رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان بایدن سوورە لەسەر نەکشانەوەى
جیم هایمز، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانى دیموکراتەکان و ئەندامی لیژنەى هەواڵگریی کۆنگرێس رایگەیاند، هەڵبژاردنى 2024 داهاتووى دیموکراسیەت لە ئەمریکا دیاری دەکات، بۆیە دەبێت بەهێزترین کاندیدمان هەبێت لەبەرامبەر هەڕەشە و هەنگاوەکانى ترەمپى، “دەسەڵاتخواز و خۆسەپێن”، بۆ ئەوەى ئەمریکا بە بەهێزیی بهێڵینەوە، بەڵام لەراستیشدا ئەم بەهێزییە لە بایدن نابینم.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە بەشێکى دیکە لە سیاسی و دبلۆماتکارانى نێو دیموکراتەکان سوورن لەسەر مانەوەى بایدن لە کێبەرکێکەدا و خۆشی ئامادە نییە بکشێتەوە.
عەرەب
بەتەمەنەکان زیاتر تووشى نەخۆشیی دەرونى دەبن و خزمەتکردنیشیان قورسە
تونس لەسەر ئاستى کیشوەرى ئەفریقیا لە پلەى یەکەمدایە بۆ زۆرى نەخۆشى دەرونى و لەسەر ئاستى جیهانیش لە ریزبەندی پێنجەمدایە.
بەگوێرەى ئامارە نوێیەکانى ئەو وڵاتە لە ئێستادا 518 هەزار کەس نەخۆشى خەمۆکییان هەیە، لە نێو 322 ملیۆن نەخۆشى خەمۆکی لە هەموو جیهاندا، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام پلانى هەیە بۆ کەمکردنەوەى ئەو رێژەیە بەتایبەتى لە بەتەمەنەکاندا، لەبەر ئەوەى خزمەتکردنیان لە لایەن کەس و کاریانەوە زۆر قورسە.
بەگوێرەى راپۆرتى رێکخراوى تەندروستیى جیهانى رێژەى نەخۆشییە دەرونییەکان لەم ساڵانەى دواییدا زۆر زیادیانکردوە و لە ریزبەندى یەکەمى نەخۆشییەکانى جیهاندایە و لەسەر ئاستى جیهانیش لەکۆی 10 کەس یەکێکیان خەمۆکی هەیە.
عەرەبی جەدید
عێراق وڵاتى زۆرى حزب و لایەنى سیاسییە
تەنها لە سێ مانگی رابردوودا 17 حزبى عێراقی نوێ لە فەرمانگەى تایبەت بە تۆمارکردنى حزب و لایەنەکان ناوى خۆیان تۆمارکردووە بەمەش ژمارەى حزبە فەرمییەکانى عێراق گەیشتە 425 حزب، لەکۆی ئەو ژمارەیەش ژمارەیەکى زۆر کەمیان دەگەنە بەدەستهێنانى کورسیى پەرلەمانى.
وەک رۆژنامەکە دەڵێت، زۆرینەیان بۆ پشتیوانیکردنى حزبە گەورەکانن و بەشێوەیەکى دیکە خۆیان نیشانى هاووڵاتیان دەدەنەوە.
لە رۆژنامەکەدا هاتووە عێراق لەسەر ئاستى ناوچەکە یەکەم وڵاتە لە زۆی ژمارەى حزبەکانیدا، بەگوێرەى فەرمانگەى تۆمارکردنى ناوى لایەنە سیاسیەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان 60%ـى ئەم حزبانە هیچ چالاکییەک و تەنانەت بارەگایەکیشان نییە و زۆرینەشیان بانگەشەى مەدەنیەت و شارستانیەت و دیموکراسیەت دەکەن و لە راستیشدا وانییە.
قودسى عەرەبی
108 کۆمپانیاى بەریتانى چەک بۆ ئیسرائیل دابیندەکەن
بەگوێرەى بڵاوکراوەیەکى رێکخراوى هەڵمەتى قەڵاچۆکردنى بازرگانیى چەک (CAAT)، حکومەتى بەریتانیا مۆڵەتى فەرمی داوە بە 108 کۆمپانیا چەک و تەقەمەنى و پێداویستى سەربازیی بۆ ئیسرائیل دابین بکەن و بەمەش بەریتانیا کەوتووەتە ریزبەندی یەکەم و هیچ رێگری و مەرجێکیشیان بۆ رێژە و جۆری پێداویستیەکان دیاری نەکراوە.
بەگوێرەى راپۆرتى رێکخراوەکە تائێستا هەزار و 335 رێگەپێدانى تایبەت و 66 رێگەپێدانى بێمەرج بۆ دابینکردنى پێداویستى سەربازیی لە ماوەى 10 ساڵی رابردوودا بۆ کۆمپانیاکان کراوە، کە پێدوایستیەکانى ئیسرائیل پڕبکەنەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
ئەندامێکی ئاک پارتى بە تۆمەتى گەندەڵی دەستگیرکرا
حوسەین بەیئۆغڵو، سەرۆکی پێشووى شارەوانی باغڵەر لە ئامەد، بە تۆمەتی بەرتیلدان بۆ وەرگرتنی پڕۆژە بۆ خۆی و خێزانەکەى دەستگیرکرا و تەواوى ماڵ و سامانەکەشی دەستی بەسەرداگیرا.
لەپاش وەرگرتنى گوتە لەلایەن پۆلیسەوە بە کەفالەت ئازادکراوە و لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەکەی بەردەواممە تاوەکو رۆژی دادگاییکردنی.
یەنی شەفاق
پێشمەرگە و سوپای عێراق لە گارە جێگیر دەکرێن
لە درێژەى ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى سوپاى تورکیا لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان، لەژێر ناوی ئۆپراسیۆنی چنگی قفڵ لە ناوچەی زاپ، بە قوڵایی 40 کیلۆمەتر پشتێنی ئەمنی دروستدەکرێت.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، ئۆپراسیۆنەکان درێژەى دەبێت تاوەکو چیاى گارە کۆنتڕۆڵ دەکرێت و لە پەکەکە پاک دەکرێتەوە.
بڕیارە پێشمەرگە و پاسەوانی سنووری عێراقی بە هاوبەشی بەشدارى لە ئۆپراسیۆنى گارە بکەن و لەپاش کۆنتڕۆڵکردنی گارە، لەوێ جێگیر بکرێن.
قەرار
لە تورکیا پرسی پەنابەران هەیە
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە رایگەیاند، لە تورکیا پرسی پەنابەران هەیە، پێوستە دان بەو پرسەدا بنێین و بەزووترین کات چارەسەرێکی دروستی بۆ بدۆزینەوە.
ئەو دەڵێت، پێشنیاز دەکەم وەزارەتی کۆچبەران پێکبهێنرێت بۆ ئەوەى رێگری بکرێت بە پارە مافی هاووڵاتیبوون بکڕدرێت.
هاوکات پێویستە پەرلەمان رۆڵی خۆى بگێڕێت و بەدواداچون بۆ پرسی پەنابەران بکات.
یەنی بیرلیک
دوو هەفتە بەسەر بانگەوازەکەى ئەردۆغان بۆ ئەسەد تێپەڕیوە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پێش دوو هەفتە بانگەوازم کرد دیدار لەگەڵ بەشار ئەسەد ئەنجامبدەم، پێشنیازى ئەوەشم بۆ کردووە لە وڵاتەکەى خۆم یان لە وڵاتی سێیەمدا دیدارەکەمان ئەنجام بدەین.
دەڵێت، وەزیرى دەرەوەی تورکیا بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام لەسەر هێڵە، ئومێدەوارم نیگەرانییەکانمان کۆتایی پێبهێنین و پڕۆسەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانمان دەستپێبکەین.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
شکستە ‘ئابڕوبەرەکانی’ پارتی پارێزگاران بوونەتە هۆی قەیرانی زیندانەکان
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا، و سەرجەم وەزیرانی کابینەکەی “کەسانی تاوانبارن” و دەبێت وەک کەسانی بەرپرسیار مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت لە هەمبەر ئەو شکستە ئابڕوبەرانەی نەیانتوانی قەیرانی زیندانەکانی بەریتانیا چارەسەر بکەن، لەکاتێکدا پێشتر بەڵێنیان دابوو خەڵکێکی زۆر لە زیندانەکان ئازاد بکەن، لە ئێستاشدا زیندانەکان قەرەباڵغییەکی زۆریان تێدا بەدیی دەکرێت.
ئیندیپێندێنت
فشارەکان لەسەر بایدن کەڵەکە دەبن بۆ وازهێنانى لە کاندیدی سەرۆکایەتی
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، کە لە ئێستادا لە کێبڕکێیەکی سەختدایە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، بۆ ئەوەی دووبارە ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، لە ژێر فشارێکی زۆری بەرپرسانی پارتەکەیدایە بۆئەوەی لە کاندیددبوونی بکشێتەوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت لە لوتکەی ناتۆ لەبری ناوهێنانی زێلێنسکی لە گوتارێکدا ناوی پوتینی هێنا و ناوی کامالا هاریسی وەک جێگری سەرۆک ترەمپ هێنا.
لە ئێستاشدا باراک ئۆباما و نانسی پێلۆسی لە هەوڵدان بۆ رازیکردنی بایدن بۆ کشانەوەی لە کێبڕكێکە.
واشنتن پۆست
ئیسرائیل و حەماس لەیەکتریی نزیک بوونەتەوە بۆ گەیشتنە ئاگربەست، بەڵام هێشتا بۆشایی لەنێوانیاندا ماون
بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل رۆژی هەینی رایانگەیاند، هەردوولا لەیەکتریی نزیکبوونەتەوە وەک لەوەی پێشتر هەبووە بۆ ئەوەت بگەنە رێککەوتنێک و جەنگ لە غەزە بوەستێت، بەڵام داواکاریی تازەی ئیسرائیل و نارازیبوونیان لە سەر هەندێک وردەکاریی هێشتا جێگەی مشتومڕن و هەردوو لایەن دانوستانی لەسەر دەکەن.
ئەم لێدوانە تازەیەی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت دەنگۆیەک هەبوو سوپای ئیسرائیل لەگەڵ میسر لە گفتوگۆدایە بۆ کشانەوەی بەدووریی نزیکەی 13 کیلۆمەتر لە سنووری ئەو وڵاتە.
عەرەب نیوز
تەرمی خەڵکی غەزە لەسەر شەقامەکان بەهۆی هێرشە توندوتیژەکانی ئیسرائیلەوە پەرشوبڵاو بوونەتەوە
تیمی فریاگووزاریی غەزە لە هەوڵێکی نوێدا هەڵسان بە کۆکردنەوەی تەرمی ئەو هاووڵاتییانەی غەزە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە لەسەر شەقامەکان بوون.
ئەمەش دوای کشانەوەی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل دێت لە دوو ناوچەی ئەو شارە دوای ئەوەی بۆماوەی هەفتەیەک بەشێوەیەکی توندوتیژ هێرشەکانی بۆسەر ناوچەکان بەردەوام بوو.
رۆژنامە فارسییەکان
قودس
80%ـى رەختەکانى شاری بجنوردى خۆراسان ناسنامەیان هەیە
بەرپرسی رێکخراوی دیمەنی سروشتی و سەوزایی شارەوانی بۆجنۆرد لە خۆراسان رایگەیاند، تائێستا 80%ـى درەختەکانى ئەم شارە لە شەقامەکان ناسنامەیان بۆ تۆمارکراوە.
نادر نەورۆزی گوتی، لە شارەکە 60 هەزار دار هەبووە و لەو ژمارەیەش 50 هەزار ناسنامەیان هەیە.
مەبەست لەم کارە دەستنیشانکردنی جۆرەکانی درەختەکان و بارودۆخیان و پاراستنی ژیانیانە.
جێبەجێکردنی سیستمێکی زیرەک بۆ چاودێریکردنی درەختەکان لە بەرنامەی کاردایە.
جەوان
ئێرانییەکان چوار هێندەى رێژەى ئاساییە خواردنەوە گازییەکان دەخۆنەوە
کەناڵی تێلێگرامی گۆڤاری پزیشکی نووسیویەتی، لە ئێستادا خەڵکی ئێران چوار ئەوەندەی تێکڕای رێژەی جیهانی خواردنەوە گازییەکان بەکاردەهێنین.
هەموو ئێرانییەک بە تێکڕا ساڵانە نزیکەی 42 لیتر خواردنەوەى گازى دەخواتەوە، کە زیانی زۆری هەیە.
باشترە بەکارهێنانی خواردنەوە گازییەکان کەم بکرێتەوە و شەربەتی میوە و دۆ بخورێتەوە.
ئەسکەناس
خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا لە ئێران زیاد دەکات
بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی هەوا بە سێ پلە، بەکارهێنانی کارەبای ئێرانی بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر زیادکردووە. پێشبینی گەشەی بەکارهێنان بە رێژەی 5%ـى ساڵانە لە ئێستادا گەیشتووەتە 15%.
هاوینی 2023 گەرمترین هاوین بوو لە مێژوودا و لە هاوینی 2024 لەوەش گەرمتره.
دەسەڵاتدارانی ئێران رێوشوێنی پێویستیان گرتووەتەبەر لە رێگەی پەرەپێدانی ژێرخان و زیادکردنی بەرهەمهێنانی وێستگەکانی کارەبا و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی کارەبا.
زۆرترین بەکارهێنانی کارەبا لە ماوەی گەرمی ساڵدا روودەدات، کاتێک باری بەکارهێنانی ئامێرەکانی ساردکەرەوە زیاد دەکرێت بۆ تۆڕەکە.
ئەبراری ئیقتسادی
نایەکسانی لە بازاڕی کارى ئێراندا هەیە و ژنانى بێکار دوو هێندەى پیاوانن
ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن پشکی ژنان لە بێکاران دوو ئەوەندەی پشکی پیاوانە و رێژەی بەشداریی ئابووریی ژنانی ئێران کەمە و تەنانەت ئەو ژنانەی ئامادەن کار بکەن، پشکی یەکسانیان لە بازاڕی کاردا دەست ناکەوێت.
لە هەر 100 کەسی بازاڕی کار لە ئێران، تەنیا 16 کەسیان ژنن، کە پشکی ژنان لە بێکاری گەیشتووەتە 27%.
تێکڕای رێژەی بەشداریکردنی ژنان لە بازاڕی کاردا لە پێنج ساڵی رابردوودا نزیکەی 15% بووە و ئەم ژمارانە ئاستەنگی زیاتر بۆ ژنان لە بازاڕی کاری ئێراندا نیشان دەدەن.