زووم:
“مێسی شتگەلێکی بە تۆپی پێ بەخشیوە، ئێستایش کاتی ئەوەیە قەرزەکەی وەربگرێتەوە” چاودێرانی وەرزشی هیچ تێبینییەکانی ئەوتۆیان لەگەڵ ئەو گوزارشتەدا نییە. بۆیە بردنەوەی مۆندیال لەلایەن مێسییەوە نە دەبێتە سوپرایز و نە رووداوێکی چاوەڕواننەکراویش.
بەلای هاندەرانی تانگۆوە ئەمڕۆ “مۆندیال” دەستپێدەکات. کاتێک هەڵبژاردەی ئەرجەنتین یەکەم یاریی خۆی بەرامبەر هەڵبژاردەی عەرەبستانی سعودیە ئەنجامدەدات لە کاتژمێر 01:00 بە کاتی هەرێمی کوردستان.
یارییەکەی ئەمڕۆی ئەرجەنتین بە یەکەم هەنگاوی لیۆنێل مێسی و هاوڕێکانی دادەنرێت بەرەو بەدیهێنانی ئەو دەستکەوتەی لەمێژە خەونی پێوەدەبینن.
ئەرجەنتین 36 ساڵە تامی بردنەوەی نازناوی مۆندیالی نەکردووە، دروست لەوکاتەوە کە دیگۆ مارادۆنای کۆچکردوو لە مۆندیالی مەکسیکدا (1986) جیهانی تاساند و جامەکەی بەرزکردەوە. ئەوە دووەم نازناوی تانگۆ بوو لەمێژوودا، یەکەم نازناویان لە ساڵی 1978 بە سەرکردایەتیی ماریۆ کێمپس بەدەستهێنا.
ئەرجەنتین 36 ساڵە تامی بردنەوەی نازناوی مۆندیالی نەکردووە
ئەوە تەنها ئەرجەنتین نییە کە تینووی مۆندیالە، بەڵکو تامەزرۆیی لیۆنێل مێسی بۆ بردنەوەی نازناوەکە “وەسف ناکرێت”.
مێسی 17 ساڵە هیچ نەماوە لە نێو یاریگەدا ئەنجامی نەدات، بە نزیکەیی تامی بردنەوەی هەموو دەستکەوتە گەورەکانی کردووە، کاتێکیش ساڵی رابردوو نازناوی کوپا ئەمریکای لەگەڵ ئەرجەنتین بەدەستهێنا، ئیدی ئێستا تەنها لە مۆندیالی کەمە بۆ ئەوەی وەکو مەزنترین یاخود یەکێک لە مەزنترین یاریزانەکانی مێژوو بمێنێتەوە.
بەلای مێسییەوە نە حەوت بالۆندۆرەکە و نە چوار چامپیۆنس لیگەکە و نە کوپا ئەمریکاش، هیچیان تامی ئەوە نادەن لەنێو یاریگەی لۆسێل دا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر جامی مۆندیال بەرزبکاتەوە.
ئەرجەنتینییەکان بە سەرسەختی و حەماسە زۆرەکەیان ناسراون، ئەم میراتە بۆ مارادۆناش مایەوە و ئەویش بۆ مێسی و ئەوانی دیکەی جێهیشت. بۆیە قورسە خەڵکی تانگۆ هاوشێوەی مارادۆنا دان بە مێسی دا بنێن ئەگەر نەتوانێت نازناوێکی مۆندیالیان بۆ بباتەوە.
ئەرجەنتینییەکان بە سەرسەختی و حەماسە زۆرەکەیان ناسراون
مێسی ئەمە پێنجەمین مۆندیالە بەشداریی دەکات، لە چوار پاڵەوانێتیی رابردوودا شکستی هێنا لە بردنەوەی نازناوەکە، ئەگەرچی لە یەکێکیاندا گەیشتنە دوایین پلیکانە، بەڵام دێوەزمەی ئەڵمانیا خەونەکەی لەباربردن.
ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە تەمەنی گەیشتووەتە 35 ساڵ، بۆیە پێناچێت مۆندیالی شەشەم ئەنجامبدات، خۆیشی لەدوایین چاوپێکەوتنیدا هەمان شتی گوت “مۆندیالی 2022 دوایین مۆندیالم دەبێت”. هەربۆیە لەگەڵ هاوڕێکانیدا شەڕی مان و نەمان دەکات.
بەگوێرەی نوسینگەکانی گرەو، ئەرجەنتین لەدوای بەرازیلەوە پاڵێوراوی دووەمە بۆ بردنەوەی نازناوەکە. بەشێوەیەکی گشتیی چاودێران نازناوی ئەمساڵ دەدەنە هەڵبژاردەیەکی ئەمریکای لاتین، بە دیاریکراویش ئەرجەنتین و بەرازیل.
رەنگە ئەمە بۆ مێسی دڵخۆشکەر بێت، لەوەیش زیاتر تیمەکەی لە ساڵی 2019ەوە هیچ یارییەکیان نەدۆڕاندووە، ئەگەر دوو یاریی دیکە بەبێ شکست کۆتایی پێبهێنن، ئەوا مێژوویەک تۆماردەکەن کە لەهیچ سەردەمێکدا وێنەی نەبووە: 38 یاری بەبێ شکست.
لیۆنێل مێسی لەگەڵ لیۆنێلەکەی دیکە واتە لیۆنێل سکالۆنی راهێنەر، تاوەکو رادەیەکی زۆر پێکەوە گونجاون، راهێنەرە گەنجەکە تیمێکی دروستکردووە کە لە زمانی شکست تێناگات، مێسییش هەر ئەمەی دەوێت.
هەنگاوی یەکەمی مێسی روبەڕوبونەوەی سعودیەیە، هەڵبژاردەیەکی تاڕادەیەک لاواز لە نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە. هەنگاوی دووەم و سێیەمیشی یاریکردن دەبێت بەرامبەر مەکسیک و پۆڵەندا، بەڵام هیچ شتێکی دیکە روون نییە. لە قۆناغی شانزەوە هەموو ئەگەرێک کراوە دەبێت، لەگەڵیشیدا هەموو هەڵەیەک کارەسات دەخوڵقێنێت.
مێسی ئەمڕۆ دەستپێدەکات، بەڵام دیار نییە 18ی مانگ لە لۆسێل دەبێت یاخود لە بۆینس ئایرس؟