زووم..
رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
چوارچێوەى هەماهەنگی داواى کشانەوى هێزەکانى تورکیا دەکات لە هەرێمى کوردستان
قەیس خەزعەلى یەکێک لە سەرکردە دیارەکانى چوارچێوەى هەماهەنگی و ئەمیندارى گشتیی عەسائیبى ئەهلى حەق لە دواى گوتەکانى دوێنێى ئەردۆغان کە رایگەیاند بە زوترین کات کۆتایی بەو کێشە ئەمنییە دەهێنین کە لە باکوری عێراق دا هەیە، لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەتوندی دەستێوەردانەکاتى ئەم دواییانەى تورکیا بۆسەر خاکی عێراق سەرکۆنە دەکەن، لە هەمان کاتیشدا لەدژى ئەوەن کە خاکى عێراق بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکانى دراوسێ.
مەدا
نزیکەی 35%ـى لاوانى عێراق بێکارن و 10%ـى منداڵانیش لە قوتابخانە دابڕاون
تیمى تایبەتى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (UNCT) لە راپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە، هەرچەندە عێراق بەرەو بوژانەوەیەکى ئابوورى هەنگاو هەڵدەگرێت، بەڵام هێشتا 10%ـى منداڵانى ئەو وڵاتە لە خوێندن دابڕوان و 35% ـى گەنجەکانیشی بێکارن و هەشت ملیۆن و 700 هەزار منداڵیش هەژارن و پێویستیان بە هاوکاری هەیە، بەگوێرەى راپۆرتى تیمەکەى نەتەوەیەکگرتوەکان هەلى کار لە عێراقدا بۆ ژنان تەنها 10.6% و بۆ پیاوانیش 68% ـە، ئەوە لەکاتێکدا رێژەى نێر لە عێراق 50.5%ـە و مێینەش 49.5%ـە لە عێراق، ئەو منداڵانەى کە لە قوتابخانە دابڕاون تەمەنیان لە نێوان 11 بۆ 18 ساڵیدایە و 91%ـیان لە قۆناغى سەرەتاییدان.
سەباح
پشووى 14ـی تەمموز ناکۆکییەکى دیکەى عێراقییەکان
ماوەیەک پێش ئێستا پەرلەمانى عێراق پرۆژەیاساى پشووەکانى پەسەند کرد و هەندێک گۆڕانکاریی تێدا ئەنجامدرا، لەوانەش هەڵوەشاندنەوەى پشووى 14ـى تەمموز کە تیایدا کۆتایی بە سیستمى پاشایەتى لە عێراق هات و سەردەمی کۆماری هاتە کایەوە، بە پاساوى ئەوەى زیاتر لە 100 کەس لە بنەماڵەى پاشاکانى عێراق لەو رۆژەدا لەسەر دەستى سەربازەکانى کۆماریدا کوژراون و بە رۆژێکى خوێناوى لە مێژوى عێراقدا دادەنرێت، لەکاتێکدا کە رۆژی 4ـى نیسان کە رۆژى داگیرکردنى عێراقە لە لایەن ئەمریکاوە کراوەتە پشوو، ئەمەش نیگەرانى بەشێکى زۆر لە پەرلەمانتاران و سیاسیەکانى لێکەوتوەتەوە.
عەرەبی جەدید
سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان لەسێدارەدانى نهێنى لەعێراق بەردەوامە’
سەرەڕای ئەوەى رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى لە مانگی نیسانى رابردوو بە فەرمی داواى لە عێراق کرد جێبەجێکردنى لەسێدارەدان رابگرێت بەڵام هەر لەو مانگەدا 13 کەس لە یەکێک لە زیندانەکان لە سێدارەدراون، لە ئێستاشدا باس لەوە دەکرێت لە زیندانى حوت لە پارێزگاى زیقار و نزیک ناسریە بە نهێنى خەڵک لە سێدارە دەدرێن، سەرچاوەیەکى تایبەت لە لیژنەکانى لەسێدارەدانى وەزارەتى دادى عێراق بە رۆژنامەکەى راگەیاندوە، وەزارەتەکەیان لایەنی جێبەجێکارە، دۆسیە واژۆکراوەکان لە سەرۆکایەتى کۆمارەوە وەردەگرێتەوە جێبەجێیان دەکات و ئاماژەى بەوەش کردووە کە زۆرینەیان لە زیندانى حوت جێبەجێ دەکرێت، لەبارەى نهێنى بوونى پرۆسەکەش رایگەیاندوە ئەو کارە لەسەر داواکاریی حکومەت دەکرێت و دواتر بە کەس و کاریان رادەگەیەنرێت کە لە پزیشکى داد هەمان رۆژ تەرمەکانیان وەربگرنەوە.
لە راپۆرتى رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتیدا هاتووە پێشێلکارى زۆرى تێدادەکرێت، نەخۆشى درێژخایەن و خەڵکی بەتەمەنى سەرو 75 ساڵیان تێدایە، هەندێکیان رادەستى کەس و کاریان ناکرێنەوەو تەنانەت ئاگاداریش ناکرێنەوە، بەشێکیشیان پێویستیان بە پێداچونەوەى دۆسیەکانیان هەیە بەڵام پێداچونەوە ناکەن.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
ئەردۆغان لەبەر دوو هۆکار چاوی بە بەشار ئەسەد دەکەوێت
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارى تورکیا رایگەیاند: خواستی چاوپێکەوتنم لەگەڵ بەشار ئەسەد بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە، یەکەمیان بۆ رێگرییکردنى لە دروستکردنى قەوارەیەک بۆ پەکەکە و یەپەگە بەناوی تیرۆریستانەوە لە باکوورى سوریا. ئێمە وەک تورکیا یەکپارچەیی خاکی سوریا دەخوازین.
دووەمیشیان لە تورکیا نزیکەى چوار ملیۆن پەنابەرى سووری هەن، ئەگەر هەمووشیان نەبێت، دەخوازین زۆربەیان بنێرینەوە بۆ وڵاتی خۆیان.
سۆزجو
چاودێرى ئەو کەسانە دەکرێت کە پارە زۆر خەرج دەکەن
محەمەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیا رایگەیاند، هەر هاووڵاتییەک لە تورکیا مانگانە بڕی پێنج ملیۆن لیرەى تورکی خەرج بکات دەخرێتە ژێر چاودێرییەوە. دواتر لێپێچینەوەى یاسایی لەگەڵدا دەکرێت ئەگەر بێت و ئەو کەسە سەرچاوەی پارە و داهاتى ئاشکرا نەکات.
شیمشەک گوتیشی، تائێستا لە وڵاتەکەیان ٨٠٠ کەس خراونەتە ژێر چاودێری حکومەتەوە.
قەرار
داوا دەکرێت سەرۆکی دەزگای ئامارى تورکیا بگۆڕێت
عەلی بابەجان، سەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن رایگەیاند، ئەو ئامارانەى کە دەزگای ئاماری تورکیا بڵاویدەکاتەوە دوورن لە راستییەوە، بە تایبەت ژمارە و ئامارەکانى رێژەى هەڵاوسان راست نین. دەزگاکە متمانە و پێگەى خۆى لەناو خەڵکدا لەدەستداوە. ئەوە جێگەى قبوڵکردن نییە و پێویستە بە زووترین کات سەرۆکی دەزگاکە لاببرێت.
یەنیچاغ
نرخی هێلی شەمەندەفەر لە تورکیا 25.6% گران کرا
تەواوى هێڵەکانى شەمەندەر لە تورکیا و لە باکوورى کوردستان بە بڕی 25.6% گران کرا.
لە پاش گرانکردنى نرخی بلیتەکانى هێڵی شەمەندەفەر، نرخی بلیت لە نێوان ئیستەنبوڵ بۆ ئەنقەرە لە 430 لیرەوە کرا بە 540 لیرە. بەهەمانشێوە بۆ شارەکان دیکەش نرخی بلیتەکان گران بوون.
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
هەموو مامەڵەکانی نێوان ئێران و رووسیا بەبێ دۆلار ئەنجام دەدرێت
محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، ئەندامبوون لە وڵاتانی بریکس دەرفەتێکی زۆر گرنگی بۆ رەخساندین بۆ لابردنی دۆلار لە مامەڵەکانمان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لەو رێکخراوە، لە ئێستادا هەموو مامەڵەکانی نێوان ئێران و روسیا بەبێ دۆلار ئەنجام دەدرێن بەهۆی ئەو شێوازە نادروست و هەڵانە کە ئەمریکا گرتوویەتییەبەر.
ناوبراو گوتیشی، ناتۆ کەشێکی دروست کردووە کە بووەتە هۆی بەهێزبوونی رێکخراوی هاوکاری شەنگەهای و بریکس کە ئەم دامەزراوانە بە خێرایی گەشە دەکەن و تەنانەت شەڕی نێوان روسیا و ئۆکرانیا رەگ و ریشەی لە سیاسەتی هەڵەی ئەمریکادا هەیە.
تەجارەت
95%ـی زیندانیانی بیانی لە ئێران خەڵکی ئەفغانستانن
جێگری کاروباری نێودەوڵەتیی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، بە گوێرەی ئامارەکان نزیکەی 95%ـی زیندانیانی بیانی لە ئێران خەڵکی ئەفغانین و لە ئێستادا بەدواداچوونی پێویست لە لایەن ئێرانەوە بۆ گواستنەوەی ئەو زیندانییانە بۆ ئەفغانستان لەسەر بنەمای رێککەوتنی دوو قۆڵی لە ئارادایە و هیوادارین ئەمساڵ بگەینە ئەنجام.
کازم غەریبادی دیپلۆماسی دادوەری بە یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی دەسەڵاتی دادوەری ئێران دەزانێت کە تا ئێستا کاری لەسەرکراوە.
ئەبراری ئیقتسادی
کێشەکانی نەبوونی دراو و تمەن و پچڕانی کارەبا گەیشته پیشەسازی دەرمان
بەگوێرەی هەواڵی ئیلنا، مەحمود نەجەفی، بەرپرسی ژووری بازرگانیی تاران رایگەیاند، پیشەسازی دەرمان لەگەڵ نەبوونی دراو و پچڕانی کارەبا له مەترسیدایه و هەموو پیشەسازییەکان بە دەرمان و کەرەستەی پزیشکییەوە رووبەڕووی کێشەی دابینکردنی دراوی بیانی بوونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوردەکردنی دەرمان بەهۆی سنووردارکردنی دراوی وڵاتەوە تووشی کێشە بوون.
هەروەها پچڕانی کارەبای یەکەکانی بەرهەمهێنانی دەرمان به تایبەت له رۆژه گەرمەکانی ساڵدا وایکردووه ئەو یەکانه له هەفتەیەکدا دوو رۆژ دابخرێن و کاریگەری خراپی له سەر بەرهەمهێنانی دەرمان هەبووه کە پەیوەندی بە ناهاوسەنگی کارەباوە هەیە لە وڵاتدا.
ئەفکار
پلان بۆ دابینکردنی ناسنامە بۆ منداڵانی کرێکار له ئێران
چەند رێکارێک بۆ رێکخستنی منداڵانی کرێکار گیراوەتەبەر، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و ژمارەی منداڵانی کار زیادی کردووە.
لەم دواییانەدا پلانی دابینکردنی ناسنامە بۆ ئەو منداڵانە پێشنیازکراوە کە ئەمەش هیوایەکە بۆ چارەسەری کێشەکانیان.
لە ئێستادا نزیکەی 70 هەزار منداڵی کرێکار لە تاران کار دەکەن کە 80%ـی ئێرانی نین و زۆربەی ئەو منداڵانە بیانین و پێویستیان بە پشتیوانی زیاترە.
رێکخراوە جۆراوجۆرەکان هەوڵیان داوە ئەو منداڵانە کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام هێشتا ژمارەی منداڵانی کرێکار لە زیادبووندایە.
جێبەجێکردنی پلانەکانی ناسنامەی منداڵانی کرێکار دەتوانێت یارمەتیدەر بێت، بەڵام پێویستە بە شێوەیەک ئەنجام بدرێت کە نەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی ئەو منداڵانە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
واشنتن پۆست
لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا تەقە لە ترەمپ کرا و بریندار بوو
ترەمپ خۆی باشە، بەڵام تەقەکەرەکە و کەسێکی دیکەش کوژراون. پێدەچێت ئەمە هەوڵێک بووبێت بۆ کوشتنی کاندیدی سەرۆکایەتییەکە.
رۆژی شەممە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا قسەی دەکرد، کەوتە بەر هەوڵێکی کوشتن، تەقەی لێکرا و کەوت، لە کاتی هەستانەوەیدا پێوەی دیاربوو کە لایەکی دەمووچاوی خوێنی پێوەیە. ئەم رووداوە لە کاتی ئەنجامدانی هەڵمەتی گەرمی بانگەشەی هەڵبژاردندا روویدا و خەڵکەکەشی تووشی شۆک و حەپەسان کرد، مەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژیی زیادکردووە.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
خەرجیی بێشووماری هاوسەرگیرییەک سەرنجی دنیا دەخاتە سەر ئاستی دەوڵەمەندیی هیندییەکان
کۆتایی ئەم هەفتەیە یەکێک لە پڕخەرجیترین هاوسەرگیرییەکانی ئەم سەردەمە لە وڵاتی هیندستان ئەنجامدرا. ئەم هاوسەرگیرییە وایکرد هەموو دنیا چاو بخاتە سەر توانای مەسرەفکردنی یەکێک لە خێزانە دەوڵەمەندەکانی هیندستان کە خاوەنی چەندان ملیار دۆلارن، بە خێزانی ئەمبانییەکان ناسراون.
ئانات ئەمبانی گەنجترین کوڕی موکێش ئەمبانییە کە باوکی خاوەنی گروپی چەند کۆمپانیایەکی بواری پیشەسازییە و دەوڵەمەندترین پیاوی ناو هیندستانە، کچێکی خواستووە ناوی رادیکایە، کە ئەویش کچی خێزانێکی تری دەوڵەمەندی وڵاتەکەی خۆیانە. بڕیارە ئاهەنگ گێڕانیان بۆ هاوسەرگیرییەکەیان ماوەی چل رۆژ بەردەوام بێت، تا ئێستا 600 ملیۆن دۆلاریان خەرج کردووە.
ئێف تی ویکئێند
ئەو فشارانە زۆربوون کە داوای کشانەوەی بایدن دەکەن
جۆ بایدن لەگەڵ ناوەندی بڕیاری حزبەکەیدا گفتوگۆی رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەکانی دەستپێکردووە. بایدنی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا هەوڵدەدات یاسادانەرانی ناو پارتەکەی خۆی قایل بکات واز لە بانگەشەکردن بۆ کشانەوەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان و کاندیدبوونەکەی بهێنن، چونکە بایدن دەیەوێت لە مەیدانی وەستانەوە بەڕووی ترامپدا بمێنێتەوە.
حەکیم جێفریز یەکێک لە سەرکردەکانی ناوەندی بڕیاری دیموکراتەکان گوتی، لە ئێستاوە روانینی روون و ئاشکرا و دنیابینیی تەواوی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان هەیە، بەڵام نەشیگوتووە کە دەچێتە ریزی ئەو کەسانەی سەرکردایەتی پارتەکەیانەوە کە داوای کشانەوەی کاندیدەکەی خۆیان دەکەن.
دەیلی مەیل
هەر چوار خولەک جارێک مامۆستایەک لە بەریتانیادا پەلاماردەدرێت
پەتای ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر بە مامۆستایان لە قوتابخانەکانی سکۆتلەندە و شانشینی یەکگرتووشدا بڵاوبووەتەوە، خەریکە کێشەکە هێندە گەورەدەبێتەوە کە لەدەست دەردەچێت. دەگوترێت ئەوە سیاسەتەکانی پارتی نیشتمانیی سکۆتلەندییە ئاسانکاریی بۆ ئەم توندوتیژییانە کردووە.
رێژەی ئەنجامدانی توندوتیژی لە قوتابخانە و خوێندنگەکانی بەریتانیادا زیادی کردووە، هەر چوار خولەک جارێک لە قوتابخانەکانی سکۆتلەندەدا توندوتیژییەک بەرامبەر بە مامۆستایەک ئەنجامدەدرێت. لە یەک ساڵی ئەکادیمیی رابوردوودا ١٦هەزار حاڵەتی پەلاماردان تۆمارکراوە.