زووم..
کەناڵ هەشت، کە ئۆفیسى سەرەکى لە شارى سلێمانییە لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لەکاتی رووماڵی لەشکرکێشیی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، نژیار محەمەد پەیامنێرى کەناڵەکە لەگەڵ وێنەگر و شۆفێرەکەى لە ئامێدی دەستگیرکراون و تائێستاش ئازادنەکراون.
چوارشەممەى رابردووش تیمى رۆژنامەوانى زووم کە بە مەبەستی رووماڵکردنی لەشکرکێشییەکانی تورکیا سەردانی ئامێدی کردبوو، لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە لە ئامێدی دەستگیرکران و سەرجەم مۆبایل و کەلوپەلە رۆژنامەوانیەکانیان دەستبەسەرکران.
تیمەکەى زووم کە پێکهاتبوون لە هەژین فەتاح، زوومی دهۆک و وێنەگر و شۆفێرەکەی، پاش 10 کاتژمێر دەستگیرکردن لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە ئازادکران.
رۆژی هەشتی ئەم مانگەش بەهۆی هێرشێکی سوپای تورکیاوە لە شنگال ئۆتۆمبێلێکی تیمی رۆژنامەوانى کەناڵى چرا تیڤى لە شنگال کرایە ئامانج، موراد میرزا رۆژنامەنووسى کەناڵەکە دوای سێ رۆژ مانەوەى لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان سەرکۆنەی پێشێلکارییەکانى کرد و داوای لە رێكخراوە نێدەوڵەتییەكان کرد فشار لە حكومەتی توركیا بکەن بۆ دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ لەو كەسانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگ نییە.