج هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
مێشوولە کوشندەترین گیانلەبەری جیهانە و بە گشتی جۆرەکانی مێشوولە ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک مرۆڤ دەکوژن.