زووم..
رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
ئەمریکا مێژوویەکى لە تیرۆرکردنى سەرکردەکانیدا هەیە
چاودێرانى سیاسی دەڵێن، تەقەکردن لە دۆناڵد ترەمپ کۆتا هەوڵی نەیارەکانى سەرۆکەکانى ئەمریکایە و پێدەچێت کۆتا هەوڵیش نەبێت.
توندوتیژیی سیاسی و کوشتن یەکێکە لە سیما دیارەکانى کۆمەڵگەى ئەمریکى و سیاسیەکانیش لەوە بەدەر نەبوون، لەم بوارەشدا کوژرانى جۆن ئێف کەنەدى لە مانگی تشرینى یەکەمى 1963 بەناوبانگترین رووداوى کوژرانى سەرۆکەکانى ئەو وڵاتەیە.
جگە لەوەش بەشێک لە سەرۆکەکان لە رووداوەکاندا رزگاریان بووە؛ جیراڵد فۆرد لە ساڵی 1975 لە ویلایەتى کالیفۆرنیا تەقەى لێکرا، رۆناڵد رێگن لە ساڵی 1981، جۆرج بۆشى باوک چەند جارێک هەوڵی کوشتنى دراوە و دیارترینیان لە ساڵی 2005 بۆمبێکى دەستی بۆ فڕێدراو پێوە نەبوو.
هەریەک لە کلینتۆن، جۆرج بۆشی کوڕ، باراک ئۆباما و تەنانەت جۆ بایدنیش لە هەوڵى کوشتن رزگاربوونیان بووە و چەندین کاندیدى سەرۆکایەتیش مێژوویەکیان لەگەڵ تەقەلێکردن و هەوڵی کوشتندا هەیە و لاپەڕەکانى مێژووى سیاسیی ئەمریکا توندوتیژى زۆری تێدا تۆمارکراوە.
مەدا
رێژەى تاوان لە عێراق بەرەو کەمبوونەوە دەچێت و خۆکوشتن زیادی کردوە
میقداد میری، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە پێناو رووبەڕوبوونەوەى گەندەڵیدا لە وەزارەتەکەیاندا 320 پۆلیس و 36 ئەفسەر بە پلەى جۆراوجۆر فەرمانى دەرکردنەکەیان خراوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
راشیگەیاند، رێژەى گەندەڵی لە وەزارەتەکەیاندا دابەزیوە بۆ 10% و ساختەکارى بۆ 8%، لەو بوارەشدا دەستیان گرتووە بەسەر 404 ئۆتۆمبێل و 11 ملیۆن لیتر سووتەمەنى ئامادەکرابوو بۆ دزین و 65 پێگەى دزەپێکردنى نەوت و 396 ئۆتۆمبێلى گوازەرەوە.
دەڵێت، لە هەموو بوارەکانى تاوانکاریدا رێژەکان بەرەو کەمبوونەوە چووە، بەڵام رێژەى خۆکوشتن بە رێژەى 6% بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادى کردووە.
عەرەبی جەدید
پرۆژە یاسایەکی ئەڵمانیا کێشە بۆ پەنابەران دورستدەکات
نانسی فیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، هەرکەس رقوکینە بڵاوبکاتەوە لەسەر تۆڕى ئینتەرنێت و جیاوازیی رەگەزپەرستانە پەرەپێبدات، دەبێتە یەکێک لەو هۆکارانەى لە ئەڵمانیا دەربکرێت.
هەرکەسێک هەڵگری رەگەزنامەى ئەڵمانی نەبێت و بە هەر هۆکارێک هاتبێتە ئەڵمانیا و ببێتە هۆی بڵاوکردنەوەى جیاکاری و توندوتیژى و تیرۆر یەکسەر دەردەکرێت.
یوخن کوبلکە، سەرۆکی پۆلیسى ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەم بڕیارە سەرجەم ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کە هاوسۆزن لەگەڵ تیرۆر، سەندیکاى پارێزەرانیش رەخنە لەم بڕیارە دەگرن و سەرەڕای قورسی پرۆسەکە و چاودێریکردنى ئەو هەموو خەڵکە، پرۆژە یاساکە بە “شێتانە” ناودەهێنن و رایانگەیاندووە ناکرێت لەبەر بڵاوکردنەوەى یەک بابەت داهاتووى مرۆڤێک بخرێتە مەترسییەوە.
سەباح
سەرژمێری ئەو عێراقیانە ناگرێتەوە لە دەرەوەى وڵاتن
عەبدولزوهرە هەنداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق رایگەیاند، لە 20ـى تشرینى دووەمى داهاتوو پرۆسەى سەرژمێری عێراق بەڕێوەدەچێت، تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە لەنێو چوارچێوە و سنوورى وڵاتەکەدان و سەرجەم ئەو هەوڵانەى لەگەڵ وڵاتاندا داویانە بۆ سەرژمێری هاووڵاتیانى عێراقی، شکستى هێناوە و نەیانتوانیوە شێوازێک بدۆزنەوە راستى و دروستى پرۆسەکە نەخاتە مەترسییەوە.
راشیگەیاندووە، عێراق ئەزمونى شکستخواردوى ساڵی 2016ـى لەبەردەستدایە و نایەوێت دووبارەی بکەنەوە و ماوەى دوو ساڵ لەبەردەستى هاووڵاتیانى نیشتەجێی دەرەوەدا هەبوو، بەڵام تەنها 500 کەس زانیارییەکانى خۆیان تۆمارکردبوو.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
واشنتن پۆست
بەهانەی تەقەکەرەکە روون نییە، بۆچی تەقەی لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی ترەمپ کردووە
باوکی کەسە گومانلێکراوەکە بەشێوەی فەرمی ئەو چەکەی کڕیوە، کە تەقەی پێکراوە. کەسەکە خۆی تەمەنی 20 ساڵە. دەگوترێت هیچ شتێکی نائاسایی نییە. رۆژی یەکشەممە لێکۆڵەرەوەکانی دەزگای ئێف بی ئای گوتیان تائێستا هیچ سەرەداوێکی وایان لانییە بیسەلمێنێت ئەم کەسە بەهۆی بوونی ئایدیۆلۆژیاوە تەقەی لە کۆبوونەوەکە کردبێت، لەبەرئەوە دەڵێن، بڕوایان وایە ئەو هەوڵە ترسناکەی کوشتنی سەرۆکی پێشوو، تەنها وەک خۆی ئەنجامیداوە.
تەقەکەرەکە ناسراوەتەوە، ناوی تۆماس ماتیۆ کروکسە، خەڵکی بیتڵ پارکە، لەکاتی خوێندنی ئامادەییدا لە وانەی بیرکاریدا زۆر زیرەک بووە، کاری نەخۆشەوانیی لەنێو ماڵەکاندا کردووە.
گەڵف نیوز
حەمدان و عەبدوڵڵا کران بە جێگری سەرۆکوەزیرانى ئیمارات
گۆڕانکاری لە کابینەی حکومەتەکەی ئیماراتدا کرا، شێخ حەمدان بن محەمەد ئال مەکتومی میری دوبەی وەک جێگری نوێی سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری ناسێندرا.
راسپاردنی ئال مەکتوم بەشێکە لە گۆڕانکارییەک کە حکومەتی ئەو وڵاتە لە پۆستە وەزارییەکاندا ئەنجامیداوە. بەمشێوەیە ئەو هەر سێ پۆستەکەی پێکەوە بەڕێوەدەبات.
میری دوبەی، وەزیری بەرگری، هەروەها جێگری سەرۆکوەزیرانیش. هەر لە بواری ئەو گۆڕانکارییانەدا شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان وەک جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری کاروباری دەرەوە ناسێندرا.
ئیندیپێندەنت
ترەمپ بە سیمای خوێناوییەوە بە ئەستەم لە هەوڵی کوشتن رزگارى بوو
ئێستا پرسیار لەسەر ئەوەیە، ئەم تەقەکەرە چۆن توانیویەتی هێندە لە سەرۆکی پێشوو نزیک ببێتەوە، کە لەکاتی ئەنجامدانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەدا تەقەی لێکردووە.
ترەمپ لەبارەی برینداربونەکەیەوە دەڵێت، گولـلەکە بەر گوێی کەوتووە و هەندێک پێستەکەیی گرتووە و بردوویەتی.
بۆیە لە پاش تەقەلێکردنەکەیەوە داوای لە خەڵک کرد، یەکگرتووبن بۆ بەگژداچوونەوە و رووبەڕووبوونەوەی خراپەکاران.
فاینەنشیەڵ تایمز
کاتی ئەوە هاتووە دەنگی خەڵکە میانڕەوەکەی ئەمریکاش ببیسترێت
لە گوتارێکدا، پیتەر شپیگل بۆ رۆژنامەى فاینەنشیەڵ تایمز نووسیوە و هەر لەسەر لاپەڕە یەکیش بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، بینینی توندوتیژیی سیاسی بەلای ئەمریکاوە شتێکی نامۆ نییە.
ئەم توندوتیژییە سیما دزێوەکەی خۆی بەرزکردووەتەوە و ترس و مۆتەکەی بۆ ئەو سازانە دروستکردووە، کە مێژووی ئەم وڵاتەی پێ دەناسرێتەوە.
دیارە ئەمە سەردەمی سەرهەڵدانی جەمسەرگیرییەکی پەڕگیری نوێیە، بەڵام رەوشەکە هەرچۆنێک بێت کوشتن و هەوڵی کوشتن ئاگری شۆکێکی نوێ دەنێت بە کایەی سیاسیی وڵاتەکەوە.
ئەمە پاشەکشەکردنێکە لە ئەو پرەنسیپە گشتییەی، رەنگە جیاوازەکان دەیانتوانی بە ئاسانی پێکەوەبژین.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
توکیا کەمترین مووچەی خانەنشینانی هەیە
مووچەی خانەنشینان لە تورکیا 10 هەزار لیرەى تورکییە، کە دەکاتە 286 یۆرۆ، بەراورد لەگەڵ مووچەی خانەنشینانى وڵاتانى ئەوروپا، تورکیا کەمترین بڕە مووچەی خانەنشینیی هەیە.
لە ئەوروپا بەرزترین مووچەی خانەنشینی لە وڵاتی لوکسمبۆرگە، کە دوو هەزار و 732 یۆرۆیە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، حکومەت نەیتوانیوە مووچەی شایستە بۆ خانەنشینان دابین بکات.
یەنی شەفەق
لە تورکیا ملیۆنێک و 700 هەزار کەس ئەرکی سەربازییان کڕیوەتەوە
بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2011 یاسای کڕینەوەى ئەرکی سەربازیی هەموارکرایەوە، تاوەکو ئەمڕۆ یەک ملیۆن و 700 هەزار کەس لەو یاسایە سوودمەند بوون و بەرامبەر بە پێدانی پارە ئەرکی سەربازییان ئەنجامنەداوە. بەمەش بڕی 84 ملیار لیرەى تورکی چووەتە خەزێنەى دەوڵەتەوە.
زۆرترین داواکاری بۆ کڕینەوەى ئەرکی سەربازیی لە ساڵى 2018 تۆمارکراوە، کە 635 هەزار کەس مامەڵەیان کردووە.
لە ساڵى 2023، بەهۆی پێدانى پارە لەبری ئەنجامنەدانی ئەرکی سەربازیی بڕی 28.5 ملیار لیرە داهات چووەتە خەزێنەى دەوڵەتەوە.
یەنیچاغ
ئی پارتی داوا دەکات تورکیا بەبێ مەرج لەگەڵ سوریا کۆببێتەوە
موسەفات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی ئی پارتی رایگەیاند، لە ساڵى 2011ـەوە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا بچڕاوە، لەوکاتەوە زۆر شت لە ناوچەکە گۆڕاوە، بۆ نمونە بە هاوکاری دەوڵەتانی “داگیرکەر” لە باکوورى سوریا خەریکی دروستکردنی هەرێمێکن، بەمەش شێواندنێک لە سنوورەکانى تورکیا هاتووەتەئاراوە.
دەڵێت، پێویستە تورکیا بۆ چارەسەرى ئەو کێشانە بەزووترین کات بەبێ مەرج لەگەڵ دەسەڵاتی سوریا کۆببێتەوە.
میلاد
BYD کاریگەری لەسەر بازاڕی ئۆتومبێلی تورکی نابێت
جەنگیز ئەرۆڵدو، سەرۆکی ژوورى پیشەسازیی ئۆتومبێل رایگەیاند، کردنەوەى لقێکی دروستکردنى ئۆتومبێلی بی وای دی لە تورکیا، کاریگەریی لەسەر ئۆتومبێلی دروستکراوی تورکی براندی تۆگ نابێت.
دەڵێت، بگرە هەبوونی لقێکی باشترین براندی چینی بۆ ئۆتومبێلی کارەبایی لە تورکیا وادەکات رکابەریی و بازاڕگەرمی لەنێوان کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانى ئۆتومبێل دروست بکات.