زووم..
سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق رایگەیاند، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە 240 قیست پارەی دروستکردنی بۆریی نەوتی کوردستان بۆ دوو کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی دەگەڕێنێتەوە، کە بڕەکەی 11 ملیار و 160 ملیۆن دۆلارە.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، بە پشتبەستن بە راپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لە پۆستێکیدا لە فەیسبوک نووسیویەتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە 120 قیست هەموو مانگێک تا کۆتایی ساڵی 2027 ، مانگی 55 ملیۆن دۆلار دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆمپانیای رۆسنەفت و کار.
دەشڵێت، لە 2028 ـەوە بە 120 قیست مانگی 38 ملیۆن دۆلار دەگەڕێنێتەوە بۆ هەردوو کۆمپانیاکە، جگە لەوەی هەموو مانگێک تێچووی بەکارخستنی بۆرییەکە کە بۆیان دەگەڕێنرێتەوە، پێنج ملیۆن دۆلارە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم بۆرییەکەی فرۆشتووە بەو دوو کۆمپانیایە، بەڵام تا کۆتایی ساڵی 2038 حکومەتی هەرێم 11 ملیار و 160 ملیۆن دۆلار دەداتەوە بەو کۆمپانیانە.