زووم..
رۆژنامەی سەباح لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، هەندێک لە بانکە حکومییەکان و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو ئامادەکاری دەکەن بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران بە نرخی فەرمیی لەنێو فڕۆکەخانەکاندا.
سەرچاوەکە بە رۆژنامەی سەباحی گوتووە، بانکە حکومییەکان چاوەڕێی ئاگادارکردنەوەی بانکی ناوەندی دەکەن تا بە فەرمی رەزامەندی بدات لەسەر دەستپێکردنی فرۆشتن و دابەشکردنی دۆلار لە فڕۆکەخانەکان.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقدایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری قەیرانی دۆلار، هەرچەندە ئەندامێکی ئەنجومەنی بانکی ناوەندیی عێراقی دەڵێت، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار پەیوەندی نییە بە رێکارەکانی بانکی ناوەندی، بەڵکو پەیوەندی هەیە بەو سنووربەندییانەی ئەمریکا لەسەر بانکی ناوەندیی دایناوە.
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەهای دۆلار بەرامبەر دینار لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەرزبوونەوەی هەستپێکراوی تۆمارکرد، بەجۆرێک بەهای 100 دۆلار گەیشتە سەروو 151 هەزار دینار، بەڵام هەرزوو دابەزییەوە بۆ دەوروبەری 148هەزار دینار.