زووم…
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ رووداوێکی هاتوچۆ لەسەر رێگای هامڵتۆن لە سۆران لەنێوان سێ ئۆتۆمبێلدا روویدا، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان کە بارهەڵگرێک بوو، لە رێڕەوی شەقامەکە دەردەچێت و وەردەگەڕێت، بۆرییەکی ئاوی ماڵان دەشکێنێت و بەهۆیەوە نزیکەی هەزار و 500 ماڵ بێئاو دەبن.
موحسین تەحسین گوتەبێژی هاتوچۆی سۆران لەوبارەیەوە بە زوومی گوت، رووداوەکە پێکدادانی سێ ئۆتۆمبێلی جۆری سکانیا و شۆڤرلێت ئۆپترا و تۆیۆتا کرۆلایەکی تاکسی بووە، سێ کەس بریندارن، برینی یەکێکیان سەختە و رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر کراوە.
لەبارەی بێئاوبوونی ماڵەکانی ناوچەکەوە، تەحسین سەعدوڵا، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران قسەی بۆ زووم کرد و گوتی، “بەهۆی رووداوەکەوە، بارهەڵگرەکە لە رێڕەوی شەقامەکە دەرچووە و وەرگەڕاوە، بۆریی ئاوی ماڵانی شکاندووە و بەوهۆیەشەوە، گەڕەکەکانی جوندیان و کەورین بێئاو دەبن، کە بە نزیکەیی هەزار و 500 ماڵ دەبن.”