زووم..
ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز رایگەیاند بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی تانکەرەوە بۆ ئێران و تورکیا زیادیکردووە بێئەوەی داهاتەکەی دیار بێت و بچێتەوە خەزێنەی حکومەت، دەشڵێت، داهاتەکەی 200 ملیۆن دۆلاری مانگانەیە.
ئاژانسەکە بۆ ئامادەکردنی راپۆرتەکەی، قسەی لەگەڵ 20 بەرپرس و دیپلۆماتکاری هەرێمی کوردستان و عێراقی کردووە و دەڵێت، رۆژانە نزیکەی هەزار تانکەر زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە دەروازە سنوورییەکانەوە بە قاچاخ دەگوازنەوە، زۆربەی بۆ ئێران و بڕێکی کەمتر بۆ تورکیا.
راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، نەوتەکە بە قاچاخ دەگەیەنرێتە بەندەرەکانی ئیمام خومەینی و بەندەر عەباس لە ئێران و لەوێوە باردەکرێت بەرەو ئەفغانستان و پاکستان، بەڵام بە نرخێکی زۆر کەمتر لە نرخی فەرمی، بە جۆرێک هەر بەرمیلێک بە 30 بۆ 40 دۆلار دەفرۆشرێت، لەکاتێکدا لە بازاڕە جیهانییەکاندا 80 بۆ 85 دۆلارە.
لەبارەى داهاتەکەی، بەرپرسێک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوەکەی بە رۆیتەرزی گوتووە، هیچ کەسێک نازانێت داهاتی فرۆشتنی ئەو 200 هەزار بەرمیل نەوتە بۆ کوێ دەچێت کە بە قاچاخ دەبرێتە دەرەوە یاخود ئەوانەی دەدرێن بە پاڵاوگەکان.
ئاژانسەکە لە چەند بەرپرسێکی حکومی و حزبییەوە دەڵێت، یەک دۆلار لە داهاتی ئەو قاچاخچییە ناچێتە خەزێنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵکو دەچێتە گیرفانی بەرپرسانی بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵە تاڵەبانی کە بریتییە لە 200 ملیۆن دۆلاری مانگانە.
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە رۆیتەرزی گوتووە، بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رەزامەندی لەسەر نەدراوە و ئاگاداریش نییە رۆژانە چەندە نەوتی هەرێمی کوردستان دەبرێتە ئێران و تورکیا بە قاچاخی، بەڵام سەرچاوەیەکی پەرلەمانی بە ئاژانسەکەی گوتووە، بەرپرسانی بەغداد ئاگاداری ئەو دۆخەن بەڵام نایانەوێـت بە ئاشکرا ناڕەزایەتی دەرببڕن چونکە بەنیازی چارەسەرکردنی کێشەکانیانن لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
هاوکات بەرپرسێکی ئەمریکی بەبێ ناوهێنان بە رۆیتەرزی گوتووە، ئەمریکا هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات ئاخۆ بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران دژی ئەو سزایانەیە کە واشنتن بەسەر تاراندا سەپاندوویەتی یاخود نا.