زووم..
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی هەرێمی کوردستان و نیوەڕۆی شەممە بە کاتی ئەمریکا، لە شاری بەتڵەر لە ویلایەتی پەنسلڤانیا تەقە لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کرا کاتێک لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا گوتاری بۆ هەوادارانی دەدا.
هەرزوو تیمی پاسەوانی خۆیان دا بەسەر ترەمپدا بۆ ئەوەی بیپارێزن، هەرچەندە ترەمپ نەترسانە دەستی بەرز دەکردەوە بۆ هەوادارانی، بەڵام بەزۆر بردیان دووریان خستەوە.
تەقەکەرەکە لە دووری 125 مەترەوە و لە سەربانی خانوویەکەوە بە چەکی AR دەستڕێژی گولـلەی لە ترەمپ کرد، یەکێک لە گولـلەکان بەر بەشی سەرەوەی گوێچکەی راستی کەوت و برینداری کرد، ئەوانی دیکە بەر چەند ئامادەبوویەکی پشتەوەی ترەمپ کەوتن و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و دووانی دیکە بریندار بوون.
هەرزوو ترەمپ ئیمەیلێکی بۆ پشتیوانانی نادر، هەرچەندە کورت بوو، بەڵام دڵنیاکەرەوە بوو، تێیدا نووسیبووی، “ئەمە نامەیەکە لە دۆناڵد ترەمپەوە، هەرگیز خۆم بە دەستەوە نادەم.”
رووداوەکە ئەمریکا و جیهانی هەژاند، دەستبەجێ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی بە ترەمپەوە کرد و پشووی کۆتایی هەفتەی هەڵوەشاندەوە و گەڕایەوە بۆ کۆشکی سپی، بایدن لە گوتارێکدا گوتی، پێویستە هەمووان سەرکۆنەی ئەو رووداوە بکەن و نابێت هەرگیز ئەوە رووبدات.
دوای چەند کاتژمێرێک، کیڤن رۆژێک، بریکاری تایبەتی بەرپرسی مەیدانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی (ئێف بی ئای) لە پەنسلڤانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا گوتی، ئەوەی روویدا هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ بووە و رایگەیاند، ناسنامەی تەقەکەرەکە ئاشکرا ناکەن و هێشتا نازانن پاڵنەرەکانی رووداوە چین.