زووم..
رۆژنامە عەرەبیەکان

شەرقلئەوسەت
سعودیە ئۆتۆمبێلى کارەبایی دروستدەکات
محەمەد ساحب، بریکارى وەزارەتى وەبەرهێنانى سعودیە رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا وڵاتەکەى 740 هەزار ئۆتۆمبێلى فرۆشتووە، کە دەکاتە نیوەى ئەو ژمارەیەى وڵاتانى هاریکاری کەنداو فرۆشتوویانە.
ئاماژەى بەوەشکرد، یەکەمین کۆمپانیاى وەبەرهێنانى ئۆتۆمبێلى کارەبایی لە سعودیە کراوەتەوە، سندوقى سیادی سعودیەش رایگەیاندووە، تواناى راکێشانى کۆمپانیا بیانیەکانیان هەیە و لە ئێستادا بەبڕی 149 ملیۆن دۆلار لەکاردان و تاوەکو ساڵی 2030 وەبەرهێنانى ناوخۆیی دەگاتە 30% .
سندوقەکە رایگەیاندووە لە ساڵی 2023ـەوە کۆمپانیاى ئیفیک لە سەرانسەرى وڵاتەکەدا شوێنى بارگاویکردنەوەى ئۆتۆمبێلیان دابینکردوە، کە دەبێتە هۆی بەرزبونەوەى خواست لەسەر ئۆتۆمبێلى کارەبایی.
بەگوێرەى راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان تەنها لە ماوەى دوو ساڵی رابردوودا 160 هەزار ئۆتۆمبێلى کارەبایی هاوردەى سعودیە کراوە.
سەباح
بە بەشداریی عێراق ئەمڕۆ پەرلەمانى عەرەبى کۆدەبێتەوە
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانى عەرەبی لە قاهیرە کۆببێتەوە و دەستپێکى کۆبوونەوەکەش لە لیژنەکانەوە دەستپێبکات، لەم کۆبوونەوەیەدا تیشک خراوەتە سەر هەردوو لیژنەى سیاسەتى دەرەوە و ئاسایشى نیشتمانى بەمەبەستى تاوتوێکردنى دۆخی سیاسی و ئاسایشى وڵاتانى عەرەبی بەتایبەتى ئەو دۆخەى لە فەلەستین دەگوزەرێت.
بڕیارە هەر یەک لە حەنان فەتلاوى، نازم شبلی، ئەحمەد جبور و شەعلان کەریم بەشداریی تێدا بکەن، بڕیاریشە لە کۆبوونەوەى گشتیدا، کە دەکەوێتە رۆژى شەممەى داهاتوو لە بارەگاى کۆمکارى وڵاتانى عەرەبی بەڕێوەبچێت، هەندێک بابەتى دیکەى ئابوورى و یاسایی و کێشەکانى ژنان و لاوان لە راپۆرتێکدا بخرێتە بەرباس و بڕیاریان لەبارەوە بدرێت.
دەستور
تورکیا پارەى ڤیزا لە دوو تەمەنى جیاواز وەرناگرێت
عومەر بەرزنجی، بریکارى وەزارەتى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، لەگەڵ تورکیا رێککەوتوون رسوماتى ڤیزا لە منداڵانى خوار 15 ساڵ و ئەو کەسانەى تەمەنیان لە سەروو 50 ساڵەوەیە وەرنەگرێت.
بەگوێرەى گوتەکانى بەرزنجی، ڤیزاى تورکیا لەنێوان 130 بۆ 200 دۆلاردایە و ماوەى مانەوەى هاووڵاتى لە تورکیا بڕەکەى دیاری دەکات.
بڕیارەکە لە کۆبوونەوەیەکى باڵیۆزی تورکیا لە گەڵ وەزارەتى دەرەوەى عێراقدا دراوە.
دەڵێت، هەردوولاش رێککەوتون لە سەر رادەستکردنەوەى داواکراوانى هەردوولا بەتایبەتى ئەوانەی پەیوەندییان لە بابەتى تیرۆر و گەندەڵی دارایی و کێشەى یاساییەوە هەیە.
عەرەب
موچەخۆری بندیوار کێشەى هێزە ئەمنی و سەربازییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستانە
غالب محەمەد، ئەندامى خولی پێشووى پەرلەمانى عێراق بە بەغداد ئەلیەومى راگەیاندووە، بندیوارى نێو فەرمانبەرانى مەدەنى بە بەراورد بە هێزەکانى پێشمەرگە و ئاسایش و هێزە ئەمنیەکان زۆر کەمترن، بندیوارەکان کێشەى سەرەکیی نێوان هەولێر و بەغدادە و تائێستاش بەشەرمەوە دەستى بۆدەبەن، بۆیە بۆیان چارەسەرناکرێت و هۆکارەکەشى بۆ دەستوەردان و هەژموونى حزبە دەسەڵاتدارەکانى کوردستان گەڕاندوەتەوە.
راشیگەیاندووە، پەتاى بندیواریی لە هێزە عێراقییەکانەوە گوازراوەتەوە بۆ هەرێمى کورستان.
بەگوێرەى گوتەکانى غالب محەمەد بندیوارەکانى نێو سوپاى عێراق هۆکاربوون، کە هێزە سەربازییەکانى عێراق لە ساڵی 2014 لەبەردەم هێرشى داعش خۆیان بۆ نەگیرا و بەشێکى زۆر لە خاکى عێراق کەوتە دەستى ئەو گرووپە و بە یەکێک لە هۆکارەکانى یەکنەگرتنەوەى هێزى پێشمەرگەى کوردستانى زانیوە
رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی تەلەگراف
لە دیداری سەرکردەکانی جیهان کلۆنی داوا لە بایدن دەکات واز لە کاندیدبوون بهێنێت
جۆرج کلۆنی، ئەکتەری ناوداری ئەمریکی داوای لە جۆ بایدن کرد کۆتایی بە هەڵمەتی هەڵبژاردن بهێنێت.
ئەم داوایە لەکاتێکدا بوو، کە بایدن لە واشنتنی پایتەخت پێشوازی لە ئەو سەرکردانەی جیهان دەکرد بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ.
کلۆنی ئەکتەرێکی دیاری هۆلیوودە. ئەو لەو سەرمایەدارانەیە بە بەخشینی پارە کۆمەکی دارایی پێشکەشی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی دیموکراتەکان دەکات.
لەو بۆنەیەدا گوتی، بایدن ئێستا هەمان ئەو کەسایەتییە نییە دەنگدەران لە ساڵی 2010 بینیان و پاشانیش سەرکەوت تاوەکو بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتیی وڵات.
تایمز
کەسێک بە کوشتنى هاوسەر و دوو کچێکى بێژەرێکى وەرزشیی بی بی سی تۆمەتبار دەکرێت
یەکێک لە سێ کوژراوەکە کچە گەنجەکەی خێزانەکەیە، پەیوەندیی خۆشەویستیی لەگەڵ بکوژەکەدا هەبووە.
خێزانی بێژەرێکی وەرزشیی کەناڵی بی بی سیی بەریتانی کە بریتی بوون لە دایکێک و دوو کچ پێکەوە بە تیروکەوان کوژران.
گومان لە سەربازێکی پێشووی سوپا دەکرێت ئەم تاوانەى ئەنجامدابێت، کە پەیوەندیی خۆشەویستیی لەگەڵ کچە بچووکەکەیاندا هەبووە. بۆیە پۆلیس بەدوای کەسی گومانلێکراودا دەگەڕێت، کە ناوی کایڵ کلیفۆردە و تەمەنی 26 ساڵە. رۆژنامەکە نووسیویەتى، تۆمەتبارەکە چووەتە سەر ماڵی جۆن هەنتی بێژەری وەرزشیی پێشبڕکێی ئەسپسواری لە کەناڵی بی بی سی، ژنەکەی و هەردوو کچەى کوشتووە.
ژنەکە ناوی کارۆڵە و تەمەنی 61 ساڵە، کچە گەورەکەی ناوی هانایە و تەمەنی 28 ساڵە، کچە بچووکەکەشیان ناوی لویزایە و تەمەنی 25 ساڵە.
فاینەنشیەڵ تایمز
هەندێک پێکهاتەی ئەو موشەکە روسییەی نەخۆشخانەیەکى منداڵانی لە کیێڤ بۆردومانکرد لە رۆژئاوا دروستکراون
ئەو موشەکەی ئەم هەفتەیە نەخۆشخانەکەی چارەسەرکردنی شێرپەنجەی لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراین وێرانکرد، هەندێک لە پێکهاتەکانی لە وڵاتێکی رۆژئاوا دروستکرابوون.
موشەکەکە لە جۆری کەی ئێچ 101 ئێسە. زۆر پێشکەوتووە.
روسیا لە ساڵی 2022ـدا و بە ماوەیەکی کەم پێش پەلاماردانی ئۆکراین دەستی کەوتووە، بەشێکی پێکهاتەکانی لە ئەمریکا دروستکراون.
واشنتن پۆست
ترەمپ بڕیار دەدات ئەرکی سەرکردەکانی ناتۆ چییە
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکى پێشووی ئەمریکا هیچ کورسییەکی بەشداریکردنی نییە لەنێو دانیشتنەکانی سەرکردەکانی ناتۆدا، کە ئەم هەفتەیە لە واشنتن دی سی دیدار و کۆبوونەوەیان هەیە، بەڵام کاتێک ئەم سەرکردانە گفتوگۆ لەبارەی کاری ئایندەی خۆیانەوە دەکەن، ئەو چاوەڕوانییەیان هەیە ترەمپ یەکێک بێت لە سەرکردە کاریگەرەکانی داهاتوو.
ئێستا قسەوباسەکانی دیدارەکەیان گەیشتووە بە گەنگەشەکردنی بڕی ئەو یارمەتییە سەربازییانەی دەبێت سەرکردایەتیی سوپای ئەمریکا بڕیاری لێبدات بۆئەوەی پێشکەشی ئۆکراین بکرێت.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
دیمەشق سەردانەکەى سەرۆکی جەهەپە پەسەند دەکات
بورهانەتین بوڵوت، یاریدەدەرى سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، بۆ سەردانى سەرۆکیى جەهەپە بۆ دیمەشق، دەسەڵاتی سوریا وەڵامی ئەرێنی داوینەتەوە.
ئەو دەڵێت، جەهەپە خاوەن پێگەی سیاسییە لە سوریا، ئێمە رامانگەیاندووە بە زووترین کات هیوادارین سەرۆکی پارتەکەمان ئەو سەردانە ئەنجام بدات.
بورهانەتین بوڵوت رایگەیاند، چاوەڕێ دەکەن دیمەشق کات و شوێنی دیدارەکە بە پارتەکەمان رابگەیەنێت، تاوەکو سەرۆکی پارتەکە سەردانەکە ئەنجامبدات.
سۆزجو
لە تورکیا 40 هەزار شوانی بیانى هەن
عومەر بۆلات، وەزیرى ئابووریی تورکیا رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانى ئەفغانستان لە کۆبوونەوەداین بۆئەوەى هەلی کار بۆ شوانی ئەفغانی لە تورکیا بڕەخسێنن.
ئەو دەڵێت، لە تورکیا 40 هەزار شوانی ئەفغانی هەن و پێویستمان بە شوانی دیکەیە، بۆئەوەى کەرتی ئاژەڵداری ببوژێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە حکومەت شاندێکی بۆ ئەفغانستان ناردووە .
تورکیا
تورکیا لەسەر سنوورەکانى رێڕەوی ئەمنیی دروستدەکات
یەشار گولەر، وەزیرى بەرگریی تورکیا رایگەیاند، تورکیا بە قوڵی 30 بۆ 40 کیلۆمەتر رێڕەوى ئەمنی لەسەر سنوورى وڵاتەکەى لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروستدەکات.
ئەو دەڵێت، ئامانج لەو رێڕەوە بۆ رێگرییە لە دروستکردنى هەرێمێکی “تیرۆریستان” لە ناوچەکە.
هاوکات وەزیرى بەرگریی تورکیا رایگەیاندووە، تورکیا رێگەنادات ناوچەی دەریاى رەش بکرێتە مەیدانى ململانێی شەڕ.
میللییەت
لە ساڵ و نیوێکدا 474 ژن لە تورکیا کوژراون
عەلی یەرلیکایا، وەزیرى ناوخۆى تورکیا لە پەرلەمانى وڵاتەکەى رایگەیاند، لە ساڵى 2023ـدا بەهۆى توندوتیژیی پیاوان بەرامبەر بە ژنان 308 ژن کوژراون. لە شەش مانگی سەرەتاى ئەمساڵیشدا 166 ژن کوژراون.
یەرلیکایا رایگەیاندووە، توندوتیژىی بەرامبەر بە ژنان لە تورکیا روو لە زیادبوونە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئاسیا
ئینستاگرامی فلتەرکراو گرنگترین تۆڕی ئێرانییەکان
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئینستاگرام، واتساپ و فەیسبوک ماوەیەکی زۆرە لە ئێران رووبەڕووی فلتەرکردنی بەرفراوان بوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا فلتەرکردن بەکارهێنەرانی ئەم تۆڕانەی کەم نەکردووەتەوە.
لە ئەنجامی راپرسیی نیشتمانیی کولتووری سۆشیال میدیا لە ئێران، دەرکەوتووە کە لە پێنج سۆشیاڵ میدیای بەناوبانگدا ئێرانییەکان 72%ـیان ئینستاگرام بەکاردەهێنن، 52%ـیان تێلیگرام و 46%ـیان واتساپ و 42%ـیان خەڵکی بەرنامەی ئێرانی روبیکا بەکاردەهێنن.
ئەبرار
رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی پزیشکان لە 30 ئەم مانگەدا بەڕێوە دەچێت
ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانى ئێران رایگەیاند، 19 رۆژی دیکە، رێوڕەسمى دەستبەکاربوونی مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆمارى هەڵبژێردراو بەڕێوەدەچێت.
موجتەبا یوسفی گوتی، بەگوێرەی یاسا رێوڕەسمى دەستبەکاربوونی سەرۆکی هەڵبژێردراو دوای قبووڵکردنی فەرمانی سەرۆککۆمارە لەلایەن رێبەری ئێران و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزەران، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و بەرپرسانی دیکەی نیشتمانی و سەربازی لە پەرلەمان ئەنجام دەدرێت و سەرۆکی هەڵبژێردراو بە پشتبەستن بە مادەی 121ـى یاسای بنەڕەتی سوێند دەخوات، کە هەموو لێهاتووییەکانی بەکاربهێنێت و ئەو بەرپرسیارێتیانەی لە ئەستۆی گرتووە جێبەجێی بکات و لە کۆتاییدا سوێندەکە واژۆ دەکات.
ئەسکەناس
کرێی خانوو لە ئێران 50% بەرزبووەتەوە
سەرۆکی سەندیکای راوێژکارانی خانووبەرەی تاران رایگەیاند، کرێی خانووبەرە لەمساڵدا بە رێژەی 50% زیادی کردووە و ماوەی چاوەڕوانی بۆ کڕینی خانوو گەیشتووەتە 41 ساڵ.
داود بێگینژاد، لە بەرنامەی تەلەفزیۆنیدا گوتی، بەداخەوە دەبێت قبووڵی بکەین خەڵک توانای کڕینی خانوویان نەماوە و نرخی خانووبەرە بە رێژەی 10% و کرێی خانوو بە رێژەی 50% بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرزبووەتەوە.
مەردوم سالاری
سەردار عەلی وەلیپوور، بەرپرسی پۆلیسی تارانی گەورە رایگەیاند، لە تاران 105 کەس بە تۆمەتى دزى دەستگیرکران، تۆمەتبارن بە دزیکردن لە ماڵ و تەلەفۆن لەسەر شەقامەکان.
دەڵێت، 33 لەو کەسانەی دەستگیرکراون وەک باندێک دزییان دەکرد و بڕێکی زۆر موڵکی دزراو و چەندین چەک و 360 مۆبایل دەستی بەسەرداگیراوە.