زووم:
سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو کۆتایی بە مووچەی بندیواری دەهێنێت.
یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێت، یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، یاسایەکی گشتگیرە بۆ هەموو جۆرەکانی خانەنشینیی مەدەنی و سەربازی و دادوەری و هەموو پۆست و پلە و ناونیشانە وەزیفییەکان.
یوسف محەمەد، لەبارەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووەوە دەشڵێت، جێبەجێکردنی یاساکە لە هەرێمی کوردستان، کۆتایی بەو پاشاگەردانییەی لە بواری خانەنشینی هەیە دەهێنێت و کۆتایی بە مووچەی بندیواری و بە دوو مووچە یان زیاتر دەهێنێت.
دەشڵێت، هیوادارم حکومەتی هەرێم کار بۆ دەستەبەرکردنی سەرجەم مافەکانی خانەنشینانی شایستەی هەرێم بکەن، هاوشێوەی سەرجەم ناوچەکانی دیکەی عێراق و نەیانکەنە قوربانی خانەنشینی نایاسایی و ناشایستە و ناڕاست.