زووم..
شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق بەسەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی گەیشتە هەولێر، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ هێرشەکانی تورکیا.
سەردانی شاندەکە، لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقە، بەمەبەستی گەڵاڵەکردنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، بەرامبەر ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا.
شاندەکە دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، سەردانی پارێزگای دهۆک و قەزای ئامێدی دەکەن.
شەوی رابردوو ئەنجومەنی وەزاریی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، فەرماندی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆبووەوە.
لە راگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنەکە لەشکرکێشییەکانی تورکیای لە هەرێمی کوردستان رەتکردەوە و رایگەیاند، پێویستە تورکیا رەچاوی بنەماکانی دراوسێی باش و مامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات لە هەر بابەتێک کە پەیوەندیدارە بە لایەنی ئەمنییەوە.
هەروەها بڕیاریدا بە ناردنی شاندێکی بە سەرۆکایەتی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بۆ هەرێمی کوردستان لەپێناو ئاگاداربوون لە دۆخی گشتی و وەرگرتنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو لەبارەى لەشکرکێشییەکەی تورکیا کە مەترسییە بۆ سەر سەروەری عێراق.