زووم..
کێڵگەى غازی کۆرمۆر بنکەیەکی سەرەکی ئابوری و پیشەسازی هەرێمی کوردستانە و بەگەورەترین کێڵگەى غازی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەندرێت
کێڵگەى کۆرمۆر لەدوای ساڵی 2003 وە لەژیر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندایەو لەڕوی جوگرافیەوە دەکەوێتە سنوری ناحیەى قادرکەرەمی سەربەقەزای چەمچەماڵ لەپارێزگای سلێمانی
بەشێوەیەکی فەرمی کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکات بەجۆرێک لە% 70 ی پشکەکانی تایبەتە بە دانەغاز و کۆمپانیای هیلالی ئیماراتی ئەمە جگە لەوەى سێ کۆمپانیای ئەڵمانی و هەنگاری و نەمساوی خاوەنی % 30 پشکەکانی دیکەى کێڵگەکەن
بەگوێرەى داتاکانی کۆمپانیای دانەغاز کێڵگەى غازی کۆرمۆر رووبەرەکەى دەگاتە 135 کیلۆمەتر چوارگۆشەو یەدەگی غازی سروشتی بەنزیکەى 17 ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێندرێت
غازی کۆرمۆر لەرێگەى بۆریەوە رەوانەى وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت بەمەش رێژەى %67 کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات جگەلەوەش سەرچاوەى سەرەکیە بۆ دابینکردنی غاز بۆ کارگەکانی غازی شل کە بۆ غازی ماڵان ئامادە دەکرێت
کێڵگەى کۆرمۆر توانای دابینکردنی غازی بۆ بەرهەمهێنانی 4 هەزارو 200 مێگاوات کارەبای هەیە کە 2 هەزارو 800 مێگاوات کارەبای بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەو ئەوەشی کەدەمێنێتەوە رەوانەى پارێزگاکانی کەرکوک و نەینەوا دەکرێت
بەهۆی گرنگی پێگە ئابوریەکەیەوە تائێستا چەندین جار کێڵگەى کۆرمۆر روبەڕووی هێرشی ئاسمانی بۆتەوەو زیانی گیانی و مادی زۆری لێکەوتۆتەوە